رۆژنامەی ھەولێر

دكتۆر محەمەد تەها حوسێن:

خوێندنه‌وه‌ی : حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف

لە شەودا؛ جۆرێکی تر بیردەکەمەوە،
تاریکی؛ لە ڕووناکی زیاتر دەمفڕێنێ.
لە نووتەکدا؛ خۆت ئیش دەکەی،
لە ڕۆژدا؛ ئەوانی تر.
ئەنگوستەچاو بۆ ئەوە نییە
بخەوی؛
بۆ ئەوە نییە هەڵاژێی.
ڕۆژ؛ بەرهەمی زەمەنێک لە تاریکییە
تیایدا بە یەکتر دەحەسێینەوە.
کە یەکتر دەبینین؛
تەنها بیر لە خۆمان دەکەینەوە،
کە چاو دادەخەین
لە هەموو دنیا.
شەو نییەتێکی دیکەی نییە
جگە لە خەیاڵ،
لە ڕۆژدا؛ جەستە لە خۆیدا
دیلمان دەکاتەوە و
تینمان لێدەبڕێ؛
تا ئه‌و دەمەی
نەرم نەرم شەوەزەنگ هەڵماندەلووشێ.
لەوێدا دەچینە خەونی شەیتان و
باخی سێوان دەڕنینەوە.
***
ــ شیعری (خۆم لە دوو دەرکەوتندا)ی دکتۆر محەمەد تەها حسێن، دەقێکە کە لە سنووری نێوان بیرکردنەوە و بووندا دەجووڵێت؛ دەقێک کە لە ڕووی دەرەوە باس لە شەو و ڕۆژ دەکات، بەڵام لە ڕووی ناوەوەیدا گفتوگۆیەکی قوڵ لەگەڵ ( خۆی) و ناخی مرۆڤه‌كانی ده‌وروبه‌ر ئه‌نجامده‌دات و ناخیان ده‌وروژێنێ . شەو و ڕۆژ لەم دەقەدا تەنها دوو کات لە کاتژمێری ژیان نین، بەڵکو دوو دۆخی بوون و دوو شێوەی دەرککردنی جیهانن.
ناونیشانی شیعره‌كه‌ (خۆم لە دوو دەرکەوتندا) لە ده‌سپێكه‌وه‌ کلیلی ده‌رگای خوێندنەوەی دەقەکەمان پێدەدات. (خۆم) لە یەک دۆخدا یەک (خۆم) نییە؛ لە شەودا بە شێوەیەک دەردەکەوێت و لە ڕۆژدا بە شێوەیەکی تر. بەم پێیە،ڕه‌نگه‌ شاعیر (خۆی) وەک شتێکی جێگیر و نەگۆڕ نەبینێت، بەڵکو ( خۆی) وەک بوونێکی گۆڕاو و پەیوەست بە دۆخی دەوروبەر دەبینێت. دكتۆر محه‌مه‌د له‌سه‌ره‌تای ئه‌و شیعره‌دا پێمانده‌ڵێت::
(لە شەودا؛ جۆرێکی تر بیردەکەمەوە)
ئەم دەستپێکردنە گرنگە، چونکە شەو لێرەدا تەنها نەبوونی ڕۆژ نییە؛ شەو دەبێتە مەودای بیرکردنەوە. شاعیر لە شەودا خۆی بە شێوەیەکی جیاواز دەبینێت و دەیەوێت بزانێت ئەو (خۆ)یەی لە ڕۆژدا دەژی، لە تاریکیی شەودا چییە!؟ هه‌روه‌ها دەڵێت:
(تاریکی؛ لە ڕووناکی زیاتر دەمفڕێنێ.)
ئەم دەربڕینە لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی ئاسایی نێوان تاریکی و ڕووناکی دەشکێنێت. لە زۆر دەقە ئەدەبییەکاندا ڕووناکی نیشانەی زانین و تاریکی نیشانەی نەزانینە؛ بەڵام شاعیر ئەم هاوکێشەیە دەگۆڕێت. تاریکی لە ڕووناکی (زیاتر) دەیفڕێنێت؛ واتە تاریکی دەتوانێت مرۆڤ بەرەو ناو جیهانی ناوه‌وه‌ی خوود ببات. به‌وه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ تاریکی بۆته‌ ڕووناکیی ناوەوەی خوود
لە نووتەکدا؛ خۆت ئیش دەکەی،
لە ڕۆژدا؛ ئەوانی تر
ئەم دوو ده‌سته‌واژه‌یه‌ کۆنتراستی سەرەکیی شیعرله‌ناخی كه‌سییدا دروستدەکەن. (نووتەک) شوێنی خۆیی و تایبەتیی مرۆڤە؛ شوێنێک کە مرۆڤ لە ژێر چاودێریی کۆمەڵگادا نییە. لەوێدا خۆت ئیش دەکەیت؛ واتە مرۆڤ دەگەڕێتەوە ناوه‌وه‌ی خۆی. بەڵام (ڕۆژ) کاتی کۆمەڵگا و چاوی ئەوانی ترە. لە ڕۆژدا مرۆڤ بەردەوام لەگەڵ ئەوانی تردا دەژی، و بەمشێوەیە خۆی لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگا و هەڵسەنگاندنی کەسانی دەوروبەردا دادەنێت. لێرەدا دەق دەچێتە ناو کێشەیەکی بنەڕەتیی بوونی مرۆڤ: ئایا ئەو (خۆ)یەی کە لە کۆمەڵگادا دەردەکەوێت، هەمان (خۆ)یە کە لە نهێنیی( خۆی)دا دەژی؟ لێره‌دا شیعر وەڵامی ڕاستەوخۆ ناداتەوە؛ بەڵام بە دروستکردنی دوو دۆخ، جیاوازییەکەمان پێشاندەدات. ئه‌وه‌تا دكتۆر دەڵێت:
ئەنگوستەچاو بۆ ئەوە نییە
بخەوی؛
بۆ ئەوە نییە هەڵاژێی.
