رۆژنامەی ھەولێر

لە شەشەم ساڵیادی ژیانئاوایی شێروان شێروانی ئەو ڕاگەیاندنکارەی بۆ ڕەسەنایەتی ژیا

ئاری ئاغۆک

 

لە کۆچ تا گەڕانەوە: ئەزموونی توندوتیژی و وەرگرتنەوەی هۆکار بوون

فیلمی “بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتکوژێت”، چیرۆکی خێزانێکی کورد دەگێڕێتەوە کە لە نەرویجدا دەژین و دوو کچیان هەیە؛ ڤیان و هێلین. هێلین، کچی چواردە ساڵانی خێزانەکە، تا ئەو کاتەی چیرۆکەکە دەست پێ دەکات، هەرگیز کوردستانی نەدیوە. ئەو بە تاسە و حەزەوە لەگەڵ خێزانەکەیاندا دەکەوێتە ڕێ و بۆ ناسینی خاکی باوباپیرانی دەچێتە گەشت، هەتا بزانێت لە کوێوە هاتووە. بەڵام ئەم گەشتە، کە دەیتوانی دەرفەتێک بێت بۆ ناسینەوەی ڕەگوڕیشە و بەهێزکردنی پەیوەندییە ناسنامەییەکان، لێیان دەگۆڕێت و دەبێتە شەوە و کابووسێکی سامناک. خێزانەکە دەکەوێتە دەستی هێزەکانی داعش، باوک و دایکەکە دەکوژرێن و دوو خوشکەکە بەدیل ئەگیرێن.
ڤیان و هێلین، لەگەڵ کچە گیراەکانی دیکەدا، بە جلوبەرگی ڕەشەوە دەبرێن بۆ بازاڕی کۆیلایەتی. یەکێک لە چەکدارانی داعش ڤیان دەکڕێت و لاقەی دەکات؛ ئەشکەنجەی دەدات؛ سووکایەتیی پێ دەکات و توندوتیژیی لێ دەکات؛ لێرەدا توندوتیژی تەنها ئامرازێک نییە بۆ زاڵبوون بەسەر جەستەی ژندا؛ بەڵکو هەوڵێکە بۆ لێسەندنی ویست و ئیرادە و ناسنامەی ئافرەت و شکاندنی توانستی بەرخۆدانی. ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی ژن بگۆڕدرێت بۆ شتێک کە لە سیستەمی خاوەندارێتی و زاڵبووندا تەنها وەک مڵکێک سەیر بکرێت. خاڵی وەرچەرخانی چیرۆکەکە ئەو کاتەیە کە ڤیان چەکی پیاوە داعشییەکە هەڵدەگرێت، تەقەی لێ دەکات و هەڵدێت؛ بەڵام لە بیاباندا هێزی نامێنێت و، بڕستی لێ دەبڕێت و، دەکەوێت؛ لە کۆتاییدا ژنە پێشمەرگەکان ڕزگاری دەکەن. ڤیان بە سای ئەوانەوە ڕێگایەکی نوێ لە ژیانی دەکرێتەوە و دەچێتە ڕیزی یەکەی ژنانی پێشمەرگە و لە ژنێک کە توندوتیژی هەوڵی دەدا بیکاتە قوربانییەکی بێدەنگ، دەبێتە شەڕڤانێک کە چەک هەڵدەگرێت و دژ بەو سیستەمە دەجەنگێت کە مەبەستی بوو لەناوی ببات. لەم ڕوانگەیەوە، فیلمەکە ئەو توانایەی هەیە کە نەک تەنها دەربارەی توندوتیژی لە ژنان، بەڵکو دەربارەی ئەگەری ئەستاندنەوەی سەربەستی قسە بکات؛ بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەم گۆڕانکارییە پرسیارێکی گرنگیش دەورووژێنێت: فیلمەکە تا چەند دەتوانێت پرۆسەی گۆڕانی ڤیان لە قوربانیی توندوتیژییەوە بۆ کەسێکی سەربەست و خاوەن بڕشت و بەرخۆدان، بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو لە ڕووی سینەماییەوە کاریگەر و قەناعەتپێکەر پیشان بدات؟

