ماكوان عێزەت – ههولێر
سەرەڕای ئەوەی پشکنینی پزیشکیی دەوری بۆ هەردوو ڕەگەز پێویستییەکی تەندروستیی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام داتاکان دەریدەخەن کە پیاوان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاتر لە ژنان لەم پرسەدا کەمتەرخەمن و سەردانی کلینیک دوا دەخەن. پسپۆڕانی تەندروستی جەخت دەکەنەوە کە تەمەنی سەروو چل ساڵان لە پیاواندا قۆناغێکی هەستیارە و فەرامۆشکردنی نیشانە سەرەتاییەکان دەشێت مەترسیی ڕاستەوخۆ بخاتە سەر ژیانیان، بۆیە چەند تاقیکارییەکی بنەڕەتی هەن کە ناکرێت بە هیچ جۆرێک پشتگوێ بخرێن.
شەکرە و پاراستنی دڵ
پشکنینی ساڵانەی ڕێژەی شەکری خوێن (گلوکۆز) لە پێشینەی ئەو تاقیکارییانەیە کە پێویستە بەردەوام بەدواداچوونی بۆ بکرێت. کۆنترۆڵکردنی ڕێژەی شەکر نەک تەنیا ڕێگری لە نەخۆشیی شەکرە دەکات، بەڵکوو ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.
بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە؛ لە پێستەوە بۆ پرۆستات
هەرچەندە هۆکارە بۆماوەییەکان دەوری سەرەکی دەگێڕن لە سەرهەڵدانی شێرپەنجەدا، بەڵام دەستنیشانکردنی پێشوەختە کلیلی ڕزگاربوونە:
• شێرپەنجەی پێست: پێویستە ساڵانە لەلایەن پسپۆڕی پێستەوە بە وردی چاودێری بکرێت.
• شێرپەنجەی پرۆستات: یەکێکە لە باوترین شێرپەنجەکان لە نێو پیاواندا، بە جۆرێک لە ئاستی جیهانیدا نزیکەی لە هەر حەوت پیاو یەکێکیان تووشی دەبێت؛ بۆیە تاقیکاریی ماوەماوە بۆ کۆنترۆڵ و دیاریکردنی پێشوەختەی ئەم نەخۆشییە پێویستییەکی حەتمییە.
کۆئەندامی هەرس و کۆلۆن
کێشە و نەخۆشییەکانی ڕیخۆڵە و کۆلۆن لە پیاوانی سەروو چل ساڵدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن. هۆشیاری لە نیشانە سەرەتاییەکان و ئەنجامدانی پشکنینی تایبەت، هۆکارێکی گرنگە بۆ پێشگرتن لە گرێ و شێرپەنجەی کۆلۆن.
پەستانی خوێن و کۆئەندامی هەناسە
• پەستانی خوێن: وەک “بکوژە بێدەنگەکە” ناسراوە و هۆکاری سەرەکیی جەڵتەی دڵ و مێشکە، بەتایبەت لە پیاوانی سەروو پەنجا ساڵدا؛ پسپۆڕان پێشنیار دەکەن مانگانە پێوانە بکرێت.
• سییەکان و بۆرییەکانی هەوا: لە ئێستادا شێرپەنجەی سییەکان و هەوکردنی بۆرییەکانی هەوا بەرزترین ئاماریان لە نێو پیاواندا تۆمار کردووە، هەربۆیە پشکنینی تیشکی و دەوری بۆ پاراستنی کۆئەندامی هەناسە بایەخێکی چارەنووسگۆڕی هەیە.
لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا خانەکانی جەستە بەرەو لاوازی دەچن و بەرگریی لەش دادەبەزێت. ماوەماوە خۆدانەبەرپشکنینی پزیشکی باشترین وەبەرهێنانە لە تەندروستیدا و نیشانەی هۆشیارییە، نەک بێهێزی؛ گۆڕینی کەمتەرخەمی بۆ خۆپارێزی تاکە ڕێگەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە تەمەندرێژی و لەشساغی.