لێرەدا (ئەنگوستەچاو) دەبێتە نیشانەیەکی نە خەوتن و نە بیداریی تەواو. لە نێوان دوو دۆخدا هەڵواسراوە. ئەم دۆخە دەتوانرێت لە ڕوانگەی دەروونناسیی ئەدەبییەوە وەک دۆخی ناهۆشیاری و نیمچەهۆشیاری بخوێندرێتەوە؛ ئەو کاتەی مرۆڤ نە بە تەواوی لە جیهانی دەرەوەدایە و نە بە تەواوی لە جیهانی ناوخۆی خۆیدا. بەم پێیە، شیعر لە سنووری (بێداری/خەوتن) تێدەپەڕێت و دەچێتە ناو سنووری سێیەم؛ سنورێك کە خەیاڵ و بیر و ناهۆشیاری تێکەڵدەبن.
ڕۆژ؛ بەرهەمی زەمەنێک لە تاریکییە
تیایدا بە یەکتر دەحەسێینەوە.
دكتۆر لێرەدا پەیوەندیی نێوان تاریکی و ڕۆژ بە شێوەیەکی دیالێکتیکی دەبینێت. ڕۆژ لە تاریکییەوە دەردەچێت؛ واتە ڕووناکی بەبێ تاریکی مانای خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه‌. بەڵام ڕسته‌ی (تیایدا بە یەکتر دەحەسێینەوە) مانایەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی هەیە. مرۆڤەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا لەگەڵ یەکتر دەژین، بەڵام ئەو نزیکبوونەوەیە لەوانەیە نزیکبوونەوەی ڕاستەقینەی (خۆ)یه‌کان نەبێت.
کە یەکتر دەبینین؛
تەنها بیر لە خۆمان دەکەینەوە،
کە چاو دادەخەین
لە هەموو دنیا
ئەم دێڕانە کێشەی خۆپەرستی و خودبینینی مرۆڤی نوێ دەخەنەڕوو. مرۆڤ لە کاتی بینینی یەکتر، لە ڕاستیدا لە (خۆ) یەوە دەڕوانێت؛ بەڵام کاتێک چاو دادەخات، هەموو جیهانی دەرەوە لە دۆخی هۆشیاریی ئەودا دەخەوێت.
شەو نییەتێکی دیکەی نییە
جگە لە خەیاڵ
ئەم دێڕە شەو دەکات بە جیهانی خەیاڵ. شەو بۆنووسه‌رکاتی وەستاندنی یاساکانی ڕۆژانەیە؛ لەوێدا واقیع کەم دەبێت و خەیاڵ دەست بە دروستکردنی واقیعێکی نوێ دەکات. لە ڕوانگەی تیۆری ئەدەبیی نوێدا، خەیاڵ تەنها هەڵاتن لە واقیع نییە؛ بەڵکو شێوازێکە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی واقیع. شاعیر لە خەیاڵدا جیهانێکی تر دروستدەکات.
لە ڕۆژدا؛ جەستە لە خۆیدا
دیلمان دەکاتەوە و
تینمان لێدەبڕێ
ئەم بەشە ڕەهەندێکی (بوون)یی و (فەلسەفی) بە دەقەکە دەبەخشێت. جەستە لە خۆیدا دەبێتە زیندان. مرۆڤ لە جەستەی (خۆ)یدا دەژی، بەڵام هەمان جەستە سنوورێکە بۆ ئازادیی خەیاڵ و ڕۆح. (تینمان لێدەبڕێ) ئاماژەیه‌كه‌ بۆ وشکبوونی هەست و ئارەزوو لە ژیانی ڕۆژانەدا؛ واتە ڕۆژ بە هەموو ڕووناکییەکەیەوە لەوانەیە مرۆڤ لە ناوه‌وه‌ی (خۆ) دا بێهێز و بێ‌تین بکات. بۆیه‌ لە بەرامبەردا، شەو دەرفەتی هەناسەدان و گەڕانەوەی خەیاڵە. نووسه‌ر کۆتایی دەقه‌كه‌ی بە وێنەیەکی زۆر هەستیار قفڵ ده‌كات :
تا ئەو دەمەی
نەرم نەرم شەوەزەنگ هەڵماندەلووشێ.
لەوێدا دەچینە خەونی شەیتان و
باخی سێوان دەڕنینەوە !