توانستی سەرسوڕهێنەر و نەبوونی هێزی کۆمەڵی

ڤیان لە درێژەی چیرۆکەکەدا دەبێتە نیشانشکێنێکی لێهاتوو. شەڕڤانێک کە بە گوێرەی گێڕانەوەی فیلمەکە، زیاتر لە سەد چەکداری داعشی کوشتووە و دەیان نیشانشکێنی لەناو بردووە. ناوبانگی وی دەگاتە ئەو ئاستەی کە داعش بۆ سەری دیاری دادەنێت. فیلمەکە هەروەها ڤیان وەک ژنێک پیشان دەدات کە هێزی جەستەیی، زیرەکی و لێهاتووییەکی سەربازیی سەرسوڕهێنەری هەیە. ئەو شەڕڤانێکە دەتوانێت لە مەیدانەکانی شەڕدا، کە تێپەڕین بەوانەوە بۆ کەسانی دیکە مەترسیی مردنی لەگەڵدایە، بە زیندوویی دەرباز بێت، شوێنی نیشانشکێنەکانی داعش بکەوێت و لەناویان ببات. ڤیان شەڕڤانێکە کە دەستپێشخەرییەکە دەگرێتە دەست و دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ هێزەکانی داعش.
ئەڵبەت بە بڕوای من، فیلمەکە لە پیشاندانی هێز و بوێریی ڤیاندا، بەو شێوەیەی کە توانای ئەم کەسایەتییە و بارودۆخی مێژوویی چیرۆکەکە پێویستییان پێیەتی، بە تەواوی سەرکەوتوو نییە. کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە پێشمەرگەکانی دیکە، ژن و پیاو، بە شێوەیەکی بەرچاو نابینین یان ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە پێشبردنی چیرۆکەکەدا نییە؛ کێشەی بنەڕەتیتر ئەوەیە کە فیلمەکە چۆن زەمینە و بوارەکە خۆش دەکات بۆ پیشاندانی هێز و توانستی ڤیان؛ تواناییە سەرسوڕهێنەرەکانی ئەو لە چوارچێوەیەکی چیرۆکاویدا پیشان دەدرێت کە لەوێدا، دەرفەتێکی ئەوتۆ بۆ دەرکەوتنی بڕشت و لێهاتووییەکانی ئەندامانی دیکەی هێزی پێشمەرگە نادرێت. بۆ نموونە، تەنانەت ئەو جەنەراڵە بەساڵاچووەش کە لە بەسرەدا ڕێنمایی ڤیان دەکات، لەگەڵ پێشمەرگەکانی دیکە، بە شێوەیەکی گشتی لە پەراوێزی چیرۆکەکەدا دەمێننەوە. لە ئەنجامدا، هێزی ڤیان زیاتر لەوەی لە پەیوەندی لەگەڵ هێزێکی شەڕکەری لێهاتوو و خاوەن توانستی بەکۆمەڵدا شێوە بگرێت، وەک هێزێکی تاکەکەسی و بێوێنە دەخرێتە ڕوو.
