بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، لە پێناو بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی، ڕەزامەندی لەسەر ٣٨ پڕۆژەی پیشەسازی لە سنووری پارێزگای هەولێر درا.
ئەمشەو یەکشەممە، 25.10.2026 بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئەندامانی لێژنە، کۆبوونەوەی لێژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی پڕۆژە پیشەسازییەکان، پێداویستییەکانیان، جۆری خزمەتگوزاری و بەرهەمەکانیان، لەگەڵ ئاستی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لێژنە، تاوتوێ و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا.
پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵ و کارەکانی لێژنە، جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم پڕۆژە پیشەسازی و وەبەرهێنانییە گەورە و مامناوەندەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکاندا بگونجێت.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بە مەبەستی فراوانکردنی چالاکییە پیشەسازییەکان و پاڵپشتیکردنی گەشەی ئابووری، ڕەزامەندی لەسەر 38 پڕۆژەی پیشەسازی درا.
لە کۆتاییدا، چەند بڕیارێکی پەیوەندیدار بە ئاسانکاری و پێشخستنی کاروباری پڕۆژە پیشەسازییەکان وەرگیرا.