(شەوەزەنگ) لێرەدا تەنها تاریکبوونی ئاسمان نییە؛ بەڵکو دەروازەی گواستنەوەی مرۆڤە لە واقیعی ڕۆژانەوه‌ بۆ جیهانی خەون. (نەرم نەرم) مرۆڤ بە یەکجار لە واقیع ناخاته‌ دەرەوە، بەڵکو بە هێواشی لە جیهانی هۆشیارییەوە دەیباته‌ ناو جیهانی ناهۆشیاری. كه‌ ده‌شڵێت : (خەونی شەیتان) و (باخی سێوان) دوو وێنەی جیاوازن، بەڵام هەردووکیان لە جیهانی خەون و ناهۆشیاریدان. (شەیتان) دەتوانێت نیشانەی لایەنی تاریک و نائارامیی ناهۆشیاری بێت، لە کاتێکدا (باخی سێوان) نیشانەی ژیان وخۆشی، یادەوەری و بەهەشتێکی ونبوو بێت. بەمشێوەیە، نووسه‌ر کۆتایی شیعره‌كه‌ وه‌ك تابلۆیه‌كی جوانی فه‌لسه‌فی به‌ دیواربه‌ندی ( تاریکی و جوانی، ترس و ئارەزوو، مەرگ و ژیان) هەڵده‌واسێت. زمانی ئه‌ودەقه‌ی نووسه‌ر له‌ ده‌رووندا سادەو فه‌لسه‌فیانه‌ له‌ وه‌زع و مه‌وزوع، ده‌ڕوانێت . بەڵام بیرۆکەکان قووڵن. نووسه‌ر زۆر جار لە ڕستەی کورتی و وەستانەکان سوود وەردەگرێت. خاڵبەندی و وەستانی دێڕەکان بە تایبەتی بەکارهێنانی (؛) ریتمێکی بیرکردنەوە بە دەقه‌كه‌ی دەدات. واته‌ نووسین بە کەمترین وشە، زۆرترین واتا دروستدەکات. ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی شیعرونووسینی نوێ: کەمکردنەوەی وشە و فراوانکردنی ئاستی مانا. له‌ كۆتاییدا زۆر به‌ڕاشكاوی ده‌ڵێم : شیعری (خۆم لە دوو دەرکەوتندا) دەقێکە لەسەر شەو و ڕۆژ، بەڵام لە بنەڕەتدا دەقێکە لەسەر (مرۆڤ و خوود ) بوونی (خۆ) لەم شیعرەدا بوونێکی یەکپارچە نییە؛ (خۆ)ی ڕۆژ و (خۆ)ی شەو هەیە. خۆیەک کە لە کۆمەڵگادا دەژی و چاوی (ئەوانی تری )لەسەرە، و (خۆ)یەکی تر کە لە تاریکیی شەودا بۆ ناو ناخی نووسه‌ر (خۆی) دەگەڕێتەوە.
لە کۆتاییدا، شاعیر شەو بەرامبەر ڕۆژ دانانێت، بەڵکو هەردووکیان وەک دوو ڕووی یەک (بوون) دەبینێت. ڕۆژ بەرهەمی تاریکییە و تاریکی دەرفەتی دەرککردنی (خۆ)یە. بۆیە (خۆم لە دوو دەرکەوتندا) شیعرێکە لەسەر شەو و ڕۆژ، بەڵام گه‌ر قوڵتر لێی بڕواندرێت هه‌ناسه‌ی ده‌روونیی و فەلسەفەیەکی بچووکە لەسەر (خوود)
***
• كاك دكتۆر له‌ شیعری (قورینگەکانی بەهەشت!!) دا پێمانده‌ڵێت:
ئەوان هاتن؛
هەرچی هەناسەی سارد هەبوو
لە کۆڵیان نا،
وتیان:
ئێمە؛ نێردەی قورینگەکانی بەهەشتین.
بڵند بڵند…زۆر زۆر بڵند
بەسەرماندا گوزەریان کرد.
هەناسەکان لە سپیایی بەفر وەردران
کڵۆ کڵۆ…
بە قوڕگی شاخدا چوونە خوار.
لە گوڵە خوێنە حاڵی نەبوون،
سوورایی هەرەتەی کردن،
یەخەی خۆشەویستانیان پێ نەنەخشاند.
گوڵ هەمیشە بە ڕەنگ دەدوێ،
کە خونچە دەم دەکاتەوە
بە هەموومان دەڵێ:سڵاو؛
پێدەکەنێ!
هیچ لەبارەی خوێن نازانێ.
جوانی لە زمانی خوێن ناگا؛
ئەوە نەبێ؛تەنها سووڕی
نێوان دڵان دەنەخشێنێ.
هەناسەکان گەرم دادێن
لە سینان دا قەتیس دەبن
لە چاواندا دەبنە فرمێسک.
***
ـــ دەقی (قورینگەکانی بەهەشت)ی كاك دكتۆر محەمەد تەها حوسێن، دەقێکی پڕە لە نیشانە و سیمبۆل و دووانەییی دژبەیەکەکانە؛ دەقێک کە لە ڕووی دەرەوەدا باس لە هاتنی گرووپێک دەکات کە خۆیان بە (نێردەی قورینگەکانی بەهەشت) دەزانن، بەڵام لە ڕووی ناوه‌وه‌ی دەقەکەدا، وێنەی بەهەشت بەرامبەر بە وێنەكانی (خوێن و فرمێسک وساردیی و مرۆڤایەتیی و بریندار) دادەنرێت. بنەمای سەرەکیی دەق، لە پەیوەندیی نێوان (جوانیی و خوێن، بەهەشت و زەوی، گوڵ و مرۆڤ، هەناسەی سارد و هەناسەی گەرم و زمانی جەمال و زمانی زبرو ئازار) پێکدێت. لەبەر ئەوە، ئەم دەقە تەنها شیعرێک نییە لەسەر سروشت؛ بەڵکو پرسیارێکی ئەخلاقییە لەسەر ئەوەی کە جوانی چۆن دەتوانێت لەگەڵ ئازار و خوێنی مرۆڤدا بژیت؟
قورینگەکانی بەهەشت!!، ئه‌وناونیشانه‌ له‌ ده‌سپێكدا وێنەی شوێنێکی پیرۆز و جوان و ئارامه‌؛ بەڵام کاتێک خوێنەر دەچێتە ناواخنی دەقەکە، ئەو (بەهەشت)ەتێكه‌ڵ به‌ (خوێن و فرمێسک و ساردیی و خه‌م وئازار) ده‌بێت . لێره‌دا ناواخنی شیعره‌كه‌ پارادۆكس و دژایه‌تییه‌ك درووستده‌كات له‌ نێوان به‌هه‌شتێكی پیرۆزوئارام و به‌هه‌شتێكی تێكه‌ڵ به‌ خوێن و فرمێسك و ئازار بۆیه‌ ئەم دژایەتییە، دەقەکە دەخاتە ناو پرسیارێکی گرنگ كه‌ده‌ڵێت : ئەگەر بەهەشت شوێنی جوانی و ئارامییە، بۆچی نێردەکانی به‌ هەناسەی سارد و خوێن و فرمێسک دەگەن؟ لەوێدا «بەهەشت» دەکرێت وەک سیمبۆلی پیرۆزیی و جوانی بخوێندرێتەوە، نەک بە تەنها شوێنێکی پڕ خوێن و ئازار به‌خش . نووسه‌ر ده‌ڵێت : ئەوان هاتن؛
ئەم (ئەوان)ە ناسنامەیەکی ڕوون نییە. نووسه‌ر ناویان نادات، بەڵکو بە جێناوی (ئەوان) پێمان دەناسێنێت. ئەمشێوازە لە ڕوانگەی شیکردنەوەی دەقەوە گرنگە، چونکە (ئەوان) دەکرێت بۆ هەر هێزێکی دەرەوەی (ئێمە) بێت؛ هەر هێزێک کە لە دەرەوەوە دێت و جیهانی خۆی بەسەر جیهانی ئەوانی تردا دەسەپێنێت.