بە بڕوای من، سەرنجخستنە سەر کەسایەتییەک و دیاریکردنی بڕشتی وی، نابێ ببێتە هۆی پەراوێزخستنی کەسایەتییەکانی دیکە. دەکرا بوێری و لێهاتووییەکەی ڤیان لە چوارچێوەی پۆلە ژن و پیاوێکی پێشمەرگەدا نیشان بدرێت کە هەر یەکەیان توانایی، بەرپرسیاریەتی و کرداری تایبەت بە خۆیان هەبێت. هێزی پاڵەوان بە کاڵکردنەوەی هێزی کەسانی دیکە، زیاد ناکات؛ بەڵکو دەتوانێت لە پەیوەندی و هەڵکردن لەگەڵ ئەوان و لە ناو هێز و بوێریی بەکۆمەڵدا، ڕەهەندی بابەتی قووڵ و مانادارتر بەدەست بهێنێت. پیشاندانی ڕۆڵی چالاکتر و باوەڕپێکراوتری پێشمەرگەکانی دیکە، نەک تەنها لە دیاریکردنی ڤیان کەم ناکردەوە، بەڵکو دەیتوانی شوێن و پێگەی ئەو وەک ژنێکی بەهێز و لێهاتوو لە نێو شەڕڤانانێکدا کە هەر یەکەیان توانایی و بڕشتی جیاوازیان هەیە، زیاتر جێگیر بکات.
بێگومان، سینەما پابەند نییە هەموو ڕاستییە مێژووییەکان بە تەواوی بنوێنێتەوە؛ هەر فیلمێک، بە پێی گۆشەنیگا و هەڵبژاردە چیرۆکییەکانی خۆی، هەندێک لە ڕاستییەکان دەخاتە پێشەوە و هەندێکی دیکە دەخاتە پەراوێزەوە. ڕەخنەی منیش لەوە نییە کە فیلمەکە سەرنجی خۆی لەسەر یەک ژنی پێشمەرگە چڕ کردووەتەوە. بە پێچەوانەوە، ئەم جۆرە سەرنجخستنە دەرفەتێکی بەهادارە بۆ پیشاندانی بڕشتی ئەو ژنانەی کە لە بەرامبەر داعشدا وەستان. کێشەکە ئەوەیە کە فیلمەکە چۆن ئەم تواناییە لە پەیوەندی لەگەڵ هێزی بەکۆمەڵدا دروست دەکات و دەیخاتە ڕوو. فیلمەکە دەیتوانی بە کەسایەتی‌سازییەکی قووڵتری پێشمەرگەکان و پیشاندانی ڕۆڵی چالاکتریان لە شەڕدا، هەم هێزی تاکەکەسیی ڤیان و هەم توانای بەکۆمەڵی ئەو هێزەی کە ڤیان ئەندامێکیەتی، زیاتر بخاتە ڕوو. لە چوارچێوەی چیرۆکێکی لەم جۆرەدا، بڕشتی ژنان و هێزی بەکۆمەڵ نەک وەک دوو شتی دژبەیەک، بەڵکو لە پەیوەندی و هاوکاری و تەواوکەریی یەکتردا مانا وەردەگرن. لەم حاڵەتەدا، ڤیان نەک لەسەر حیسابی کاڵکردنەوەی ڕۆڵی پێشمەرگەکانی دیکە، بەڵکو لە ناو هێزێکی شەڕکەر و بەکۆمەڵی بەبڕشتدا، دەبوو بە پاڵەوانێکی کاریگەرتر، پاڵەوانێک کە هێز و تواناکەی تەنها لە لێهاتووییە تاکەکەسییەکانی خۆی مانا وەرناگرێت، بەڵکو لە پێگە و کردارکردنی لە ناو شەڕێکی هاوبەشدا مانای خۆی وەردەگرێت.

