بڕیار عوزێر
هەمیشە گوتراوە: پایەی بەهێزی مانەوەی کورد، زمان و کەلتوورەکەیەتی. دەنگ و ئاوازیش یەکێکن لە بنەڕەتە هەرە بەهێزەکانی ڕەسەنایەتی و پێچەقێنیی مانەوەی کورد، وەک یەکێک لە نەتەوە و نەژادە دێرینەکانی ناوچەکە. ئەوەی نەیهێڵا کورد بە ئاسماندا بچێت و پێداگرانە لەسەر زمان و شوناسی خۆی ڕێبکات، ڕەسەنایەتیی ئاواز و بێژە و وێژەی قووڵڕۆچووی هەزاران ساڵەی بوو، ئەگەرنا وەک ئەمازیغییەکان لە باکووری ئەفریکا، قیبتییەکانی میسر، فینیقییەکانی لوبنان و چەندین نەتەوەی دیکەی ئێراقی ئێستا، لەوانە: ئارامی، ئەکەدەی و بابلی، ئێمەش دەبووینە ئاردی نێو دڕوان، یان هەر بەتەواوی ئاسمیلە دەبووین، یاخود هێندە کەنەفت و دەردەدار دەکراین، بە پشووەبایەک بشنێینەوە!
کورد لە دەنگ و ئاوازدا هێندە دەوڵەمەندە، ڕەنگە کەم میللەتی دیکەی دنیا هەبێت خۆی لە قەرە بدات. بۆ شین و شایی، بۆ کار و فرمان، بۆ جەنگ و ئاشتی، بۆ دنیای منداڵان، ئایینداری، ئەڤینداری، ژیان و ئامۆژ، بۆ هەر یەکێکیان «چڕە» و دەنگاوازی خۆی هەیە.
بەندی کوردیش، کە پاژێکی گشت و شادی نێو ئەو بەزمەساتەیە، مێژووی تۆرەی کوردی پڕ و پوختەتر کردووە؛ هەروەک بەندبێژ و بەستەزانی زۆر وەستا و لێزان چڕیویانن و سنگاوسنگ بۆ ئێمەیان پاراستوون!
بەند، ژانرێکی ئەدەبیاتی فۆلکلۆرە، فۆلکلۆریش موڵکێکی هاوبەشەکیی ناخواستە، یانی کەس بە تەنها خاوەنی نییە؛ لە پاڵ حیکایەت، قسەی نەستەق، پەند، چڕە، گەڕەمەتەڵ و گەڕەلاوژە، بەندی کوردیش ڕۆڵگێڕێکی بایەخداری ئەدەبیاتی شەوبوردەیی و مەجلیسی کەیفسازانی ئاوایی بووە. بەند بەبێ موزیک وشکە و بنیادەم باش ناخاتە سەر هەوا و خۆشنەشئەیی خۆی، ئەوجار بە “لێگێڕانەو-لێکوەرگرتنەوە” وە چێژێکی دیکەی هەیە. زۆرجار ئەگەر پیاوان لێیان بڕابێت، کچ و ژنی دانیشتنەکە نەیانهێشتووە سەرەبەند بپچڕێ و تێیانهەڵکردۆتە بەندێک و گرێیان داوەتەوە، وەک پیشەش بەندبێژی ئافرەتمان هەبووە، زولەیخا وەک نموونە، تەنانەت لەم چەند ساڵەی دواییدا دوو خوشک ئەو ڕێچکەیان گرتە بەر، بەڵام دواتر بەر نەفرینی خەڵکی بەجێماو کەوتن و پاشەکشەیان پێ کردن.