ئێمە؛ نێردەی قورینگەکانی بەهەشتین.
دەق دوو جەمسەری زۆر جیاواز دروستدەکات كه‌ ده‌ڵێت:(ئەوان) و ( ئێمە) ئەم دووانەیییە بنەمای کۆمەڵێک پرسیاری دەروونیی و کۆمەڵایەتییە. یان ده‌ڵێت:
هەرچی هەناسەی سارد هەبوو
لە کۆڵیان نا)
«هەناسە» لە شیعرێکی مرۆییدا زۆرجار نیشانەی ژیانە. مرۆڤ تا هەناسە بدات، وجوودی هەیە و ده‌بێت. ساردیی هەناسە ئاماژەیه‌ بۆ دنیایه‌ك كه‌ خۆشەویستی و ژیان تێیدا لاواز بووە. بەڵام (ئەوان) لە کۆڵی خۆیان نا؛ واتە ئەو ساردییەیان لەگەڵ خۆیان برد. پێده‌چێت ساردی لێرەدا سیمبۆلی مردن بێت.
(هەناسەکان لە سپیایی بەفر وەردران
کڵۆ کڵۆ…
بە قوڕگی شاخدا چوونە خوار.)
سپیایی بەفر لە زمانی ئەدەبدا نیشانەی پاکیی، بێ‌تاوانیی و ئارامییە. بەڵام لێرەدا هەناسەکان لە سپیایی بەفر وەردەگیرێن و بە «قوڕگی شاخ»دا دێنە خوارەوە. ئەمە وێنەیەکی سینەمایی و جووڵەدارە. هەناسەکان وەک شتێکی ماددی دەبینرێن کە لە سەرەوە بەرەو خوارەوە دەجوڵێن. لە ئاستی سیمبۆلییەوە، سپیایی بەفر دەتوانێت وێنەیەکی پاک و جوان بێت کە لە ژێرەوە شتێکی تر لەخۆدەگرێت. لەناو دەقەکەدا گوڵ دەچێته‌ نێو گوڵدان و ئینجانه‌ی جەمالییەتیی شیعر:
لە گوڵە خوێنە حاڵی نەبوون،
سوورایی هەرەتەی کردن،
یەخەی خۆشەویستانیان پێ نەنەخشاند.
لێرەدا (سوورایی) دوو مانای پارادۆكسی دژبەیەک دەگرێتەوە:
سوورایی وەک ڕەنگی گوڵ و جوانی؛ سوورایی وەک ڕەنگی خوێن و ئازار. هاوكات ئەم دوو مانایە یەکتر لەناو نابەن؛ بەڵکو پێکەوە دەژین. ئەمە یەکێکە لە قووڵترین تایبەتمەندییەکانی دەق: خوێن و گوڵ هەمان ڕەنگیان هەیە، بەڵام هەمان مانایان نییە. گوڵ جوانییە؛ خوێن ئازارە. بەڵام كاك دكتۆر له‌ده‌قه‌كه‌یدا ئەم دووانەیە بەهۆی سوورایییەوە بە یەکترەوە دەبەستێتەوە. نووسه‌ر دواتر دەڵێت:
گوڵ هەمیشە بە ڕەنگ دەدوێ،
کە خونچە دەم دەکاتەوە
بە هەموومان دەڵێ: سڵاو؛
پێدەکەنێ
هیچ لەبارەی خوێن نازانێ.
ئەم بەشە لە ڕووی جەمالییەتیی دەقەوە زۆر گرنگە. نووسه‌ر له‌ به‌رامه‌و جوانیی گوڵه‌وه‌ بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی ده‌ڕوانێت؛ لای ئه‌و گوڵ دەدوێ و سڵاویش دەکات و پێشدەکەنێ ! بەمشێوەیە، لای نووسه‌ر گوڵ دەبێتە کەسایەتییەکی پاک و بێ‌تاوان. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:
(هیچ لەبارەی خوێن نازانێ)
گوڵ جوانی دەناسێت، بەڵام خوێن ناناسێت؛ واتە جیهانی جەمال دەتوانێت لە جیهانی ئازاری مرۆڤ بێ‌ئاگا بێت. نووسه‌ر له‌و ده‌قه‌یدا پێمانده‌ڵیت:
جوانی لە زمانی خوێن ناگا؛
ئەمە دەربڕین نییە؛ به‌ڵكو پرسیارێکی ئەخلاقییە. چونكه‌ جوانی زمانی خۆی هەیە؛ خوێنیش زمانی خۆی هەیە. جوانی بە ڕەنگ و بۆن و پێکەنین قسە دەکات، بەڵام خوێن بە ئازار و مردن و فرمێسک. كه‌واته‌ لەوێدا كاك دكتۆر سنوورێک لە نێوان جەمالییەتیی سروشت و حه‌قیقه‌تی مرۆڤ دادەنێت.بەڵام دواتر ئەو سنوورە بە تەواوی ناشکێنێت؛ بەڵکو دەڵێت:
(ئەوە نەبێ؛ تەنها سووڕی
نێوان دڵان دەنەخشێنێ.)
