ئەژین عەبدوڵڵا – ههولێر
دڵ بە گرنگترین ئەندامی جەستە دادەنرێت؛ بزوێنەرێکی بەردەوامە بۆ گەیاندنی خوێن، ئۆکسجین و ماددە خۆراکییەکان بە سەرجەم خانەکان. سەرەڕای ئەم گرنگییە زانستی و ژیانییە، بەشێکی زۆر لە ئێمە لە ڕێگەی هەڵسوکەوت و شێوازی ناتەندروستی ژیانەوە، ڕۆژانە زیانی کوشندە بەم ئەندامە دەگەیەنین. پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن کە دەستبەرداربوون لە شەش خووی هەڵەی باو دەتوانێت ڕاستەوخۆ تەمەنی دڵ درێژ بکات و ژیان لە مەترسیی جەڵتە و لەکارکەوتن بپارێزێت.
١. زیادەڕەوی لە مەی و ئارەقخواردنەوەدا
زیادەڕەوی و بەردەوامی لە خواردنەوەی کحوول گورزێکی وێرانکەر لە ماسوولکەکانی دڵ دەوەشێنێت. جیا لەوەی کحوول زیانی ڕاستەوخۆ بە جەرگ، مێشک، توانای بیرگە و ئێسکەکان دەگەیەنێت، لێکۆڵینەوەی پزیشکی دەریانخستووە کە پێداچوونەوە و کەمکردنەوەی خواردنەوە کحوولییەکان، دەتوانێت ڕێژەی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ بە شێوەیەکی بەرچاو تا ٥٠٪ کەم بکاتەوە.
٢. زیادهڕەوی لە خوێ و سوێریدا
خوێ لە ژەمەکاندا پێویستە، بەڵام زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیدا کاریگەریی پێچەوانەی هەیە؛ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و زیانگەیاندن بە دیواری لوولەکانی خوێن. ئەم بارگرانییە بەردەوامە مەترسیی تووشبوون بە ڕەقداگەڕانی دەمارەکان و جەڵتەی لەناکاوی دڵ بە شێوەیەکی خێرا بەرز دەکاتەوە.
٣. تەمبەڵی و نەبوونی چالاکیی وەرزشی
نەبوونی جووڵە هۆکاری سەرەکییە بۆ قەڵەوی، کۆبوونەوەی چەوری لە ناوچەی سک و تووشبوون بە شەکرەی جۆری دووەم؛ ئەمانەش هەموویان هۆکاری بنەڕەتین بۆ نەخۆشکەوتنی دڵ. کە وەرزش و جووڵە نەبوو، سووڕی خوێن خاو دەبێتەوە و گەیشتنی ئۆکسجینی پێویست بە ماسوولکەی دڵ کەم دەبێتەوە.
٤. پشتگوێخستنی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ
تەندروستیی دەروونی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دڵەوە هەیە. خەمۆکی و دڵەڕاوکێی بەردەوام کۆئەندامی بەرگری دادەبەزێنن و دەبنە هۆی دەردانی بەردەوامی هۆرمۆنەکانی سترێس وەک کۆرتیزۆڵ. پشتگوێخستنی چارەسەری دەروونی و دەرماننەکردنی خەمۆکی، دڵ بەرامبەر بە نەخۆشییەکان بێبەرگری و لاواز دەکات.
٥ دووکەڵ و کێشانی جگەرە
جگەرە بکوژێکی بێدەنگی دڵ و دەمارەکانە. بەپێی ئامارە جیهانییەکان، نزیکەی ٣٠٪ی نەخۆشییەکانی دڵ بەهۆی کێشانی جگەرەوە سەر هەڵدەدەن. ماددە ژەهراوییەکانی نێو دووکەڵی جگەرە هاوکات سەرچاوەی سەرەکین بۆ شێرپەنجە و گیرانی یەکجارەکیی لوولەکانی خوێن.
٦. کەمخەوی و تێکچوونی کاتەکانی خەو
خەوی کەمتر لە ٧ کاتژمێر لە شەودا، دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەکان و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. پشوونەدانی جەستە دەرفەتی خۆنوێکردنەوە لە ماسوولکەکانی دڵ زەوت دەکات، ئەمەش لە ماوەیەکی درێژدا دەبێتە هۆی لاوازبوون و لەکارکەوتنی پێشوەختەی دڵ.
گۆڕینی ئەم هەڵسوکەوتانە و گرتنەبەری شێوازێکی بێوەی و تەندروست، هەر لە کەمکردنەوەی خوێ و جگەرە نەکێشانەوە تا وەرزش و ڕێکخستنی کاتەکانی خەو، هەنگاوگەلێکی سادەن کە گەورەترین پارێزبەندی بۆ تەندروستیی دڵ دابین دەکەن.

