رۆژنامەی ھەولێر

یانەی بەرشلۆنە بۆ لە باشترین دۆخیدا بەرانبەر ریاڵ مەدرید دۆڕا؟

ئەسعەد ئیسماعیل – هە‌ولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

لە ژمارەی ئەمڕۆدا سەرنج دەخەینە سەر یاریی کلاسیکۆ، کە هەرچەندە بەشی زۆری پێشبینییەکان و خاڵە ئەرێنییەکان لە بەرژەوەندیی بەرشلۆنەدا بوو، بەڵام ریاڵ مەدرید سوودی لە چەند تاکتیکێک وەرگرت و سێ خاڵی گرنگیان لە بەرشلۆنەوە بردەوە مەدرید. ژمارەی خاڵەکانیشیان لە ٦ خاڵەوە بۆ سێ خاڵ کەم کردەوە.

یانەی بەرشلۆنە بۆ لە باشترین دۆخیدا بەرانبەر ریاڵ مەدرید دۆڕا؟
لە یاریی کلاسیکۆدا، بەرشلۆنە بەشی زۆری چاوەڕوانییەکانی ئاوەژۆ کردەوە و لە نێو یاریگەی خۆیدا بەرانبەر ڕکەبەر دێرینەکەی شکستی خوارد. هەرچەندە هەر لە پێشەنگدا مایەوە، بەڵام ئەو یارییە ڕەنگە ببێتە خاڵی وەرچەرخان. جیاوازییەکە بۆ سێ خاڵ کەم بووەوە و ورەیەکی دیکە بە یاریزانانی ریاڵ مەدرید بۆ یارییەکانی داهاتوودا درا. بەو جۆرە ڕکەبەرییەکان لەسەر پێشەنگی و پلەکانی پێشەوە توندتر دەبێت و ریاڵ مەدرید لە بێهیوایی ڕزگاری بوو، کە هەندێک پێیان وابوو لە ئێستەوە لە بردنەوەی ناسناوی لا لیگا بێبەش بووە.

بەرشلۆنە پێشەنگە، بەڵام ریاڵ پێش کەوت
لەگەڵ ئەنجامی ئەم یارییە، ڕیاڵ مەدرید لە ژمارەی بردنەوەکانی کلاسیکۆی خولی ئیسپانیا پێش بەرشلۆنە کەوت.
بە پێی ئاماری بڵاوکراوە، پێش یارییەکە هەردوو تیم ١٠٦ بردنەوەیان لە یارییەکانی خولدا هەبوو، بەڵام بردنەوەی ڕیاڵ مەدرید ئەو ژمارەیەی کردە ١٠٧ بەرانبەر بە ١٠٦ بۆ بەرشلۆنە.
هەروەها، ئەمە یەکەم بردنەوەی ڕیاڵ مەدرید بوو لە سپۆتیفای کامپ نۆ لە ماوەی سێ ساڵدا.
ئەم ژمارانە بۆ مێژووی ڕکابەرییەکە گرنگن، بەڵام نابێت لەبیر بکرێت کە ژمارەی بردنەوە مێژووییەکان بە تەنیا ناتوانێت ئاستی ئێستای تیمەکان دیاری بکات و دۆخیانی پێ بپێورێت.
گرنگتر ئەوەیە ڕیاڵ مەدرید توانی لە یارییەکی گرنگدا، لەسەر زەویی ڕکابەرەکەی، ئەنجامێکی گرنگ بەدەست بهێنێت و جیاوازیی خاڵەکان کەم بکاتەوە و واشی کرد.

شێوازەی مۆرینهۆ سوودی دا
هەرچەندە هانز فلیکی راهێنەری یانەی بەرشلۆنە، بەوە ناسراوە کە پشت بە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ و هێرش و دروستکردنی ڕووبەر دەناسرێ، بەڵام ڕیاڵ مەدرید بە سەرپەرشتیی خۆزێ مۆرینیۆ، توانی لە بەشی زۆری کاتی یارییەکەدا، بە کۆنتڕۆڵی بەرگری و گواستنەوەی خێرا بۆ هێرش، سوود لە هەلەکانی وەربگرێ و ئاکام سەرکەوتن بووە بەشی.
ئەوەی لەو یارییەدا دەرکەوت، ئەوە بوو کە ڕیاڵ مەدرید لە کاتی گرنگدا بە باشی هەلەکانی بەکارهێنا و توانی ئەنجامی کۆتایی بە قازانجی خۆی بگۆڕێت.