واته‌ گوڵ ناتوانێت زمانی خوێن بخوێنێتەوە، بەڵام دەتوانێت سووڕی ژیان و خۆشەویستی لەنێوان دڵاندا بنەخشێنێت. نووسه‌ر لە کۆتاییدا دەڵێت:
(هەناسەکان گەرم دادێن
لە سیناندا قەتیس دەبن
لە چاواندا دەبنە فرمێسک.)
ده‌توانین بڵێین: دەق لە هەناسەی سارده‌وه‌ دەستی پێكرد و بە هەناسەی گەرم کۆتایی هات، بەڵام ئەم هەناسە گەرمە لە سیناندا قەتیس دەبن و لە چاوانیشدا ده‌بنه‌ فرمێسک و هه‌ڵده‌ڕژێن !! دەقی (قورینگەکانی بەهەشت) لە ئاستێكه‌وه‌ دەقێکە پڕ لە وێنەی سروشتی وه‌ك : بەفر، شاخ، گوڵ و ڕەنگ؛ بەڵام لە ئاستێكی تره‌وه دەقێکی قوڵی( ئەخلاقی ــ مرۆیی ــ جەمالییە) دكتۆر محەمەد تەها حوسێنله‌و ده‌قه‌دا بە زمانی سیمبۆل و کۆنتراست، جیهانێک دروستدەکات کە تێیدا (بەهەشت ) بە (خوێن) و (گوڵ) بە (سوورایی)ی خوێن په‌یوه‌ستده‌كات، و (هەناسە) لە ساردییەوە بەرەو گەرمێی و لە گەرمێیەوە بەرەو فرمێسک دەبات. دكتۆر لە چه‌قی ئەم جیهانەدا (گوڵ و خوێن) ده‌كاته‌ دوو سیمبۆلی سەرەکی: گوڵ وه‌ك زمانی جوانیی، خوێن وه‌ك زمانی ئازار. لێره‌ نووسه‌ر نایەوێت یەکێکیان بسڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەوی تر بمێنێت؛ بەڵکو ئەو دووانەییە دەهێڵێتەوە، چونکە لە ڕاستیدا ژیانی مرۆڤ لە هەم جوانییە و هەم برین. بۆیه‌ لەو ڕوانگەیەوە، (قورینگەکانی بەهەشت) دەقی گەڕانە بەدوای بەهەشتی مرۆیی لە ناو جیهانی خوێن و ئازاردا؛ بەهەشتێک کە تەنها بە گوڵ و ڕەنگ ناناسرێت، بەڵکو بە توانای مرۆڤ بۆ خۆشەویستی، هەستکردن و گریانیش پێناسە دەکرێت.
***
•دكتۆر محه‌مه‌د ته‌ها له‌ شیعری (ئەمشەو لە هەموو دەم
زیاتر ڕقم لە خۆمە!!) ده‌ڵێت:
دار گوێزەکان پێیانوتم؛
متمانە نەکەی بە باران…
کە سفرەی بەیانیم ڕاخست:
گوێزێکی پوچەڵ ئەمەی بیر خستمەوە.
چنار خەوی لێخستم و
لە خەونمدا؛
هەر هەموویان باڵیان گرت و
سێبەریانم بەسەرەوە نەما.
ئەو کانیەی دەرس و دەوری
فەقێیانی لەسەر دەکرایەوە،
وشکهەڵات و
چیدی ئەلف سەر ئا؛ لام زەنە ئەلی لێ نەبیسترا.
چرا لە ڕووناکی تۆرا،
هیچی نەما وەیدرەوشێنێ….
مانگەشەویش
بەشی بەرپێی ڕێبوارانی نەدەکرد و
بە ناچاری؛
داری گوێزم بوو
بە گۆچان،
چناریش باڵای نیشتمان.
کانی لە جیاتی چاوانم
پڕی کردم لە فرمێسک و
مانگەشەویش، پڕ لە بینین!!
***
• ڕق لە (خۆ) بۆ دۆزینەوەی (خۆ)
شیعر لە قووڵترین ئاستەکانی خۆیدا، به‌ته‌نهاو تەنها دەربڕینی هەست نییە، بەڵکو جۆرێکە لە ناسین و دۆزینەوەی نهێنییەکانی (خوود) و بوونی مرۆڤ. برای نووسه‌ر لە ڕێگەی وشەوە هەوڵدەدات ئەو شتانە بخاتەڕوو کە زمانی ڕۆژانە لە دەربڕینیاندا ناتوانێت بە تەواوی سەرکەوتوو بێت. لەم ڕوانگەیەوە، شیعری (ئەمشەو لە هەموو دەم زیاتر ڕقم لە خۆمە!!) ی دکتۆر محەمەد تەها حوسێن، دەقێکی پڕ لە نیشانە و هێمای سروشتی و دەروونییە؛ دەقێک کە لە یەکەم وشەوە خوێنەر دەخاتە ناو جیهانێکی تاریک وبێ‌متمانە و پڕ لە پرسیار.
