مامۆستا: دلاوەر شێخ محەمەد هەرکی
یەکێک لە کێشە دووبارەبووەکانی بەردەم توێژەران، نووسەران و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تەنانەت فێرخوازانی زمانی کوردی و ڕێنووسی ئەکادیمی، بریتییە لە چۆنیەتیی لکاندن، یان جیاکردنەوەی پاشگر و پێشگرەکان لە نووسین و دەقی نووسراودا.
شێوەی نووسین و ڕێنووسی ئەم ڕستانە هەڵەن:
١ــ لەناو هەواڵەکان دا بینیم. هەڵەیە.
٢ــ لە ناو هەواڵەکان دا بینیم. هەڵەیە.
٣ــ لە ناو هەواڵەکاندا بینیم. هەڵەیە.
٤ــ لەناوهەواڵەکان دا بینیم. هەڵەیە.
٥ــ لە ناوهەواڵەکاندا بینیم. هەڵەیە.
٦ــ لە ناوهەواڵەکان دا بینیم. هەڵەیە.
شێوەی نووسین و ڕێنووسی هەموو ئەو ڕستانەی، کە لەسەرەوە نووسیومانن هەڵەن، لە ڕستەی یەکەم، نابێت پاشگر و پاشبەندی (دا) بە وشەی پێش خۆیەوە نەلکێت، بۆیە هەڵەیە، کەواتە ئەم ڕستەیە یەک هەڵەی تێدا بوو.
لە ڕستەی دووەم، نابێت پێشگر و پێشبەندی (لە) بە وشەی (ناو)ەوە نەلکێت، بەڵکوو دەبێت پێکەوە بنووسرێن و ناوی شوێنی، یان هاوەڵکاری شوێنی دروست بکەن، دیسان نابێت پاشگری (دا) جیا بکرێتەوە لە وشەی پێش خۆیەوە، کەواتە دوو هەڵە لەو ڕستەیەدا هەبوون.
لە ڕستەی سێیەمیش دیسان نابێت، بنووسرێت (لە ناو)، لە ڕستەی چوارەم، دوو هەڵە هەن، یەکەمیان نابێت بنووسرێت (لەناوهەواڵەکان)، ئەم شێوەی نووسینە چاو ماندوو دەکات و خوێنەر بێزار دەبێت، جگە لەمەش دوو یەکەی فەرهەنگین، بۆیە دەبێت جیا بنووسرێن، بەم شێوەیە:
(لەناو هەواڵەکان)، هەڵەی دووەم، دیسان پاشگری (دا) جیا نووسراوە، بۆیە ئەم ڕستەیەش دوو هەڵەی تێدایە.
ڕستەی پێنجەم تەنیا یەک هەڵەی تێدایە، ئەویش پێشگر و پێشبەندی (لە) تەنیا نووسراوە، ئەمەش هەڵەیە.
ڕستەی شەشەم، دوو هەڵەی تێدایە، هەڵەی یەکەم پێشگری (لە) جیا نووسراوە، هەڵەی دووەم پاشگری (دا)ش دیسان تەنیا و جیا نووسراوە، هەموو ئەو ڕستانەی، کە نووسیمان هەڵە بوون.
ڕستەی: لەناو هەواڵەکاندا بینیم. ڕاستە و هیچ هەڵەیەکی ڕێنووسی و شێوەی نووسینی ستانداردی زمانی کوردی تێدا نییە.
حاڵەتێکی وەک چۆنیەتیی نووسینی ڕستەیەک، کە تێیدا پەیوەندیی نێوان پێشگری (لە) و پاشگری (دا) دێتە ئاراوە، مشتومڕی زانستیی لەسەرە.
بە پشتبەستن بە بنەماکانی مۆڕفۆلۆجی و ڕستەسازی، لە چوار ڕەهەندی زانستییەوە شیکردنەوە بۆ ئەم پرسە دەکەین و ڕێسای یەکجاریی بۆ دەخەینە ڕوو.
یەکەم: لایەنی مۆڕفۆلۆجی (پێکهاتەی وشە و کەرستە ڕێزمانییەکان)
لە ڕوانگەی مۆڕفۆلۆجییەوە، یەکە زمانەوانییەکانی ناو ڕستەی ناوبراو دابەش دەبنە سەر سێ توخمی جیاواز، کە هەر یەکەیان ڕێسای تایبەت بە خۆیان هەیە لە نووسیندا:
لەناو + هەواڵەکاندا + بینیم.