بردنەوەیەک کە لە سێ خاڵ گرنگتر بوو
دوای زنجیرەیەک ئەنجامی باشی یانەی بەرشلۆنە، بردنەوەی ریاڵ مەدرید بە ئەنجامی ٢-١ گۆڵ، ئەنجامێکی گرنگی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا بوو. ڕاستە کە بەرشلۆنە لە ڕووی کۆنتڕۆڵی تۆپ و ژمارەی هەلی گۆڵ و ‌هەوڵەکانەوە باشتر بوو، بەڵام ڕیاڵ مەدرید لە کاریگەریی هێرش و تەواوکردنی هەلەکاندا سەرکەوتوو بوو.
کیلیان ئمباپێ بە دوو گۆڵەکەی، جود بێلینگهام بە جووڵە و بەشداریی تاکتیکیی خۆی و ئێدواردۆ کاماڤینگا بە یارمەتیدانی گۆڵی یەکلاکەرەوە، بوونە سێ فاکتەری گرنگی سەرکەوتنە بایەخدارەکەی ریاڵ مەدرید.
لە بەرانبەردا، بەرشلۆنە دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ خۆی بکات و لەوە بپرسێتەوە کە بۆچی سەرەڕای کۆنتڕۆڵی زۆرتری تۆپ و ژمارەی زۆرتری هێرش، نەیتوانی ئەنجامی یارییەکە بگۆڕێت؟
ئەو ئەنجامە، گوڕی خستەوە نێو رکەبەری و ململانێیەکانی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا، چونکە سەرەڕای هەندێ بۆچوون، بەڵام دەرکەوت تەنانەت تیمی پێشەنگ ناتوانێت بە ئاسوودەیی لە پێشکەوتنی خۆی دڵنیا بێت.
هەرچەندە بەرشلۆنە لە باشتر کۆنتڕۆڵکردنی یارییەکەدا سەرکەوتوو بوو، بەڵام ڕیاڵ مەدرید لە بەکارهێنانی هەلە یەکلاکەرەوەکاندا باشتر بوو؛ جیاوازییەک کە لە کۆتاییدا چارەنووسی کلاسیکۆکەی دیاری کرد.

بەشێکی کورتی لێدوانی یاریزانان و ڕاهێنەرانی هەردوولا
* خۆزێ مۆرینیۆ، ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید:
مۆرینیۆ دوای بردنەوەکەی تیمەکەی بە ئەنجامی ٢-١، ئاماژەی بە ئاستی بەرزی یارییەکە کرد و گوتی یاریزانەکانی بە ڕێکخراوی و بوێرییەوە یارییان کرد و شایستەی ئەم بردنەوەیە بوون.
مۆرینیۆ ستاییشی ئاستی یاریزانەکانی کرد و گوتی بە ڕێک و هاوئاهەنگی و سەرنج و بوێرییەوە یارییان کرد. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەم بردنەوەیە گرنگە، بەڵام تیمەکە نابێت لە ئامانجی سەرەکیی خۆی، واتە بردنەوەی خول، غافڵگیر بێت و دەبێ هەوڵ و کۆششی بۆ ئەوە بێت.

* هانز فلیک، ڕاهێنەری یانەی نبەرشلۆنە:
نیگەرانی و دڵتەنگی لە ئەنجامەکە دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە تیمەکەی چەند هەلێکی بۆ ڕەخسا، بەڵام نەیتوانی وەکوو پێویست بیانقۆزێتەوە، پێشی وا بوو هەڵەیەکی کوشندە بووە هۆی گۆڵی دووەمی ڕیاڵ کە لە دواساتەکانی کاتی یاسایی یارییەکەدا ئمباپێ تۆماری کرد. وتیشی: بەرشلۆنە دەبێت ئاستی خۆی هەڵبەسنگێنێت و هەڵەکانی شی بکاتەوە، هاوکات ئامادەیی جەستەیی و ئاستی یاریزانانیشی بەرز بکاتەوە.

* پێدری، یاریزانی بەرشلۆنە:
پێدری دان بەوەدا دەنێت، کە بەرشلۆنە لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا لە ئاستی ئاسایی خۆی نەبوو و تۆپ لەدەستدانی زۆر هەبوو. گوتیشی تیمەکە دەبێت هەڵەکانی چاک بکاتەوە، چونکە خولەکە دوور و درێژە و هێشتا زۆری ماوە.

جواو کانسێلۆ، یاریزانی بەرشلۆنە:
کانسێلۆ پێی وایە بەرشلۆنە بە گشتی یارییەکی باشتری کردووە، بەڵام دانیشی بەوەدا ناوە کە ڕیاڵ مەدرید لە کاتی گونجاودا توانیوێتی دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و گۆڵیان پێ تۆمار بکات

* کیلیان ئمباپێ، یاریزانی ڕیاڵ مەدرید
ئمباپێ دوای بردنەوەکەی ڕیاڵ مەدرید، کە خۆی دوو گۆڵەکەی یارییەکە و یانەکەی تۆمار کرد، گوتی ئەمە سەرکەوتنێکی گرنگە و گشتییە، سەرکەوتنی بەکۆمەڵە، نەک تەنیا سەرکەوتنی تاکەکەسی. جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی تیمەکە بەردەوامبوونە لە بردنەوە و بەدەستهێنانی ناسناوی خولەکەیە.