ناونیشانی شیعرەکە خۆی کلیلی یەکەمین خوێندنەوەی ئه‌م دەقەیه‌ . (ڕقم لە خۆمە) لە ئاستی ڕووکەشدا دەکرێت وەک دەربڕینی بێزارییەکی تاکەکەسی لە (خۆ) لێک بدرێتەوە، بەڵام لە ناو دەقەکەدا ئەم (خۆ)یە تەنها تاکە مرۆڤێک نییە؛ دەتوانێت نیشانەی دۆخێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت مێژوویی بێت. بەمشێوەیە، (ڕق لە خۆ) دەبێتە دەستپێکی پرۆسەیەکی ناسینەوە: مرۆڤ لە دۆخی خۆی ناڕازییە و بە هەموو هێزێک هەوڵدەدات بزانێت چی بەسەر ئەو جیهانەدا هاتووە کە پێشتر متمانەی پێی هەبوو.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم شیعرە بەکارهێنانی سروشتە وەک زمانی ناخ و ناوه‌وه‌ی مرۆڤ. (دارگوێز وباران و چنار و کانی و چرا ومانگەشەو و ڕێبوار) تەنها ناوی شتە سروشتییەکان نین؛ هەر یەکەیان لە ناو دەقەکەدا بارێکی هێمایی و دەروونی وەردەگرێت. وه‌ك برای نووسه‌رله‌و ده‌قه‌دا دەڵێت:
دار گوێزەکان پێیانوتم؛
متمانە نەکەی بە باران..
لێرەدا دارگوێزەکان دەبنە کەسایەتییەکی قسەکەر. سروشت به‌ مرۆڤایەتی کراوە و دەست بە ئامۆژگاریی مرۆڤ دەکات. بەڵام گرنگتر لەوە، ئەوەیە کە (باران) کە لە کەلتوور و ئەدەبیاتدا هێمای ژیان و نوێبوونەوە و بەخشینە، به‌ڵام لەم دەقەدا دەگۆڕێت بۆ هێمای بێ‌متمانەیی.
ئەم گۆڕینی واتایه‌ش زۆر گرنگە، چونكه‌ باران لە سروشتدا دەبێتە هۆی ژیان و سەوزایی، بەڵام لە دەقه‌كه‌دا پەیامی (متمانە مەکە) دەدات. واتە شاعیر بە ئامێرەکانی سروشتەوە جیهانێکی دەروونی دروستدەکات کە تیایدا تەنانەت ئەو شتەی دەبێت هیوابەخش بێت، دەکرێت ببێتە سەرچاوەی ترس و گومان. هاوكات لە بەشێكی دیكه‌ی شیعرەکەدا نووسه‌ر دەڵێت:
کە سفرەی بەیانیم ڕاخست:
گوێزێکی پوچەڵ ئەمەی بیر خستمەوە.
(سفرەی بەیانی) لێرەدا تەنها سفرەی نانخواردن نییە؛ دەتوانرێت وەک هێمای دەستپێکردنی ڕۆژ، هیوای ژیان و چاوەڕوانیی سپێده‌یه‌ك بخوێندرێتەوە. بەڵام ئەوەی لە ناو ئەم سفرەیەدا دۆزرایەوە (گوێزی پوچەڵ)ە. هه‌ڵبه‌تا گوێز لە ڕووكاردا تەواو و جوانە، بەڵام ناوەوەیدا پوچەڵە. ئەمە لە ڕوانگەی هێماو ڕه‌مووزه‌وه‌ وێنەیەکی زۆر بەهێزە بۆ جیهانێک کە ڕووکارەکەی شتێکە و ناوەڕۆکەکەی شتێکی تر. (گوێزی پوچەڵ) دەکرێت هێمای بەڵێنی بەتاڵ، هیوای نەگەیشتوو، متمانەی شکست‌خواردوو و یان ژیانێک بێت کە ڕووکارێکی هەیە، بەڵام ناوەڕۆکی پڕ نییە.
لە ڕاستیدا، ئەم هێمایە یەکێکە لە گرنگترین خاڵەکانی شیعر، چونکە (پوچەڵی) یان باشتر بڵێین : (گه‌نده‌ڵی ) لە ناو دارەوە بۆ ناو مرۆڤ دەگوازێتەوە. دار (پوچەڵ) نییە، بەڵکو بەرهەمەکەی (پوچەڵە) بەڵام نووسه‌ر ئەم پوچەڵییە لە ئاستی ژیان و بووندا هەستپێدەکات. لە بەشی دواتردا كه‌نووسه‌ر ده‌ڵێت :
چنار خەوی لێخستم و
لە خەونمدا؛
هەر هەموویان باڵیان گرت و
سێبەریانم بەسەرەوە نەما.
چنار لە کەلتوور و ئەدەبیاتی کوردیدا تەنها دارێکی سروشتی نییە؛ زۆرجار هێمای (ڕەگ و ڕیشە و بەهێزیی و ته‌ئریخ و بەرزی و بەردەوامییە) لێرەدا چنار خەو دەخاتە سەر نووسه‌ر، بەڵام لە خەوندا هەموو شتەکان (باڵ ده‌گرن) و سێبەریان نامێنێ .
