رۆژنامەی ھەولێر

بۆ کۆتاییهێنان بە گرفتی کەمئاوی, ڕشتانە کار لە پڕۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی پڕژە – چۆمان و بادلیان و دێلزیان دەکرێت

چواس خالید – هە‌ولێر

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی گرفتی بێئاوی و باشترکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە، ڕشتانە کار لە بنیاتنان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی خواردنەوە لە سنووری قەزای چۆمان و گوندەکانی بادلیان و دێلزیان دەکرێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران، جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ئاوی خواردنەوەی لە سنووری قەزای چۆمان و گوندەکانی بادلیان و دێلزیان دەستپێکردووە، کە ڕشتانە کار لە جێبەجێکردنی دەکرێت تا لە نزیکترین کاتدا کارەکانی تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەت دانیشتوانی ناوچەکەوە.
جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە کاتێکدایە، داواکاری زۆر لەسەر دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە ناوچە جیاوازەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەبوو، لەم چوارچێوەیەدا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی پڕژە – چۆمان بە شێوەیەکی کرداری بەردەوامە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران و فەرمانگەی ئاوی چۆمانەوە سەرپەرشتی و جێبەجێ دەکرێت.
کارەکانی پڕۆژەکە بریتین لە دروستکردنی حەوزی کەمکردنەوەی پەستان و گۆڕینی بەشێک لە ڕێڕەوی بۆڕییەکانی گواستنەوەی ئاو بە مەبەستی باشترکردنی ڕەوتی ئاوەکە و کۆنتڕۆڵکردنی فشاری بەرز لەسەر تۆڕەکان، کە بە تەواو بوونی خزمەتگوزاریی ئاوی خواردنەوە لە سنوورەکە بە شێوەیەکی بەرچاو گەشە دەکات و سەرجەم دانیشتوانی سەنتەری قەزای چۆمان بە شێوەیەکی بەردەوام و تەندروست لێی سودمەند دەبن.
هاوکات پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ئاوی خواردنەوەی بادلیان و دێلزیان، وەک یەکێک لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی ناوچەکە، هەنگاوی گەورەی ناوە و جێبەجێکردنی کارەکانی چووتە قۆناغێکی پێشکەتووەوە، کە ٩٠%ی کارەکانی تەواو بووە و پڕۆژەکە بە گوژمەی ملیارێک و دوو سەد و هەشتا ملیۆن دیناری عێراقی، لەسەر بودجەی تایبەتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
ماوەی تەواو بوونی پڕۆژەکە سێ سەد ڕۆژی کارکردنە و کارەکانی بەسەر دوو قۆناغ دابەشکراوە تا بە شێوەیەکی زانستیانە جێبەجێ بکرێت، سەرچاوەی سەرەکی ئاوی پڕۆژەکە ڕووباری باڵەکلیانە، کە لە ڕێگەی سیستەمی هاوچەرخی هەڵێنجان و خاوێنکردنەوە ئامادەی خواردنەوە دەکرێت و تێیدا سێ هەزار مەتر بۆڕی تایبەت و بەهێز لە جۆری هەشت ئینج بەکار دەهێندرێت و توانای بەرهەمهێنانی دوو سەد مەتر ئاوی پاکی خواردنەوەیو لە یەک کاتدا و ئەو بڕەش، بڕێکی گونجاوە لە دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەی دانیشتوانی سنوورەکە.
قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە، کە بریتی بوو لە وەرگرتنی ئاو لە سەرچاوە سەرەکییەکەی و دروستکردنی خەزانێکی گەورەی خوێنکردنەوە بوو، بە کوالێتی بەرز کۆتایهات و ئێستاش تیمە ئەندازیاریی و تەکنیکییەکان کار لە قۆناخی دووەمدا دەکەن، لە قۆناغی نوێشدا خەزانێکی گەورەی ئاو لە سەرووی گوندی بادلیان لەگەڵ ڕۆنانی تۆڕە جیاوازەکانی ئاو بنیات دەنرێت.
بە تەواو بوونی ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە، خزمەتگوزارییەکی گەورە و تەندروست پێشکەش بە ناوچەکە دەکرێت، کە دەبێتە هۆی کۆتایی هێنان بە گرفتی لەمێژینەی بێئاوی لە گوندەکانی بادلیان و دێلزیان و چەندین گوندی دیکەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.