لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆران تۆمەتبارێکیان بە تۆمەتی فێڵکردن و دزینی موچەی هاووڵاتیان لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە دەستگیرکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسیی سۆران، ڕایگەیاند: لە ڕێکەوتی 19/10/2026، هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمار کردووە کە لە کاتی سەردانیکردنی ئامێرێکی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە شاری سۆران بە مەبەستی وەرگرتنی موچەی پێشمەرگایەتی، کەسێک بە ناوی هاوکارییەوە کارتی بانکی و ژمارەی نهێنییەکەی لێ وەرگرتووە و کارتێکی تری ساختە یان هی کەسێکی تری پێداوە، پاشان موچەکەی بە ڕێگەی فێڵ ڕاکێشاوە و بردوویەتی.
دوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و بە ڕەزامەندی دادوەر، هێزەکانی پۆلیس توانیویانە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا ناسنامەی تۆمەتبارەکە بە ناوی (ا.ا.ح) دەستنیشان بکەن و دەستگیری بکەن. لە کاتی دەستگیرکردنیشیدا، چەند کارتێکی بانکیی هاوڵاتیانی تری پێ بووە و دەستی بەسەردا گیراوە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوه و ئاماژەی بەوە کردووە کە مەبەستی بووە هەمان کار بەرامبەر چەند هاووڵاتییەکی تر دووپات بکاتەوە. لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزادان ڕاگیراوە و رێکارە یاساییەکان بەرامبەری بەردەوامن.
لەلای خۆیەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان کە لە کاتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی (ATM) وریای تەواو بن و کارتی بانکی و ژمارەی نهێنییەکانیان نەدەنە هیچ کەسێکی نەناسراو. هاوکات داوا لەو کەسە هاوڵاتییانە دەکات کە پێشتر تووشی ئەم حاڵەتە بوون، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە سۆران بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی

