رۆژنامەی ھەولێر

بڕیارێکی گرنگ بۆ دەرچووانی خوێندنی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایگەیاند، دەرچووانی خوێندنی ئیسلامیی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف، دەتوانن بەپێی پسپۆڕی و تایبەتمەندی لە زانکۆکانی کوردستان درێژە بە خوێندن بدەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: بە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان، بە هەوڵ و جەختکردنەوەی بەردەوامی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و پاش ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، نووسراوی فەرمی ئاراستەی سەرجەم زانکۆکانی کوردستان کرا بە مەبەستی دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر وەرگرتنی دەرچووانی خوێندنی ئیسلامیی سەر بە وەزارەت بەپێی پسپۆڕی و تایبەتمەندی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا سوپاس و پێزانین ئاراستەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، کە هاوئاهەنگ بوون بۆ پاراستنی مافی دەرچووانی خوێندنی ئایینی و گەیشتن بە بڕیارێکی پێویست لە بەرژەوەندیی قوتابییاندا.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیدا، پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەو قوتابییانە کراوە کە لە زانکۆکاندا وەردەگیرێن و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازییان بۆ خوازراوە.