بەند هەم لە کۆڕەکاندا بە دانیشتنەوە و هەمیش لە گەڕی شاییدا بە پێوەدە گوترێ؛ بەندبێژ سەرواسازێکی کارامە و بیروردە، خۆی لە ڕاستینەی ساتەوەختەکە نابوێرێ، چی ببینێ و لەبەرچاو و لەبەردڵان بێ لەوکاتەدا، خێرا دەیکاتە بەند، هەروەک لە بەندەکەدا سەروا کێش میزان و هاوسەنگن. بەند هەڵقوڵاوی هەستێکی زۆر ڕاستگۆیانەی مرۆڤی ئازادی کوردە، تۆمارێکی کراوەی دەروونی ژن و پیاوی ئێمەیە، کە زۆرجار بەبێ ڕووپامایی گوزارشتیان لە هەستە خراپەخوازییەکانی خۆشیان کردووە، بەڵام نەیان شاردۆتەوە و لە دووتوێی بەندێکدا دەریان بڕیوە، ئەمە لە بەکارهێنانی وشەی «گولە_ گول» وەک هاوەڵناوێکی نەرێنیی، بۆ وەسفی دەستگیران یان مێردی ئەو کەسەی خۆشی ویستووە ئاماژەی پێدراوە:
_ دەچمە سەر ڕێگای ئاشان، گولەی دەکوژم بە گاشان
_ لە من و لە گولەکەی مێردت، کاممانت خۆشتر دەوێ؟
_ ڕووی بابی گولەی ڕەش بێ، نازانێ بیگەوزێنێ
ـ ئەو دەردەی ئەمن دەکوژێ، ژنی گولەی مێردانی
ـ من چاییەکی بۆ تێکەم، پڕی کەم لەودەرمانە
بیدەم بە گولەکەی مێردی، بتۆپێ وەک یەکانە
ـ بەڵام حەیف و سەد حەیف، ئەو هەموو جوانی و نازدارییەی بەدەستی مچەی سەگبابی گولەی خەسار بووینە (ئەمەیان لە حەیرانیشدا هەیە)
بەندی کوردی، تایبەتمەندییەکی ناوازەی دەنگ و ئاوازی ناوچەی موکریانە، بەجۆرێک ئاواز، تۆن، تێکست و ئەو شێوە دەربڕینە، پێشتر لە هیچ ناوچەیەکی دیکە نەبووە. وەکچۆن نیشتیمانی ڕەسەنی “هۆرە” هۆرامانە و “گۆرانی” چڕەیەکی کۆنی “گۆرانەکان” بووە، بەندیش هی مەڵبەندی موکریان بووە. وشەی «بەند» لە فەرهەنگی وشەدانی کوردیدا فرەواتایە، بەپێی بەستێنی دەربڕینەکەی ماناکەشی دەگۆڕێت، بەند وەک دیل و گیراوێکی سزادراو، بەند وەک پەیوەستبوونێکی مەرجدار (بوونی من بەندە بە بوونی تۆوە)، بەندۆکە ئەو پەتە نەرمەی سەری توورەکە و تووربێنی پێ دەبەسترێ، ئینجا بەند وەک جۆرێکی تایبەتیی چڕە، کە مەبەستی باسەکەی ئێمەیە؛ ڕەنگە ڕیشەکەی هەمان وشەی «بند»ـی عەرەبی بێت، بازی دابێتە نێو فەرهەنگی زمانەکەی ئێمەش، کێ لە کێی وەرگرتووە، ئەوە باسێکی ئیتمۆلۆجیی قووڵە، ڕەنگە لێرە دەرفەتی ئەومان نەبێت. لە عەرەبیدا بە مانای بڕگە یاخود پارێک لە نووسراوێک یان وتراوێک دێت. بەندی کوردییش بە بڕگە و لێکوەرگرتنەوە دەگوترێ و دەسازێ!
بەند تەنیا بەوە نەوەستاوە لە چێوەی باسێکی قەتیسی دڵداری و هەڵپەڕکێدا ڕۆڵ بگێڕێ، بەڵکوو بەندبێژان زمانحاڵی ناخی کپکراوی کۆمەڵگەکەی خۆشیان بوون، لەو میانەدا «بەندی ئیرۆتیکی» کە نێوەڕۆکەکەی گوزارشتێکی ڕاستگۆیانەی هۆنەرەکەی بووە، هەمیشە بەبرەوترین جۆری بەندی کوردی بووە، ڕەنگە هۆکارەکەشی ئەوە بووبێت، خەڵک وەک ئاوێنەیەک بۆ ناخی خۆیان لێیان ڕوانیوە و گوتوویانەتەوە.
ئیرۆتیکا (Erotica) لە بنەڕەتدا لە ناوی خودا ئیرۆس، خودای حەزی سێکسی لە میتۆلۆژیای فرەخودایی گریکەوە هاتووە. بەڵام کاتێک دەبێتە چەمکێکی ئەدەبی، دادەماڵدرێ لە وێنەی تاکڕەهەندی سێکسی و هەوەسبازی، بۆیە نابێ بە چاوی «پۆڕنۆگرافی» لەو تێگە و چەمکە ئەدەبییە بڕوانین؛ چونکە لە دەقی ئیرۆتیکیدا جەستە بەردەبازی گەیشتنە بە ڕووح و «تێکئاڵان» ئاوێتەبوونی ڕووحەکانە، نەک خاڵیبوونەوەی ئارەزووی سێکسی.