(سێبەر) لەو دەقەدا هێمای پەنا و پاراستنە. کاتێک سێبەر نامێنێت، مرۆڤ لەبەر تیشکی توندی هه‌تاوی ڕاستییەکاندا بێ‌پەنا دەبێت. لەم واتایه‌دا لەدەستدانی (سێبەری چنار) لەدەستدانی پشتیوانی و ئارامی ومتمانە و پەنا یه‌ . هەروەها (باڵگرتن و نه‌مانی سێبەر) پەیوەندییەکی جوانی ڕۆحی هێمایی دروستدەکات . نووسه‌ر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی شیعره‌كه‌دا ده‌ڵێت :

(کانی) سەرچاوەیە؛ سەرچاوەی ئاو و ژیان و بەردەوامی. کاتێک ئەو کانییە وشک دەبێت، تەنها ئاو کەم نابێت، بەڵکو ژیان تەواو لەگەڵیدا دەکەوێتە مەترسییەوە. هه‌ڵبه‌تا ئه‌و كانییه‌ له‌و شیعره‌دا هێمای وشکبوونی سەرچاوەی كانی زانست و فێرکردن و پەروەردە و ڕۆشنبیرییه‌، لە هەمانکاتدا، ئاماژەکردن بە (فەقێ و ئەلف) دەقەکە لە سروشتەوە دەباتە ناو مه‌یدانی زانست و خوێندن و پەروەردە. (ئەلف) یش سەرەتای فێربوونی خوێندنە؛ بۆیە نەبیستنی (ئەلف) دەكرێت هێمای دۆخێک بێت کە تیایدا دەنگی زانست و فێربوون لاواز بووە. بەمشێوەیە، کانیی وشکبوو لە دەقەکەدا دەبێتە هێمای (وشکبوونی سەرچاوەی زانست و په‌روه‌رده‌و مه‌عریفه‌ !! نووسه‌ر دەڵێت:
چرا لە ڕووناکی تۆرا،
هیچی نەما وەیدرەوشێنێ….
چرایەک کە لە ناو ڕووناکیدا دەکوژێتەوە، وێنەیەکی پارادۆکسی ڕه‌ش وتاره‌ ؛ چونکە چرا خۆی هێمای ڕووناکییە، بەڵام لێرەدا تەنانەت لە ناو ڕووناکیدا خامۆشده‌بێت و ده‌كوژێته‌وه‌ . ئەم دژایەتییە لە نێوان (ڕووناکی و تۆراوبوون» دەبێته‌ هێمای دۆخێکی کۆمەڵایەتی و دەروونیی، کە تیایدا هەرچەند ڕووناکی هەیە، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت لەو ڕووناکییە سوود وەربگرێت.
ئەمەش لەگەڵ هەموو بەشەکانی پێشوودا هاوتەریبە: باران هەیە، بەڵام متمانەی پێ ناکرێت؛ دار هەیە، بەڵام بەرهەمەکەی پوچەڵە؛ چنار هەیە، بەڵام بێ سێبه‌ره‌ ؛ کانی هەیە، بەڵام وشکە؛ چرایەک هەیە، بەڵام ناتوانێت ڕووناكی ببه‌خشێت و بدرەوشێتەوە. نووسه‌ر لە کۆتایی ئه‌م شیعره‌دا باس له‌ بوونی (مانگەشەو) ده‌كات وده‌ڵێت:
مانگەشەویش
بەشی بەرپێی ڕێبوارانی نەدەکرد…
مانگەشەو له‌ ئاسۆدا هێمای شەو و ڕووناکییەکی لاوازە. بەڵام ئەو ڕووناکییە تەنانەت بەشی بەرپێی ڕێبوارانیش ناکات. مه‌به‌ست له‌ ڕێبواریش مرۆڤی گەشتیار و گەڕیده‌یه‌، هه‌ڵبه‌تا ئه‌و ڕێبوارانه‌ش بێ ڕێنوێن و له‌تاریكیدا هه‌نگاوان ده‌نێن .
بەمشێوەیە، كاك دكتۆری نووسه‌ر هەموو سەرچاوە ڕووناکییەکان یەک بە یەک دادەخات: بێ سێبەر کانی وشک، چرای كوژاوه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و مانگەشەوه‌ی هه‌شه‌ بەشی بەرپێی ڕێبوارانی ناكات و ڕێگای تاریك ڕووناك ناکاتەوە. نووسه‌ر له‌ ڕسته‌یه‌كی دیدا باس له‌ باڵای چنارئاسای نیشتمان ده‌كات، كه‌ده‌ڵێت :
بەناچاری؛
داری گوێزم بوو
بە گۆچان، چناریش باڵای نیشتمان.
دارگوێز لە سەرەتادا پەیامی بێ‌متمانەیی دەدات به‌ڵام لە کۆتاییدا دەگۆڕێت بۆ «گۆچان». گۆچان په‌ناو پشتیوانیی مرۆڤی پیرو لاوازه‌ کە لە ڕێگادا بە گۆچان دەڕوات.
چناریش لە دارێکی بێ زڕیه‌ت و بێ سێبه‌ره‌وه‌ دەگۆڕێت بۆ (باڵای كه‌ڵه‌گه‌تی نیشتمان). ئەمە گۆڕانێکی بەهێزی ڕه‌مزییه‌ : چنار لە سروشتەوە دەچێتە ناو قه‌وقه‌عی نه‌ته‌وه‌یی و بوونیه‌ی نیشتمانی.
بۆیه‌ له‌م شیعره‌دا نووسه‌ر ( چنار) لە ئاستی خوێندنەوەی نیشتمانییەوە، دەكاته‌ هێمای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمان، هه‌ڵبه‌تا نیشتمانیش ڕەگ و ڕیشەی مانەوەیه‌ . واتە ئەو شتەی لە خەوندا سێبەری نەماوە، لە کۆتایی شیعرەکەدا دەبێتە (باڵای به‌رزو كه‌ڵه‌گه‌تی نیشتمان)، كاك دكتۆر له‌ كۆتایی شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:
کانی لە جیاتی چاوانم
پڕی کردم لە فرمێسک و
مانگەشەویش . پڕ لە بینین.
