رۆژنامەی ھەولێر

ڕەهەندەکانی خوێندنەوە, چەند سەرنجێک سەبارەت بە خولی هەژدەیەکی پێشانگەی کتێب لە هەولێر

هەمیشە پرسیارێکی دووبارە و سەیر دەکرێت، سەبارەت بە کۆتایی کتێب، یان بەسەرچوونی سەردەمی کتێب لەم سەردەمی ژیری دەستکرد و لێشاوی تەکنەلۆژییەدا، بەڵام هەمیشە ئەوانەی ئەو پرسیارانە دەکەن ئەوانەن کە یان لە هێزی کتێب تێنەگەیشتوون، یان بە چێژی ڕاستەقینەی مەعریفە و خوێندنەوە ئاشنا نین، چونکە ئەوەی کتێب پێمان دەدات لە هیچ جێگەیەکی دیکە دەستمان ناکەوێت (بێگومان من باس لە کتێبە ڕاستەقینەکان دەکەم، کە هەڵێنجراوی هزری نووسەران و بیرمەندانن). بۆیە ئەوەی بە چێژی ڕاستەقینەی کتێب بگات، بۆ هەمیشەیی دەبێت هاونشینی ئەو دونیایەی کە هەموو ڕۆژێک دوای خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەک هەست دەکەیت شتێکی نوێ فێربوویت و وانەیەکی نوێی سوودمەندت وەرگرتووە.