 

 

توندوتیژی بە ناوی ئایینەوە: لە زاڵبوونەوە بۆ خۆڕاگری

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی فیلمەکە ئەوەیە کە ناکۆکیی نێوان دروشمەکانی داعش و توندوتیژی چەکدارەکانی کە بە ناوی باوەڕە ئایدیۆلۆژییەکانیانەوە ئەنجامی دەدەن دەخاتە ڕوو. ئەوان ئاڵا هەڵدەگرن و دروشمە ئایینییەکان، لەوانە “الله‌اکبر”، دەڵێن، لە کاتێکدا ژنان و منداڵان دەکوژن، ژنان بە کۆیلە دەگرن و بە لاقە و ئەشکەنجە هەوڵی سەپاندنی زاڵبوونی خۆیان دەدەن. بەم شێوەیە، فیلمەکە جیاوازیی نێوان ئەو باوەڕە ئایینییەی چەکدارانی داعش بانگەشەی بۆ دەکەن و کردارە توندوتیژەکانیان دەخاتە ڕوو، بەبێ ئەوەی ئەم ناکۆکییە بگۆڕێت بۆ حوکمێکی گشتی لەبارەی ئایین بە گشتی.
ناوی فیلمەکە لە دروستبوونی ئەم ناکۆکییەدا ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە، «بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتکوژێت» ئاماژەیە بۆ ئەو باوەڕەی کە فیلمەکە بە چەکدارەکانی داعشەوە دەیبەستێتەوە؛ باوەڕێک کە بە پێی ئەوە، کوژران بە دەستی ژن شێوەیەک لە سووکایەتییە و لەگەڵ تێگەیشتنی ئەوان لە هێزی پیاوانە و دینداریی ڕاستەقینەدا ناگونجێت. لە چوارچێوەی ئەم جیهانبینییەدا، چاوەڕوان دەکرێت ژنان لە پێگەیەکی نزم و کۆیلایەتی بمێننەوە. بەڵام، گۆڕانی ڤیان لە دیلێکەوە کە تووشی توندوتیژی بووە بۆ ژنێکی پێشمەرگەی چەکدار، ڕاستەوخۆ ئەم پلەبەندییە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی داعش لە مەیدانی شەڕدا، ئەو جیاوازییەی نێوان هێزی پیاوانە و ملکەچبوونی ژنانە تێکدەشکێنێت کە دەسەڵاتی ئەوانی لەسەر دامەزراوە. خۆڕاگریی ڤیان تەنها بە مانای پێچەوانەبوونەوەی ڕۆڵی کوژەر و کوژراو نییە، بەڵکو نواندنی هەوڵی ئەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنەوەی کۆنترۆڵی جەستە، بڕشت و چارەنووسی خۆیەتی. ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە ئایدیۆلۆژیای داعش دژی بوو و بە هیچ شێوەیەک نەیدەویست ڕووبدات. بەم شێوەیە، ناوی فیلمەکە یەکێک لە ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی فیلمەکە دەخاتە ڕوو. ئەوانەی هەوڵ دەدەن بەسەر ژناندا زاڵ بن، خۆیان لەبەرامبەر هەمان ژناندا دەبنە لاواز و بە دەستی هەمان ژنان ئەکوژرێن و بە ئامانج و هیوایان کە بەهەشتە ناگەن و نایبینن.

