رۆژنامەی ھەولێر

لەژێر دروشمی «نووسین و گەڕان بەدوای ناسنامە لە جیهانێکی نامۆدا» دیداری ئەدەبی و فکری نووسەر ئازاد سوپحی بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25.10.2026 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سیروان عوسمان بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، توێژەران، ئەدیبان و ڕۆشنبیران، دیداری ئەدەبی و فکری ئازاد سوپحی، لەژێر دروشمی «نووسین و گەڕان بەدوای ناسنامە لە جیهانێکی نامۆدا» بەڕێوەچوو.

ئەم دیدارە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی چاڵاکییە وێژەییەکان و سەنتەرەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی دیداری قەڵەمی ئازاد، ڕێکخرابوو.

لە دیدارەکەدا، جیهانی فکری و ئەدەبی نووسەر ئازاد سوپحی و ئەزموونی نووسینی تاوتوێ کرا، بە تایبەتی ڕۆڵی ئەدەب لە گەڕان بەدوای ناسنامە، تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤ و پەیوەندیی نێوان تاک و کۆمەڵگا، لە سەردەمێکدا کە گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان پرسیارە نوێیەکانی ناسنامە و سەر بەخۆبوونی فکری دەوروژێنن.

هەروەها، گرنگیی نووسین و ئەدەب وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی ئەزموونە مرۆییەکان، پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و کردنەوەی ئاسۆی گفتوگۆی فکری و ڕۆشنبیری، یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیدارەکە.

ئەم چاڵاکییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بۆ پشتگیریکردنی نووسەران و ئەدیبان، ناساندنی ئەزموونە ئەدەبییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان نووسەران و خوێنەران بەڕێوەچوو، بە ئامانجی دەوڵەمەندکردنی ژینگەی فکری و ڕۆشنبیری و زیندوو ڕاگرتنی بزووتنەوەی ئەدەبی لەشاری هەولێر.