رۆژنامەی ھەولێر

“پشکنینی پێشوەختە ڕێژەی مردن کەم دەکاتەوە”

فەزیلە شۆرش
تەندروستیی باش گەورەترین سەرمایەی مرۆڤە؛ تاکی تەندروست واتە کۆمەڵگەیەکی تەندروست. مرۆڤ بۆ هێشتنەوەی تەندروستیی باش پێویستە گرنگی بە خواردن، وەرزش و پشکنینی پێشوەخت بدات. بە تەندروستیی باش، مرۆڤ چێژ لە ژیان وەردەگرێت و ئەدای لە خێزان و کارەکەی باشتر دەبێت.
هۆشیاریی تەندروستی لە خێزانەوە دەست پێ دەکات و ئافرەتیش کۆڵەکەی خێزانە. کەواتە، گرنگە ئافرەت تەندروستیی خۆی پشتگوێ نەخات و هۆشیار بێت، چونکە تەندروستیی ئافرەت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر خودی خۆی و خێزانەکەی هەیە. پێویستە ئافرەت جاروبار پشکنینی خۆبەخۆ ئەنجام بدات، بەتایبەتی بۆ مەمک، بۆ ئەوەی ئەگەر تێبینیی هەر گۆڕانکارییەک بکات، بە زووترین کات ڕاوێژی پزیشک وەربگرێت.
بەداخەوە، هەندێک جار ئافرەتانی ئێمە ئەگەر هەست بە گرێیەک یان گۆڕانکارییەک لە مەمکی خۆیاندا بکەن، بەهۆی شەرمەوە سەردانی پزیشک ناکەن بۆ ڕاوێژکردن، و ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.
پێویستە ئافرەت لە تەمەنی ٤٥ بۆ ٥٠ ساڵییەوە هەموو دوو ساڵ جارێک پشکنینی مامۆگرافی ئەنجام بدات وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ شێرپەنجەی مەمک. ئەم پشکنینە یارمەتیی ئافرەت دەدات لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک لە قۆناغێکی سەرەتاییدا، زۆرجار پێش دەرکەوتنی هەر نیشانەیەک؛ چونکە وەرەمی شێرپەنجە بە پشکنینی مامۆگرافی زۆر زوو دەدۆزرێتەوە، سەرکەوتنی چارەسەرکردنەکەی زیاتر دەبێت، لە حاڵەتە سەرەتاییەکاندا پێویستی بە چارەسەری قورسیش نابێت، و ئەگەری ڕزگاربوون و مانەوەی ئافرەت لە ژیاندا زیاد دەکات.
ڕاستە پشکنینی مامۆگرافی هەندێک بەئازارە، چونکە مەمک بۆ چەند چرکەیەک پاڵەپەستۆی دەخرێتە سەر بۆ ئەوەی وێنەیەکی ڕوون بەدەست بهێنرێت، بەڵام سوودەکەی دەستنیشانکردنی زووی بوون و نەبوونی شێرپەنجەیە.
لە وڵاتی هۆڵەندا، بۆ نموونە، ساڵانە نزیکەی ٧،٠٠٠ وەرەم لە ڕێگەی هەڵمەتی پشکنینی مامۆگرافییەوە دەستنیشان دەکرێن؛ لە ئەنجامدا، ساڵانە ٨٥٠ بۆ ١،٣٠٠ ئافرەت کەمتر بەهۆی شێرپەنجەی مەمکەوە گیان لە دەست دەەن.
لە هەرێمی کوردستانیش، ساڵانە لە مانگی ئۆکتۆبەردا چەندین هەڵمەت بۆ پشکنینی پێشوەخت بەڕێوە دەچن. پێویستە ئافرەتان سوود لەم هەڵمەتانە وەربگرن بۆ پشکنینی پێشوەخت، تاوەکو ڕێژەی مردن بەم نەخۆشییە کەم بکرێتەوە و ئافرەت و خێزان بە ئاسوودەیی بەردەوام بن لە ژیان