کۆتاییی فیلم: ڕزگاری، مردن و داخستنی ئەگەری ژیانێکی تر

ڤیان ئاگادار دەبێت کە هێلین هێشتا زیندووە و لە دیلایەتی‌دایە. دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق، دەگەڕێتەوە ڕیزی یەکەی پێشمەرگە و بۆ دۆزینەوەی خوشکەکەی بەرەو بەسرا دەڕوات. لە کۆتاییدا، لە هەوڵی ڕزگارکردنی هێلین لە دەستی ئەو پیاوە داعشییەدا کە بە زۆر کردوویەتی بە ژنی خۆی، ڤیان و ئەو پیاوە بە ئاڕاستەی یەکتر تەقە دەکەن و هەردووکیان دەکوژرێن. دوا پەیامی ڤیان بۆ خوشکەکەی ئەمەیە: “ئێستا تۆ ئازادیت.”
ئەم ساتە، لوتکەی تراژیدیای چیرۆکەکەیە. ژیانی ڤیان لەسەر بنەمای هەوڵی ڕزگاربوون لە توندوتیژی و دەستبەسەرداگرتنەوەی کۆنترۆڵی ژیانی خۆی شێوەی گرتووە؛ بەڵام لە کۆتاییدا، ئازادیی خوشکەکەی بە نرخی ژیانی خۆی دەستەبەر دەکات . ئەم کۆتایییە، پرسیارێکی بنەڕەتی دەورووژێنێت، ئایا لەم ڕوایەتەدا ڕزگاری بە ناچاری دەبێت بە نرخی مردنی پاڵەوانەکە بەدەست بێت؟ ئایا نەدەکرا ئەگەری کۆتایییەکی دیکە بخوڵقێندرێت؛ کۆتایییەک کە تێیدا ئەم ژنە شەڕڤانە نەک تەنها ڕێگای ئازادی بۆ کەسێکی دیکە خۆش بکات، بەڵکو خۆیشی بمێنێتەوە و دەرفەتی ئەزموونکردنی جۆرێکی دیکەی ژیانی هەبێت؟ مردنی ڤیان لە ڕووی دراماتیکییەوە کاریگەرییەکی بەهێزی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەگەری خەیاڵکردن و بیرکردنەوە لە ژیانی ئەو لە دوای ڕزگارییەکەی لە چیرۆکەکەدا دادەخات.
دوای مردنی ڤیان، نوێژی مردووی لەسەر دەکەن. پیاوانی سەربازی لە دەوری کۆ دەبنەوە و لە کاتی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەکەدا دەنگی «الله‌أکبر» بەرز دەبێتەوە، ئەم دیمەنە لە ڕووی هێماییەوە نائارامکەرە. لە سەرتاسەری فیلمەکە، ڤیان لە بەرامبەر هێزێکدا وەستاوەتەوە کە هەوڵ دەدات جەستە، ئیرادە و چارەنووسی بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. ئەو لە دیلایەتی هەڵدێت، چەک هەڵدەگرێت و گیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە بۆ ڕزگارکردنی خوشکەکەی. بەڵام لە دوا دیمەندا، دوای مردنی، جەستەکەی لە ناوەندیی ئایینێکدا دادەنرێت کە دەتوانێت وەک گەڕانەوەیەکی هێمایی بۆ هەمان مەیدانی ئایدیۆلۆژیی لێک بدرێتەوە کە ڤیان لە بەرامبەر زاڵبوونیدا خۆڕاگریی کردبوو. ئێستا کە چیتر ناتوانێت کردار بکات یان بۆ خۆی بڕیار بدات، ئەم دیمەنە پرسیار لەبارەی چۆنیەتیی شێوازی نواندنەوەی خۆڕاگری و بڕشتی ژنان لە کۆتاییی فیلمەکەدا دەورووژێنێت.