لەوەتەی دەخوێنمەوە، ئەگەر ڕۆژێک یان چەند ڕۆژێک نەمتوانی بێت بخوێنمەوە هەستم کردووە گەشەم وەستاوە، مێشکم هەر شتەکانی ڕۆژانی پێشووتری تێدایە و هیچ خۆراکێکی نوێی مەعریفیم پێ نەداوە، ئەمەش بۆ من جێگەی داخ بووە. بەڵام هەر ڕۆژێک بەیانییەکەم بە خوێندنەوە دەست پێ بکەم، ئەو ڕۆژە هەم چێژ لە پیاسە دەبینم، هەم ڕۆژەکەم جیاوازتر و بەرهەمدارتر دەبێت. خوێندنەوە ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژێک گەشە بە خۆمان و پڕۆژەکانمان بدەین. ڕێگەیەکە دەتوانین لەماڵەوە، یان لە باخچەیەک، یان لە هەر شوێنێک دڵخوازی ئێمە بێت بەبێ هاوکاری هیچ کەسێک ئاستی بیرکردنەوە و داهێنان و تێگەیشتنمان گەشە پێ بدەین.
هاوڕێیەکی خوێنەرم چەند ساڵێکە دەستی کردووە بە کاری بزنس و تێیدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام دەیگوت لەگەڵ هەموو سەرقاڵییەکانم بە کاری بزنسەکەمەوە هەرگیز لە خوێندنەوە دانەبڕاوم و ئەوەشم خستووەتە خزمەتی بزنسەکەمەوە. لێرەوە دەتوانین بڵێین خوێندنەوە تەنها یەک ڕەهەندی نییە، بەڵکو کۆمەڵێک ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە، کە هەر خوێنەرێک دەتوانێت لە یەکێک لەو ڕەهەندانەوە لێی سوودمەند بێت و هەندێک خوێنەریش دەتوانن لە چەند ڕەهەندی جیاجیاوە لێی سوودمەند بن.
لەم چەند ڕۆژەدا خولی هەژدەیەمی پێشانگەی کتێب لە شاری هەولێر کرایەوە، کردنەوەی ئەم پێشانگەیە تەنها ڕەهەندێکی کولتووریی و مەعریفی نییە، کە ئەو دوو ڕەهەندەی گەلێک گرنگ و پرشنگدارن، بەڵکو هەم ڕەهەندێکی ئابووریی هەیە، هەم ڕەهەندێکی سیاسیی، هەم ڕەهەندێکی گەشتیاریشی هەیە. سەبارەت بە ڕەهەندە کولتووریی و مەعریفییەکەی جارێکی دیکە لەم پێشانگەیەوە بە سەرچاوە ڕەسەنەکەی مەعریفە ئاشنابینەوە، کە کتێبە و لەم پێشانگەیەدا هەزاران سەرچاوەی نوێ بۆ کتێبخانەی کوردی و خوێنەری کورد دەستەبەر کراون، کە ئەمە خاڵێکی گرنگە و دڵی هەموو ئەو خوێنەرانە دەگەشێنێتەوە کە تامەزرۆی کتێبی نوێ و گەشتی نوێی مەعریفین لە جیهانی کتێبەکاندا. ناوەندەکانی چاپیش نمایشی نوێترین کتێبە چاپکراوەکانیان دەکەن و لە وڵات و ناوچەی جیاجیاوە کتێب و سەرچاوەی نوێیان بۆ ئەم پێشانگەیە هێناوە، کە ئەمەش وزەی نوێی مەعریفییە بۆ وڵات و زمانەکەمان.
سەبارەت بە ڕەهەندی ئابووریی دەکرێت چەند لایەنە بێت، بەڵام گرنگترین لایەنی ئەوەیە، کە جگە لەوەی خوێنەران بەشێک لە داهاتیان بۆ کتێب تەرخان دەکەن، هاوکات ناوەندە پەروەردەییەکان و ڕێکخراوەکانیش لەم بۆنە گرنگەدا ئاوڕ لە کتێب دەدەنەوە و بەشێک لە بودجەی خۆیان بۆ ئەم مەبەستە دەرخان دەکەن، ئەمە بێجگە لەو هەزاران دەستی کارەی لە ڕێکخستنی ئەم پێشانگەیە و چاپکردنی کتێب و گواستنەوەیدا ڕۆڵیان هەبووە. سەبارەت بە ڕەهەندەکانی سیاسی و گەشتیاریی زۆر ڕوونە، کە کولتوور هەمیشە پاڵپشتێکی گرنگە بۆ سەرخستنی سیاسەت و پیشاندانی نەتەوە وەکو بوویەکی سەنگین و خاوەن مەعریفە. هەر بوونی ئەم پێشانگەیە نیشانەی سەنگینی نەتەوەیەکە، کە هێشتا ڕووی لە کتێبە و ئەوکاتەی ڕوو لە چەک دەکات بۆ بەرگرییە، نەک داگیرکاریی. هەر بەبۆنەی ئەم پێشانگەیەوە جوڵەیەکی گەشتیاریی هەم لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دروست دەکات هەم لەنێوان هەرێم و وڵاتانی دیکە و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە گەشتیار لەوێشەوە دێنە پێشانگەکە.
خولی ئەمساڵی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب، کە لەژێر ناوی “من کوردستانیم” دایە، خولێکە دژ بە هەموو ئەو ئاڵەنگارییانەی ڕووبەڕووی پێشانگەکە بوویەوە و نەتوانرا لە مانگی نیسانی ڕابردوودا بەهۆی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکەوە ڕێک بخرێت. بۆیە کردنەوەی ئەم پێشانگەیە پێماندەڵێت ئەوەی سیاسەت تێکی دەدات بە کولتوور بونیادی دەنێتەوە. ئەوەی لە دونیای سیاسەتدا مرۆڤەکان دەبنە دوژمنی یەکتری، بەڵام لەنێو دونیای ئەدەب و فیکردا پێگەوە لە گفتوگۆدان و دەیانەوێت هەر ناکۆییەکیش هەبێت بە دیالۆگ چارسەر بکرێت، چونکە ئەوەی دواجار لە یەکتریمان نزیک دەکاتەوە تەنها دیالۆگە و کتێبیش هێزی ئەوەی تێدایە ڕۆحییەکی یەکتر قەبووڵکردن و دیالۆگکردن لە خوێنەراندا بچێنێت و زیاتر بکات.
گەشبینم بەم پێشانگەیە و هەر پێشانگەیەکی کتێب، کە بیرمان بخاتەوە هێشتا لەبەردەم سەرچاوەی ڕەسەنی مەعریفیدا هەموان بە چۆکدا دێن و نە ژیری دەستکرد و نە ئامێرەکانی دیکەی تەکنەلۆژیا جێگرەوەی کتێب نین، بەڵکو ئەوانیش مشەخۆرن بەسەر جەستەی کتێبەوە. واتە هەر پێشانگەیەکی کتێب گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکەی مەعریفە، کە کتێبە.

هێزی کتێب کۆتایی نییە