رۆژنامەی ھەولێر

كتێبێكی نەتەوەیی بەناوی (پەیماننامەی لۆزان و كاریگەریی لەسەر باكووری كوردستان) بڵاوكرایەوە

هه‌‌ولێر

كارزان گلی نووسەر و رۆژنامەنووس، تازەترین كتێبی خۆی بەناوی (پەیماننامەی لۆزان و كاریگەریی لەسەر باكووری كوردستان) بڵاوكردەوە، كە لەپیشانگای نێودەوڵەتی كتێب لەهەولێر بەردەست دەبێت.

ئەم كتێبە باس لە پەیماننامەی لۆزان دەكات، ئەو پەیماننامەیەی كوردی بەسەر چوار وڵاتدا دابەش كرد و لەدەوڵەتبوون بێبەشی كرد.
وەكوو ئەوەی گلی باسی دەكات، كتێبەكە لێكۆڵینەوەیە و چەندین تەوەری گرنگ لەخۆی دەگرێت كە پێشتر بڵاونەكراوەتەوە، هەروەها چەندین سەرچاوەی تێدا بەكارهێناوە كە سەرچاوەی ئەكادیمین و لەبارەی لۆزانەوە پێشتر بەزمانی توركی بڵاوكراوەتەوە.
كارزان گلی، تایبەت بۆ رۆژنامەی (هەولێر) گوتی: ”ماوەی یەك ساڵ خەریكی نووسینی ئەو كتێبە بووم، چونكە بەپێویستم زانی نەوەی ئێستا بزانێت پەیماننامەی لۆزان چییە و چۆن كوردیان تێیدا دابەش كرد. ئەم كتێبە بەگرنگ دەزانم بۆ كتێبخانەی كوردی و خوێنەری كورد، چونكە باسم لەو فێڵ و بەڵێنە درۆیانە كردووە لەلایەن توركیا و دەوڵەتانی ئیمپریالیزم بەكوردیان داوە و پاشان لێی پەشیمان بوونەتەوە و لۆزانیان ئیمزا كردووە و كوردیان لەدروستبوونی دەوڵەت بێبەش كردووە.“
كتێب و لێكۆڵینەوە لەبارەی پەیماننامەی لۆزانەوە زۆر كەمە و ئەگەر هەشبێت حەقی خۆی نەدراوەتێ، بەڵام ئەم كتێبەی كارزان گلی، بەشێوەیەكی فراوان و هەروەها بەپشتبەستن بەسەرچاوەی ئەكادیمی، بەڕوونی باسی لەئامانجی لۆزان كردووە.
لێمان پرسی، دوای نووسینی ئەم كتێبە، دەكرێت بڵێین بۆچی كورد لەلۆزاندا لەدەوڵەتبوون بێبەش كرا؟ لەوەڵامدا گلی گوتی: ”سەرەتا وڵاتانی ئەورووپا لەگەڵ ئەوە بوونە كورد بكەنە دەوڵەت و بەڕوونی بەتوركیایان گوتووە پێویستە كورد سەربەخۆیی وەربگرێت، بەڵام دوای ئەوەی لەگەڵ شاندی توركیا دەكەونە گفتوگۆ، دەردەكەوێت وڵاتانی وەكوو بەریتانیا و فەڕەنسا، ئەم پێشنیارەیان بۆ توركیا وەكوو كارتی فشار بووە و كوردیان بەكارهێناوە، بۆ ئەوەی توركیا دەستبەرداری ولایەتی موسڵ بێت، كە ئەوكات بەریتانیا مەبەستی بووە ولایەتی موسڵ، بخرێتە سەر عێڕاق، روونیشە ولایەتی موسڵ، كەركووك و هەولێر و سلێمانی و دهۆكی لەگەڵدا بووە.“
بەگوێرەی گوتەی كارزان گلی، ئەوكات پەرلەمانتارانی توركیا دژی ئەوە بوونە توركیا دەستبەرداری ولایەتی موسڵ بێت، بەڵام موستەفا كەمال ئەتاتورك، پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە و لەهەڵبژاردندا تەنیا ئەو كەسانە دەخاتە پەرلەمانەوە كە لەخۆی نزیك

بوونە و قبوڵی لۆزانیان كردووە، بۆیە بەكۆی دەنگی پەرلەمانتاران پەیماننامەی لۆزان قبوڵ كراوە.
زیاتر دەڵێت: ”ئەتاتورك فێڵی لە كورد كردووە، چونكە گوتویەتی بەریتانیا دەیەوێت دەوڵەت بۆ ئەرمەنەكان دروست بكات و ئێوە بێبەش بكات،

بۆیە ئەگەر لەگەڵ توركیا بن، دەستووری ١٩٢١ دەكەینە بنەما و مافی كورد دەدەین، بەڵام دوای ئەوەی لۆزان قبوڵ كرا و خەلافەت كۆتایی پێهات، لەبری ئەوەی مافی كورد بدەن، كۆمەڵكوژیان بەرامبەر بەكورد كرد و هەروەها وەكوو هاووڵاتییەكی پلە سێ مامەڵەیان لەگەڵدا كرد و لەهەموو مافێك بێبەشیان كرد.“
ئەم كتێبە لەلایەن دەزگای (سەردەم) چاپكراوە و لەپیشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بەردەستە، پاشان نووسەر لەكۆڕێكدا لەبارەی كتێبەكەوە قسە دەكات.