ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
ئەمشەو گەڕێکی دیکەی رووبەڕووبوونەوەکانی خولی یانە پاڵەونەکانی ئەورووپا بەڕێوە دەچێت، ریال مەدرید لەبەردەم ئەرکێکی ئاسان دایە، بەڵام یاریی لوتکە لە نێوان بایرن میونشنی ئەڵمانیا و ئارسیناڵی ئینگلیزی دەبێت.
ریال مەدرید ـ لایپزیگ
ئەگەڕچی ئەم دووانە مێژووییەکی گەورەیان لە یاریکردن لە دژی یەکتر نییە، سەرەڕای ئەوەش ڕووبەڕووبوونەوەکانی ڕیال مەدریدی ئیسپانی و لایپزیگی ئەڵمانی لە مێژووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا هەمیشە پڕبوون لە ڕکابەری و یاری بەهێز.
ریال مەدرید لە مێژووی خۆیدا 4 یاری لە دژی لایپزیگ کردووە، 2 یاری بردووەتەوە و یارییەکی دۆڕاندووە، ٦ گۆڵی کردووە و 4 گۆڵی لێکراوە.
ـ بۆ یەکەمجار لە قۆناخی کۆمەڵەکان لە وەرزی 2022 ـ 2023 بەیەکگەیشتن، ریال مەدرید یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێوەڵام بردەوە، گۆڵەکانی ریال مەدرید لەلایەن فیدریکۆ ڤالڤێردێ و مارکۆ ئەسێنسیۆ تۆمارکران.
ـ جاری دووەم لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ لە وەرزی 2023 ـ 2024 رووبەڕووی یەکتربوونەوە، ریال مەدرید یارییەکەی بە تاکە گۆڵێکی ناوازەی برایم دیاز بردەوە، لە یاریی گەڕانەوەدا بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان لە یاریگە هاتنە دەرەوە، گۆڵەکەی ریال مەدرید ڤینسیۆس جۆنیۆر تۆماری کرد، گۆڵی یانەی لایپزیگیش لە لایەن ویلی ئۆربان تۆمار کرا.
ئامارەکانی پاشای چامپیۆنزلیگ
ڕیال مەدریدی ئیسپانی بە پاشای چامپیۆنزلیگ ناسراوە، چونکە گەورەترین و سەرکەوتووەترین یانەیە لە مێژووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و تاکە یانەن زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکەیان بەدەستهێناوە.
ریکۆردەکانی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ
لە 519 یاری، 313 بردنەوەی هەیە و تاکە یانەیە 1143 گۆڵی تۆمار کردووە و 15 نازناوی بەدەستهێناوە.
ـ زۆرترین نازناو لە سەردەمی نوێدا: ڕیال مەدرید تاکە یانەیە کە توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی خەیاڵی لە نازناو تۆمار بکات، بە جۆرێک لە 10 ساڵی ڕابردوودا 5 جار جامەکەی بەرزکردووەتەوە.
ـ گۆڵکاری مێژوویی یانەکە: کریستیانۆ رۆناڵدۆ خاوەنی زۆرترین گۆڵە کە تێیدا 105 گۆڵی کردەوە، بەڵام بەگشتی لە چامپیۆنزلیگ بە درێسی یانەکانی مان یونایتد، ریال مەدرید و یوڤێنتووس 141 گۆڵی کردووە و پێشەنگی گۆڵکارانی مێژوویی پاڵەوانێتییەکەیە.
ـ زۆرترین بەشداریکردن: گۆڵپارێزی ناوداری جیهان ئیکەر کاسیاس تاکە یاریزانە لە مێژووی چامپیۆنزلیگ بەشداریی 152 یاری کردووە و پلەی یەکەمی گرتووە.
بایرن میونشن ـ ئارسیناڵ
ئەم یارییە سەرنجراکێشترین یارییەکانی ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ دەبێت، بایرن میونشن و ئارسیناڵ لە چەندان یاری رووبەڕووی یەکتربوونەوەتەوە و یەکتریان پڕگۆڵ کردووە.
لە مێژوودا بایرن میونشن و ئارسیناڵ 14 جار رووبەڕووی یەکتربوونەتەوە، بایرن 7 یاری بردووەتەوە، ئارسیناڵیش 3
سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. بایرن لە 14 یاری، 27 گۆڵی لە ئارسیناڵ کردووە، لە بەرامبەردا یانە لەندەنییەکە تەنیا 17 گۆڵی کردووە.
دواینجار ئەم دوو یانەیە لە قۆناغی چارەکی کۆتایی وەرزی 2023 ـ 2024ـی چامپیۆنزلیگدا ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە، بایرن میونشن لە یاریی چوون بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک یەکسانبوو، لە یاریی گەڕانەوەشدا بە گۆڵێکی بێوەڵام یارییەکەی بردەوە و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ.
بایرن میونشن سێ جار لەسەریەک بە ئەنجامی (5 – 0) سەرکەوتنی بەسەر ئارسیناڵدا تۆمارکردووە (دووجار لە قۆناغی کۆمەڵەکان و جارێک لە قۆناغی 16 لە وەرزەکانی 2015 و 2017، ئەمەش گەورەترین شکستەکانی ئارسیناڵە بەرامبەر بایرن میونشن.
یارییە ئاگرینەکانی دیکە
لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگ، ئەمشەو چەندان یاری دەیکە دەکرێن، یانەی کۆمۆی ئیتاڵیا بە راهێنەرایەتی سیسک فابریگاس رووبەڕووی مانچێستەر یونایتد دەبێتەوە.
کۆمۆ یەکەمجارە لە مێژووی دروستبوونییەوە بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکە دەکات، لە دوو یاریی رابردوو سەرکەوتنێک و شکستێکی تۆمار کردووە.
لە یارییەکی دیکەدا یانەکانی لیلی فەرەنسی و گەڵاتەسەرای تورکیا رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. یانەی یانەی ئاستۆن ڤیلا و ڤایکینگ بەیەکدەگەن. ئینتەر میلانی ئیتاڵیا و شاختاری ئۆکرانی بەرامبەر یەکتر یاری دەکەن.

