رۆژنامەی ھەولێر

عێراق، نەوتەکەی 25 دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی دەفرۆشێت

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

عێراق پێویستی بە پارەیە و بۆ ئەوەی نەوتەکەی بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهانی ناچارە بۆ ڕاکیشانی سەرنجی کڕیاران و هاندانیان بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق داشکانی گەورەیان بۆ بکات. عێراق قەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی گەیاندووەتەوە پێش ئاستی جەنگ، بەڵام بیست تا بیست و پێنج دۆلار هەرزانتر لە نرخی جیهانیی نەوت دەیفرۆشێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئینرجی کە بنکە سەرەکییەکەی لە واشنتنە زۆربەی ئەو نەوتەی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهانی ڕەوانە دەکات لە لایەن هیندستان دەکڕدرێت و لە بەندەرەکانی عێراق لە باشوورەوە لە کەشتیەکان دەکرێن و دوای گواستنەوەیان لە گەرووی هورمز بەرەو وڵاتانی جیهان دەگوازرێنەوە.
سەلیم ڕوکابی گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە نەوتی عێراق بە نرخی جیاواز دەفرۆشرێن و هۆکاری ئەوەی بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕەکانی جیهانی بە کڕیارانی دەدەن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خەرجییەکانی گواستنەوە و بیمەی کەشتییەکان زۆر بەرزە و هەموو ئەو خەرجییانەش لەسەر شانی کۆمپانیاکانە و بۆیە ئەگەر هەرزانتر پێیان نەفرۆشرێت ئامادە نین نەوتەکە بکڕن.
ئەو پشتڕاستی نەکردەوە عێراق بیست و هەشت دۆلار هەرزانتر لە نرخی جیهانیی نەوت بەرهەمەکەی ساخ دەکاتەوە بەڵام گوتی هیچ زانیارییەکی فەرمی لا نییە وەزارەتی نەوتی عێراق بە چ نرخێک نەوت دەفرۆشێت.
ماڵپەڕەکە ئەمریکییەکە باسی لەوە کردووە کە هەندێک کات عێراق تەنانەت سی و دوو دۆلار هەرزانتر نەوتەکەی فرۆشتووە.
یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە عێراق لە فرۆشتنی گواستنەوەی نەوت داهاتی کەمتری دەستکەوێت ئەوەیە خۆی نەیتوانیوە پەرە بە کەرتی گواستنەوەی دەریایی بدات و عێراق تەنیا چوار کەشتیی نەوتهەڵگری هەیە لە کاتێکدا دەبوایە ژمارەی کەشتیی زیاتری هەبوایە و ئەو کات ناچار نەدەبوو ئەو هەموو داشکانە بۆکۆمپانیاکان و کەشتییەکانی وڵاتانی دیکە بکات
بەپێی نوێترین ئامارەکانی سۆمۆ، بەهای هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، گەیشتووەتە زیاتر لە سی و حەوت ملیار دۆلار. لەو ماوەیەدا عێراق زیاتر لە پێنجسەد و سی و سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە.
عێراق لە کێڵگەکانی باکوور نزیکەی پەنجا و یەک ملیۆن بەرمیل و لە هەرێمی کوردستانیشەوە زیاتر لە بیست و پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کە بە تێکڕا ڕۆژانە دەکاتە نەوەد و سێ هەزار بەرمیل.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی عێراق هەبووە و ئەوەی عێراق لە ماوەی پێنج مانگ دەبوایە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهانی بکات لە ماوەی نۆ مانگدا ناردوویەتی و ئەمەش دەیسەلمێنێت کۆی هەناردە بۆ نیوە دابەزیوە. حکوومەتی عێراق تا بەر لە جەنگ ڕۆژانە سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکان دەکرد و مانگانە قەبارەکەی دەگەیشتە زیاتر لە سەد ملیۆن بەرمیل.
ئێستا عێراق بڕێکی گونجاوی نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات و لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هەر بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە سەد و حەڤدە دۆلار دەفرۆشرێت کە نرخێکە چوار ساڵە بازاڕی نەوت بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئەگەر عێراق تەنانەت بتوانێت بەم شێوەیە لە فرۆشتنی نەوت بەردەوام بێت و نرخی نەوتیش لەم ئاستە بەرزەدا بمێنێتەوە ئەوا ئاسانتر دەتوانێت کورتهێنانی بودجەکەی پڕ بکاتەوە و خەرجییەکانی خۆی دابین بکات. بەڵام ئەگەری جەنگ و دووبارە داخستنی هورمز وا دەکات عێراق جارێکی دیکە لە فرۆشتنی نەوت و داهاتەکەی بێبەش ببێت.