لە + ناو + هەواڵ + ەکە + ان + دا + بینی + م
ئـ. پێشگری (لە)، واژەیەکی سەربەخۆیە و وەک پێشگرێکی ئاراستەیی، یان لکاوی سەرەتایی کار دەکات، لە ڕێنووسی ستانداردی ئێستا، پێشگری (لە) کاتێک بۆ شوێن، یان ئاراستە بەکار دێت، لە ڕووی نەریتی نووسینەوە هەندێک جار بەیەکەوە و هەندێک جار جیا دەنووسرێت وەک: (لەناو)، بەڵام کاتێک دەبێتە بەشێک لە کایەیەکی شوێنیی یەکگرتوو، یەکخستنی لەگەڵ ناوی پاش خۆی مۆڕفۆلۆجییانە ڕەوایە، بنووسین:
لەناو هەواڵەکاندا،
بەڵام لە ڕستەی:
ــ لە قوتابخانە دەخوێنم. ڕاستە.
لە + قوتابخانە + دە + خوێن + م
دەبێت جیا بنووسین و نابێت بلکێنین بە ناوی پێش خۆی.
لێرە پێشگر نییە، بەڵکوو ئامرازە.
ب. وشەکانی (ناو، پێش، سەر، خوار، ژێر، تەنیش، پاش و …هتد)، بۆ ناوهێنانی ئەمانەش ڕای جیاوازمان هەیە، بەشێک لە نووسەران و شارەزایانی زمان، پێیان دەڵێن: ناوی شوێن، بەشێکیان پێیان دەڵێن: هاوەڵکاری شوێنی، لە پڕۆگرامەکانی خوێندنیش تا ئێستا سنووری ئەمانە بەتەواوی لێک نەکراونەتەوە، بەتایبەت کاتێک ناوی شوێن دیسان بە دوایاندا دێن.
وەک: لەناو باخەکەدا دانیشتبووم.
ــ لەناو باخەکەدا،
ــ لەژێرمێز،
ناوی شوێنیی لێکدراوە.
ــ لەژێر مێزەکەدا،
گرێی هاوەڵکاریی شوێنییە.
ــ لەژێر،
هاوەڵکاری شوێنییە.
ئەم ناوانە بەپێی پڕۆگرامی خوێندن، هەن:
ــ ناوی لێکدراوی شوێنی
ــ هاوەڵکاری لێکدراوی شوێنی
ــ گرێی هاوەڵکاری شوێنی
لە پەرتووکی هەندێک پۆلیش جیاوازتر باس کراوە، کە باسی ئامرازی پەیوەندی و ناوی تەواوکەری بەیاریدە کراوە.
وەک: لە قوتابخانە دەخوێنم.
ئامرازی پەیوەندی + ناو، تەواوکەری بەیاریدە + کاری ڕستە + جێناوی بکەر
ج. پاشگری (دا): لە ڕێزمانی کوردیدا، پاشگرێکی جێگیرە و پاشبەندی شوێن، یان کاتە، یان بەشی دووەمی ئامرازی پەیوەندییە، تایبەتمەندیی سەرەکیی مۆڕفۆلۆجیی (دا) ئەوەیە؛ کە هەمیشە پاشگرێکی لکاوە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت لە ڕووی ڕێزمانییەوە بە سەربەخۆیی و جیا لە دوای ناوێکەوە بوەستێت.
بۆ نموونە نووسینی: (هەواڵەکان دا)، هەڵەیەکی باوە، چونكە پاشگر ناسەربەخۆیە و پێویستیی بە بنکەیەک هەیە، کە پێیەوەی بلکێت).
شێوەی جیای (دا) هەیە، بەڵام دەبێت ئاگادار بین و تێکەڵ نەکەین بە کار، یان چاوگی (دان، پێدان، لەدەستدان و …هتد)، لێرە بە هیچ شێوەیەک نابێت بلکێت، بەڵکوو دەبێت جیا بنووسرێت.
وەک:
ــ ئەو کارەکەی لەدەست دا.
ــ زەنگەکەی لێ دا.
ــ پارەکەم پێی دا.
دووەم: شیکردنەوەی ڕستەسازی و هۆکاری ڕاستیی لە ڕستەی:
لەناو هەواڵەکاندا بینیم.
لە ڕووی ڕستەسازییەوە، ئەم پێکهاتەیە لەم توخمانە پێک هاتووە:
گرووپی پێشگری شوێنی، یان فرێز و تەواوکەری کارەکە، کە پێک هاتووە لە:
لەناو هەواڵەکاندا،
لێرەدا، وشەی (ناو) لەگەڵ پێشگری (لە) و پاشگری (دا) هاوکات چوارچێوەیەکی ناوی پێک هێناوە، کە تەواوکەری باری، یان گرێیەکی شوێنییە، بۆیە نابێت پێشگری (لە) و وشەی (ناو) لێک جیا بکەینەوە، بە هەمان شێوە نابێت ناوی (هەواڵەکان) و پاشگری (دا)ش لێک جیا بکەینەوە.