بێگومان، ڕەخنەکەم ئاراستەی رێوڕەسمی نوێژی مردوو نییە؛ کێشەکە ئەو مانایەیە کە ئەم دیمەنە لە چوارچێوەی چیرۆکی فیلمەکە وەریدەگرێت. وەک بینەر، کاتێک تەرمەکەی ویانم لە نێو پیاوانی سەربازیدا بینی، چاوەڕێم دەکرد بە سڵاوی سەربازی ڕێزی لێ بگیرێت؛ وێنەیەک کە دەیتوانی پێگەی ئەو وەک شەڕڤانێک بناسێنێت کە لە ڕێی ئازادیی خوشکەکەیدا گیانی بەخت کردووە. بێگومان، خودی فیلمەکە بە جەختکردنەوە لەسەر خەبات و خۆڕاگری ڤیان و پێگەی ئەو لە نێو پێشمەرگەکاندا، ئەم چاوەڕوانییەی لە مندا دروست کردبوو. بەڵام لە جیاتی ئەوە، دەنگی «الله‌أکبر» بەرز بووەوە؛ دەنگێک کە لەناکاو منی گەڕاندەوە بۆ دیمەنەکانی پێشووی فیلمەکە، بۆ ئەو ساتانەی کە چەکدارانی داعش بە هەڵدانی هەمان دروشم، بەرەو ژنان و پیاوان و منداڵان تەقەیان دەکرد و دەیانکوشت. لەو ساتەدا، لە نێوان «الله‌أکبر»ی دیمەنی کۆتایی و ئەو دروشمانەی لە دیمەنە پێشووترەکاندا لەگەڵ توندوتیژیدا هاوڕێ بوون، پەیوەندییەکی نەخوازراو لە مێشکمدا دروست بوو، نە بەو مانایە کە ڕێوڕەسمێ ئایینیی ناشتن و توندوتیژیی داعش یەکسانن بەڵکو لە تەنیشت یەکتر دانانی ئەم دوو وێنەیە لە ناو ڕوایەتی فیلمەکەدا سەرچاوە دەگرێت. تەنیشت یەکتر دانانێک کە بە بڕوای من، بە هەڵبژاردەیەکی جیاوازی سینەمایی، دەیتوانی مانایەکی دیکە دروست بکات. بۆ نموونە، سڵاوێکی سەربازی لەلایەن پێشمەرگەکانەوە بەسەر جەستەی ڤیاندا، نەک تەنها دەیتوانی پەیوەندیی نێوان بڕشتی تاکەکەسیی ئەو، خەباتی بەکۆمەڵ و بیرەوەریی مێژوویی بەهێزتر بکات، بەڵکو هەستی سەرکەوتن و ڕەزامەندییەکیش لە بینەردا دروست بکات، لە جیاتی ئەوەی بینەر بگەڕێنێتەوە بۆ بیرەوەریی توندوتیژی سەرنجی بخاتە سەر پێگەی ڤیان وەک شەڕڤانێک کە ژیان و بڕشتی تەنانەت دوای مردنیشی بە ڕێزەوە بەردەوامە و کاریگەرییان دەمێنێتەوە.

