سهههند كۆیی
پرسی خوێندنەوە و گۆڕینی بۆ ڕەفتارێکی ڕۆژانەی جێگیر، یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگەکانی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک، چونکە ئاستی هۆشیاریی گشتی و توانای ڕەخنەگریی تاکەکان دیاری دەکات. لە ڕاستیدا گەشەپێدانی فیکری و مەعریفی بەبێ بوونی کلتورێکی تۆکمەی کتێب خوێندنەوە نایەتە دێ، بەڵام کاتێک سەیری واقیعی ئێستای خۆمان دەکەین، تێبینی دەکەین کە ئەم دیاردەیە لە پاشەکشەیەکی بەردەوامدایە. لەبەر ئەوە، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی خوێندنەوە تەنها پشکنینی دیاردەیەکی ڕووکەش نییە، بەڵکو گەڕانە بەدوای ئەو قەیرانە قووڵە کلتوری و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییانەی کە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم گەشەکردنی هزری تاکدا. له گۆشهی كهناری دووهمی ئهمجارهدا، ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئەم گرفتە دەخاتە بەر باس، بە ئامانجی تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە و دۆزینەوەی دەستپێکێک بۆ چاکسازیی فیکری.
خێرایی سەردەم و بێزاربوونی خوێنەر
قۆناغەکانی سەرەتای تەمەنی مرۆڤ گرنگترین وێستگەن بۆ چاندنی حەزی کتێب خوێندنەوە، بەڵام ناوەندەکانی خوێندن لە وڵاتی ئێمەدا، ئهگهرچی لە هەندێک وێستگەدا هەوڵی هاندانیان داوە،، بەڵکو زۆرجار لە ئاستی پێویستدا هاوکار نەبوون بۆ گەشەدانی ئەم پرۆسەیە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پڕۆگرامەکانی خوێندن زیاتر لەسەر بنەمای لەبەرکردن و تاقیکردنەوەی وشک داڕێژراون، نەک لەسەر بنەمای هاندانی قوتابی بۆ گەڕان و خوێندنەوەی دەرەکی، کە ئەمەش وا دەکات منداڵ لە تەمەنێکی بچووکەوە کتێب تەنها وەک ئەرکێکی قورسی نمرەهێنان بێنێتە بەرچاو. ئەمە جگە لەوەی نەبوونی کتێبخانەی چالاک لە قوتابخانەکاندا و نەبوونی وانەی تایبەت بە گفتوگۆکردنی بابەتە ئەدەبی و زانستییەکان، هۆکارێکی تری کزبوونی ئەم کلتورەیە. ههر بۆیه، کاتێک سیستەمی فێرکردن ناتوانێت گۆشەنیگایەکی ڕەخنەیی لای نەوەی نوێ دروست بکات، سروشتییە کە تاک لە داهاتوودا تەنها پێویستی بە سەرچاوەی ئامادەکراو هەبێت و کاتی خۆی بۆ خوێندنەوەی پەرتووک تەرخان نەکات. لە لایەکی ترەوە، لە سەردەمی ئێستادا باڵادەستیی تەکنەلۆژیا و جیهانی دیجیتاڵ هۆکارەکانی کاتبەسەربردن و کێشکردنی سەرنجی تاکیان زۆر کردووە، کە گەورەترینیان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانن. ئەم ئامرازە مۆدێرنانە جۆرێک لە زانیاریی خێرا و کورت و بێ ماندووبوون پێشکەش بە بەکارهێنەران دەکەن، .کە دەبێتە هۆی تەمبەڵکردنی مێشک و کەمکردنەوەی توانای سەرنجدانی درێژخایەن. تا ئەو ئاستەی مرۆڤی ئێستا ڕاهاتووە لە چەند چرکەیەکدا ڤیدیۆیەک ببێنێت یان دەقێکی زۆر کورت بخوێنێتەوە، بۆیە کاتێک ڕووبەڕووی پەڕتووکێکی چەند سەد لاپەڕەیی دەبێتەوە، هەست بە بێزاری و ماندوێتی دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، گۆڕانی شێوازی ژیان بەرەو خێراییەکی بێسەروبەر وایکردووە کاتەکانی حەوانەوە و خەلوەتکردن، کە پێشتر بۆ تێڕامان و کتێب خوێندنەوە بەکاردەهاتن، ئێستا بە تەواوی لەلایەن شاشە بریقەدارەکانەوە داگیر بکرێن.