ناشکرێت هەر هەموویان پێکەوە بنووسین بەم شێوەیە.
لەناوهەواڵەکاندا، ئەمە هەڵەیە و من ناوم ناوە نووسینی (قیتاری، یان شەمەندەفەری)!
بۆیە پاشگری (دا) لە کۆتایییەکەیدا دەچێتە سەر وشەی (هەواڵەکان)، کە (ئامرازی ناسینی ــ ەکە و نیشانەی کۆی ان)ی وەرگرتووە و بە تووندی پێیەوەی لکاوە، جیاکردنەوەیان هێز و کاریگەری دەبێت لەسەر خوێندنەوە و مانای ڕستەکە.
ئەمە نیشانەی باڵای ڕستەسازییە، چونكە پاشبەند و پێشگری (دا) جەخت لەسەر ناوەوەی شوێنەکە دەکاتەوە و بڕگەکە پێکەوە گرێ دەدات.
سێیەم: جیاکردنەوەی پێشگر و پاشگر لە کاتی ناگونجاویدا،
وەک لە شێوازەکانی تری وەک (لە ناو … دا) دەبینرێت، دابڕانی پاشگری (دا) لە کۆتاییی ڕستەکەدا، پەیوەندیی مۆڕفۆلۆجیی نێوان ناو و پاشگرەکە دەپچڕێنێت، کە ئەمەش لە ڕووی زانستییەوە پێچەوانەی یاساکانی لکاندنە لە زمانی کوردیدا.
چوارەم: تێکەڵکردنی ناڕاستی وشەکان،
دروستکردنی شێوازی دەستکرد وەک: (ناوهەواڵەکان)، مانای وشەکە دەگۆڕێت و تێکەڵییەک دروست دەکات، کە لە ڕووی واتایییەوە ناتەواوە، (چونكە مەبەست ئەوە نییە، کە ناوەڕۆکی هەواڵەکان مەبەست بێت، بەڵکوو مەبەست بینینی شتێکە، لە ناو دەقی هەواڵەکاندا).
یاسا زانستییەکان و ڕێسای گشتی بۆ توێژەران، نووسەران و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن،
بۆ ئەوەی ئەم بابەتە لە شێوەی ڕێسایەکی زانستیی یەکجاری بۆ نووسینی توێژینەوەکان و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاو بکرێتەوە، دەتوانین ئەم دوو خاڵە وەک دەرەنجامی کۆتایی ڕابگەیەنین:
۱. ڕێسای پاشگری لکاو (دا):
پاشگری شوێن و کات، یان بەشی دووەمی ئامرازی پەیوەندی (دا)، هەمیشە بەلکاوی دەمێنێتەوە، واتە دەبێت پێش ناو، یان وشەی پێش خۆیەوە بلکێت و ببەسترێتەوە و جیاکردنەوەی بە تەنیا و جیانووسینی لە دوای وشەکانەوە پێچەوانەی سروشتی مۆڕفۆلۆجیی زمانەکەمانە و نابێت جیا بنووسین.
۲. یەکخستنی کایەی شوێنی (لەناو): دەربڕینی شوێنی بە یەکخستنی پیشگری (لە) لەگەڵ (ناو) (لەناو، لەپێش، لەتەنیشت، لەسەر، لەخوار، لەژێر لەپاش) یارمەتیدەرە بۆ پتەوکردنی کەرستەی ڕستەسازی و ڕێگریکردن لە پەرتەوازەییی وشەکان، بە مەرجێک نەبێتە هۆی تێکچوونی واتای ڕەسەنی وشەکە.
ئەنجام
کەواتە، لە ڕوانگەی زانستی، مۆڕفۆلۆجی و ڕستەسازییەوە، شێوەی (من لەناو هەواڵەکاندا بینیم.) ڕاستە و ڕێگەی زانستی و ڕێزمانییە کە دەبێت لە دەقە فەرمی، ئەکادیمی و ڕۆژنامەوانییەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پەیڕەو بکرێت، چونکە هەم یاسای لکاندنی پاشگرەکان پارێزراوە و هەم پێکهاتەی ڕستەکە لە ڕووی واتایی و ڕێزمانییەوە تەواو و بێگردە.
سوود لەو سەرچاوانە وەرگیراوە:
ــ پوختەی ڕێنووس و خاڵبەندی
ــ ڕێبەری ڕێنووس و خاڵبەندیی وەزارەتی پەروەردە
ــ پەرتووکەکانی بڕۆگرامەکانی خوێندن
پۆلی ٨، پۆلی ۹، پۆلی ۱۱، پۆلی ۱۲