سینەمای کوردی و بەرپرسیارێتیی گێڕانەوە

بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتکوژێت، گێڕانەوەیەکی دڵتەزێنە لە توندوتیژیی داعش و ئەو ئازار و ئەشکەنجەیەی کە ژنانێک ڕووبەڕووی بوونەوە. بەڵام، بەهای فیلمەکە تەنها لە گێڕانەوەی ئەم ئازارانەدا نییە، بە دانانی ڤیان لە ناوەندی چیرۆکەکەدا، گێڕانەوەیەک لە خۆڕاگری و خەباتی ژنانی کورد پێشکەش دەکات و نیشان دەدات کە ئەزموونی توندوتیژی، بە مانای کۆتاییهاتنی توانای مرۆڤ بۆ بڕشت و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی نییە. لەم ڕوانگەیەوە، فیلمەکە گێڕانەوەیەکی لەجێ و بەبایەخە لە بەشێک لە مێژووی هاوچەرخی کورد؛ مێژوویەک کە گێڕانەوەی هونەریی ڕووداوەکانی، ڕۆڵێکی گرنگ لە پاراستن و بەردەوامکردنیان لە یادەوەریی کۆمەڵایەتیدا دەگێڕێت.
گێڕانەوەی ئەم جۆرە ئەزموونانە گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە مێژووی گەلەکان تەنها لە بەڵگەنامە و کتێبەکاندا نامێنێتەوە، بەڵکو لە ڕێگەی ئەدەبیات، سینەما و شێوە هونەرییەکانی دیکەشەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. کاتێک ئازار، خۆڕاگری، بەرخۆدان و خەباتی خەڵکی نیشتیمانێک لە چوارچێوەی بەرهەمێکی هونەریدا دەگێڕدرێتەوە، لە مەترسیی لەبیرچوون دوور دەکەوێتەوە. بەو شێوەیە، نەوەکانی داهاتوو کە لە سەردەمێکی ئارامتر و جێگیرتردا دەژین، دەتوانن لەگەڵ بەشێک لە مێژووی سەختی خاک و نیشتیمانی خۆیان ئاشنا ببن؛ مێژوویەک کە لەگەڵ بیرخستنەوەی ئازارەکان، دەتوانێت سەرچاوەی شانازی، سەربەرزی و هەستی پەیوەندی بە خەباتی نەوەکانی پێشوو بێت.
یەکێک لە گرنگترین تواناکانی ئەم فیلمە، هەڵبژاردنی ژنێکە وەک پاڵەوانی گێڕانەوەکە. لە کۆمەڵگایەکدا کە ژنانی کورد لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو، پیشاندانی ژنێک کە لە دۆخی قوربانییەوە دەگاتە پێگەی شەڕکەر و بەرخۆدەر، گرنگییەکی زیاتر لە چیرۆکی ژیانی تاکێک هەیە. ژنانی کورد نەک تەنها بۆ ڕزگارکردنی خۆیان، بەڵکو بۆ ئازادیی خاک و گەلەکەشیان شەڕیان کردووە. بە بەشدارییان لە مەیدانی خەباتدا، ڕووبەڕووی ڕێگایەک بوونەتەوە کە پێشتر بەسەریاندا سەپێنرابوو و لە گۆڕینی ئاراستەی مێژوودا بەشدار بوون. گێڕانەوەی ئەم ئەزموونانە دەتوانێت بە نەوەکانی داهاتوو و هەروەها بە تەواوی دنیا نیشان بدات کە ژنانی کورد لە پەراوێزی مێژوودا نەبوون، بەڵکو لە ڕیزی ئەو کەسانەدا بوون کە مێژوویان دروست کردووە و ئاراستەیان پێداوە. لەبەر ئەوە، جەختکردنەوە لەم توانست و بڕشتە لە سینەمای کوردیدا پێویستییەکی کولتووری و مێژووییە.
هەرچەند فیلمەکە دەیتوانی بە وردبوونەوەیەکی قووڵتر لە کەسایەتییەکانی دیکە و بە پیشاندانی بەرچاوتر و بەرفراوانتری خەباتی بەکۆمەڵی پێشمەرگەکان، ڕەهەندە فراوانترەکانی بەرخۆدانیی ڤیان بخاتە ڕوو، بەڵام ئەم تێبینییە لە بەهای هەوڵی فیلم بۆ گێڕانەوەی ئەم ئەزموونە کەم ناکاتەوە. بە پێچەوانەوە، تواناکانی ئەم بەرهەمە نیشان دەدەن کە سینەمای کوردی تا چەندە دەتوانێت لە نواندنی مێژوو، خۆڕاگری، ناسنامە و ئەزموونە مرۆییەکاندا ڕۆڵ ببینێت. ئەم سینەمایە دەتوانێت بەرەو بابەت و گێڕانەوە جۆراوجۆرترەکان بچێت و بە فراوانکردنی بازنەی چیرۆکەکانی، بەشە زیاترەکانی ئەزموونی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی بخاتە ڕوو.
لە کۆتاییدا، پێویستە سوپاسی ئەکتەرێکی بەهرەمەند، ئەڤان جەمال، بکەم بۆ ئەدای باشی لە ڕۆڵی ڤیاندا، هەروەها سوپاسی هەڵکەوت مستەفا، بەرهەمهێنەری فیلمەکە، بۆ هەوڵەکانی لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە دژوارەدا بکەم؛ هیوادارم سینەمای کوردی بە پشتبەستن بەو ئەزموونانە، لە مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتی جۆراوجۆر و گێڕانەوەی چیرۆکی کەمتر بیسراودا، ئامادەبوونێکی بەرفراوانتر و کاریگەرتری هەبێت. ئەڵبەت بەردەوامی و فراوانبوونی ئەم ڕێبازە هەر بە هەوڵی فیلمسازانەوە نەبەسراوەتەوە و، پێشوازیی بینەرانیش ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت. ئامادەبوونی تەماشاکەران لە هۆڵەکانی سینەما و پشتگیری لە فیلمە کوردییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەردەوامبوونی ئەم ڕێگایە و، دەرفەتی نوێ بۆ فیلمسازان بڕەخسێنێت.