خۆشبەختانە لە بەندی کوردیشدا، هەمان ڕۆڵ و پێگەی هەیە:
– “دەبڕۆ داکت ڕازی کە بابت بۆ من هیچ ناڵێ/ سێ گەز بە گەزی جۆڵا باسکم لە گەردنت ئاڵێ”
– کشتی دەڵێی مەرەزی/ سپی دەڵێی کاغەزی/ داوای دوو ماچم لێ کرد/ دەیگوت هەتیو نەمگەزی
– باسکت وەبن سەری دەم، بە جووت خەومان لێ بکەوێ
لێرەدا تێکئاڵانی دەست و گەردن، یان دوو ماچی نەرمی نائەنگەستەیی، ئەوەندەی لە پەیوەندییەکی ڕووحی و ئاوێزانبوونی دوو دڵ نێزیکە، هێندە «مانا» بەلای هەوەسبازیدا کەمەندکێشمان ناکات.
هەر لەو میانەدا، لەنێو دنیای بەندی کوردەواریدا، سینە و مەمک زۆرترین ئامادەیی ئیرۆکیکییان هەیە:
“حۆری مەرگە و بیتوێنێ پەریزادەی پشدەرێ
دوو گۆزەی پێ بوو دوێنێ لە کانیە ئاوێ بەرێ
خۆی با هەڵدا لەبەر من تا لێی نەکەم نەزەرێ
دوگمەی بەرۆکی ترازا و دوو لیمۆی کەوتە دەرێ
لەوەتا لیمۆم دیون جندم هاتوونە سەرێ”
بەهەمان شێوە لێرەشدا جوانترین وێنای هەستی نێرینە، بەرامبەر لەشولاری ئافرەت بەدیدەکرێ، کە بەندبێژ وەک نوێنەری هەستی هەموان، بە حەسرەتەوە هەستی ئیرۆتیکی خۆی دەربڕیوە. چەند نموونەیەکی تر:
– زاڵم زاڵم زاڵمێ/ دەستی دەدەم لە مەمێ/ با مەم ئاگرم بەردەنێ
زۆرجار بەندبێژ دەقەکانی بە هونەری ڕەوانبێژی داپۆشیوە، تا ئەو ئاستەی تێگەیشتن لێیان پێوستی بە لێوردبوونەوەی هەڵهێنانی «خوازە»ـی دەقەکە هەبێت، هەتا بتوانێت دەرک بە ئیرۆتیکانی جوانی و مانای بەرزی بەندەکە کەشف بکات:
هەی خانم خانم خانمۆڵێ
لە خڕێت ماچکەم یان لە دۆڵێ
دیارە ئەم دەقە هەم بە گۆرانی هەیە و هەمیش وەک بەند زۆر گوتراوە، لێرەدا «خڕ و دۆڵ» مانای شاراوەی ئیرۆتیکییان هەیە، چونکە لە فەرهەنگدا خڕ و دۆڵ لە یەک بەستێنی واتادان و پێویست بەوە ناکا «یار» خاترجەم بکرێ لە هەڵبژاردنی یەکێکیان.
دواجار ئەوەی پێویستە بگوترێ، دنیای بەندی کوردی، کە ئاوێنەی ژیانی پێشووی ئێمەیە و سنگاوسنگ پارێزراوە، زۆر کراوە و لادەرانەتر سنووربەزێنی نەریت و دابە باوەکانی کردووە و چەکێکی بەهێزی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆنەپارێزی و پاشکەوتوویی بووە، بۆیە پێویستە دانەبەدانەی ئەو بەندانە وەک سامانێکی گەورەی کەلەپووری بپارێزین و نەهێڵین ئەو هونەرە بەرزە لە کورتی بدات.
تێبینی: بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لەو تێکستانە بینیوە، کە لە زاری چەند بەندبێژێکی جیاوازەوە وەرمگرتوون، بۆیە بە پێویستم نەزانی بیکەم بە ماڵی یەکێکیان و ئەوی تر بەشخوراو بکەم.