لە نێوان سەختیی ئابووری و نامۆیی ژینگەی کۆمەڵایەتیدا
ناکرێت باسی کلتوری خوێندنەوە بکەین بەبێ گەڕانەوە بۆ پێوەرە ئابوورییەکانی کۆمەڵگە، چونکە سەقامگیریی دارایی ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر پێداویستییە مەعریفییەکان. کاتێک زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگا سەرقاڵی دابینکردنی بژێویی سەرەتایی ژیانیان بن و لەژێر گوشاری قورسی داراییدا بن، تەرخانکردنی کات و پارە بۆ کڕینی کتێب دەبێتە کارێکی لاوەکی. لە ڕوانگەی مرۆییەوە مرۆڤ کاتێک دەتوانێت بیر لە گەشەی ڕۆحی و فیکری بکاتەوە کە پێداویستییە جەستەیی و مادییەکانی جێگیر بن، . بۆیە بەرزیی نرخی پەرتووک و سەرچاوەکان، سەرەڕای هەبوونی کتێبخانەی گشتی لە قەزاکاندا، بەڵام نەبوونی توانای دارایی لای زۆربەی خێزانەکان بۆ کڕینی کتێبی تایبەت، وایکردووە دەستکەوتنی ئەم بەرهەمانە بۆ خوێندنەوەی بەردەوام هێشتا وەک پێویست ئاسان نەبێت. دەرئەنجام، ئەم دۆخە نالەبارە ئابوورییە وایکردووە پێگەی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکان بەپێی سەرمایە مادییەکانیان دیاری بکرێت، نەک بەپێی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیرییان، کە ئەمەش هۆشیاریی گشتی بەرەو ماددیگەرایی دەبات. هاوكات لهگهڵ ئهوهشدا، خێزان یەکەم شوێنە کە ڕەفتار و خوەکانی مرۆڤی تێدا دروست دەبێت، بۆیە نەبوونی کەسێکی پێشەنگ لە ماڵەوە کاریگەرییەکی نەرێنی گەورە لەسەر ئارەزووەکانی منداڵ بەجێدەهێڵێت؛ بۆ نموونە کاتێک منداڵ لە ماڵێکدا گەورە دەبێت کە دایک و باوکی کتێب ناخوێننەوە و هیچ ڕەفەیەکی کتێب لە ماڵەکەدا نابینێت، زۆر زەحمەتە حەزی خوێندنەوە لە دەروونیدا دروست ببێت. ژینگەی گشتیی کۆمەڵگەی ئێمەش زیاتر پاڵپشتی لە کۆبوونەوە گشتییەکان و قسەکردنی زۆر و گفتوگۆی کاتی دەکات، نەک لە کاتەکانی بێدەنگی و قووڵبوونەوەی تاکەکەسی. ئەمە لە کاتێکدایە کە نەبوونی هاندان و ستایشکردنی خوێندنەوە لەناو بازنە خێزانی و هاوڕێیەتییەکاندا، وا دەکات ئەو کەسانەش کە ئارەزووی ئەم کارەیان هەیە، جۆرێک لە گۆشەگیری یان نامۆیی کۆمەڵایەتی هەست پێبکەن.
ڕێگەکانی چاکسازی و بەگەڕخستنەوەی ژێرخانی فیکری
یەکێکی تر لەو گرفتە جدییانەی کە خوێنەر لە کتێب دوور دەخاتەوە، پەیوەندی بە جۆری ئەو بەرهەمانەوە هەیە کە پێشکەش دەکرێن، چونکە زۆرجار بازاڕی کتێب پڕ بووە لە بابەتی بێناوەرۆک یان داتاشراو. لەگەڵ لاوازیی ئاستی وەرگێڕان و بەکارهێنانی زمانێکی شێواو و دوور لە ڕێزمانی دروست، وایکردووە تێگەیشتن لە دەقەکان ببێتە کارێکی ئەستەم و بێزارکەر بۆ خوێنەران. لەم نێوەندەشدا، نەبوونی دەزگایەکی زانستیی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی کوالێتیی چاپەمەنییەکان، ڕێگەی خۆشکردووە بۆ بڵاوبوونەوەی دەیان پەرتووکی وەرگێڕدراوی لاواز و ڕووکەش، کە تەنها ئامانجی بازرگانییان هەیە. دەربڕی ئەم واقیعە تاڵەش ئەو کاتەیە، کە گەنجێک یان خوێنەرێکی سەرەتایی ڕووبەڕووی کتێبێکی ئاڵۆز یان وەرگێڕانێکی خراپ دەبێتەوە، نەک هەر سوود وەرناگرێت، بەڵکو تووشی جۆرێک لە نائومێدی دەبێت و بۆ هەمیشە بڕیاری دوورکەوتنەوە دەدات. کەواتە، پاشەکشەی کلتوری خوێندنەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەرئەنجامی فاکتەرێکی تاقانە نییە، بەڵکو هاوکێشەیەکی ئاڵۆزە کە ڕەهەندی پەروەردەیی، تەکنەلۆژی، ئابووری، خێزانی و کوالێتیی بەرهەمەکانی تێدا تێکەڵ بووە. کەواتە بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە و تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە گشتییە، پێویستمان بە شۆڕشێکی ڕاستەقینە هەیە لە دەزگاکانی فێرکردندا، بە هاوکاریی هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان، بۆ دروستکردنی نەوەیەک کە کتێب بە هاوڕێی ڕاستەقینەی خۆی بزانێت. ئەمەش بنەمایەکی سەرەکییە، چونکە چاکسازیی ڕێڕەوی ڕۆشنبیری پێویستی بە دابینکردنی ژێرخانی گونجاو هەیە، وەک کتێبخانەی مۆدێرن، هاندانی نوسەران و گەرەنتیی وەرگێڕانی بەپێز و خۆشخوان، لهبهر ئهوهی کۆمەڵگەیەک نەخوێنێتەوە، ناتوانێت چارەنووسی خۆی بە شێوازێکی زانستی دیاری بکات و هەمیشە لەژێر کاریگەریی کلتورە سەپێنراوەکانی تردا دەمێنێتەوە.