دكتۆر له‌ كۆتاییدا بە شێوەیەکی زۆر ژیرانە هەموو هێماکانی پێشوو. له‌ بێ هیوایی و نائومێدییه‌وه‌، ده‌خاته‌ نێو بازنه‌ی ئومێدو لە ناو ناخی مرۆڤدا دەیكاته‌ ڕێژنه‌یه‌ك له‌ فرمێسک. كه‌ئەمەش خۆی له‌ خۆیدا لە ڕوانگەی دەروونییەوە زۆر گرنگە. چوونكه‌ فرمێسک تەنها نیشانەی خەم نییە؛ به‌ڵكو نیشانەی هەستێكی زیندووی یادەوەری و ماندووبوونی مرۆڤه‌. لێره‌وه‌ ده‌توانرێت بە واتایەکی تر بڵێین : ئه‌و کانیله‌یه‌ وشک نەبووە، بەڵکو شوێنی خۆی گۆڕیوە: لە دەرەوەی مرۆڤەوە بۆ ناو چاوی مرۆڤ. هەمان شت لەگەڵ مانگەشەویش ڕوودەدات. لە سەرەتادا مانگەشەو ڕێگای ڕێبوار ڕوون ناکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێتە (پڕ لە بینین) .

لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە
ناونیشانی (ڕقم لە خۆمە) دۆخێکی قووڵی دەروونیی دەخاتە بەردەم خوێنەر. بەڵام دەقەکە تەنها وەک دەربڕینی بێزاریی تاکەکەسیی لێک نادرێتەوە. هه‌ڵبه‌ت لە ناو شیعرەکەدا ئەو (خۆ)یە لەگەڵ جیهانێکی فراوانتردا پەیوەندی هەیە. لێره‌دا نووسه‌ر خۆی لەگەڵ باران دامتمانەی نییە، لەگەڵ گوێزی پوچەڵدا بەرەوڕووه‌و سێبەری چناری لەدەستداوە، وشکبوونی کانی دەبینێت و چرای کوژاوە یه‌وو مانگەشەویش ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ یان هه‌بێت، ناتوانێت ڕێگاکەی به‌رپێی ڕووناك بکاتەوە. بۆیە (ڕق لە خۆ) دەکرێت بە شێوەیەکی فراوانتر وەک (ڕق لە خوودو جیهانی دەوروبەر) بخوێندرێتەوە.
زمانی شیعر و هونەریی دەق:
زمانی ئەم شیعرە لە نێوان سادەیی و قووڵییە. وشەکان زۆربەیان وشەی ڕۆژانەن، بەڵام نووسه‌ری ئه‌و ده‌قانه‌ بە پەیوەندیکردنی ئەم وشانە بە یەکەوە، جیهانێکی نوێی واتایی دروستدەکات.
هێزی دەق لە وشەی قورس و نامۆدا نییە؛ لەوەدایە کە وشەی ئاسایی دەخاتە ناو کۆنتێکستی نامۆ و لەوێدا مانایه‌كی ساده‌و ڕه‌وانی نوێی پێدەبەخشێت.
له‌كۆتاییدا ده‌توانم بڵێم :شیعری (ئەمشەو لە هەموو دەم زیاتر ڕقم لە خۆمە!!) دەقێکی دەروونیی ـ ڕه‌مزی و هێماییە کە لە ڕێگەی سروشتەوە دەچێتە ناو قووڵایی بوونی مرۆڤ. چونكه‌ نووسه‌ر لە سەرەتادا جیهانێکمان بۆ دروستدەکات کە متمانە تێیدا شکستی خواردووە؛ بۆیە دەکرێت بڵێین ئەم شیعرە لە قووڵایی خۆیدا شیعری (گۆڕینی مانایە؛ لە پوچەڵییەوە بۆ په‌ناو پشتیوانیی، لە بێ‌سێبەرییەوە بۆ نیشتمان، لە وشکبوونەوە بۆ فرمێسک و لە تاریکییەوە بۆ بینین.
(ڕقم لە خۆمە) نابێتە وشەیەکی داخراو و بێ‌هیوا؛ بەڵکو دەبێتە دەستپێکی پرسیارێکی قووڵتر: مرۆڤ چۆن دەتوانێت لە ناو دۆخی قورس و تاریکدا مانای بوون و (خوود) له‌ خۆیدا دروست بکات؟
لەو ڕوانگەیەوە، بەهای سەرەکیی شیعرەکە لەوەدایە کەنووسه‌ر خەم و تاریکی بە کۆتایی ڕێگا نازانێت؛ بەڵکو لە ناو هەمان تاریکییەوە هێمایەک بۆ بینین و بەردەوامبوونی ژیان و دۆزینه‌وه‌ی خۆی، دروستدەکات. ئەمەش دەقەکە لە دەربڕینی هەستێکی تاکەکەسیی بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی پرسیارێکی ده‌روونیی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی .

• ژیاننامه‌ی نووسه‌ر :
* د. محەمەد تەها حوسێن
* دکتۆرا لە دەروونزانی کەسایەتی.
* ئەندامی ئەنجومەنی دەروونناسانی ئەمریکیە APA.
* پێگەی تایبەتی خۆی هەیە لە پێگەی عەرەبی الحوار المتمدن و زیاتر لە ١٢٠ نووسین و دیراساتی تێدا دوکۆمێنت کراوە.
* ئەندامی ناوەندی توێژینەوە و دیراساتی عیلمانیە لە جیهانی عەرەبی و لە پێگەکەیان لاپەڕەی تایبەتی خۆی هەیە.
* (22 )کتێبی لە بواری دەروونزانی و سایکۆلۆجیای خودی کوردی بە کوردی و عەرەبی نووسیوە.
* لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردی و عەرەبیەکان نووسینی بڵاوکراوەتەوە.
***
• سه‌رچاوه‌:
• ئه‌كاونتی فه‌یسبووكی د. محه‌مه‌د ته‌ها حسێن .
• هه‌ندێك زانیاری نووسه‌ر له‌ ده‌می خۆیه‌وه‌.