محەمەد سەعید کوردە
چەند ڕۆژێکە ژمارەیەک لە هونەرمەندانی شاری هەولێر لەسەر تەختەی شانۆی ڕۆشنبیری و جەماوەر، بەسەرپەرشتی (د.ژیلوان تاهیر) دەرهێنەری شانۆگەرییەکە و یوسف یوسفی یاریدەدەری دەرهێنەر خەریکی پڕۆڤەن لەسەر شانۆگەری (ئیمپڕاتۆریەتی هەیاس) ی ڕۆماننووس (د.محەمەد عەلی عوزێری) بۆیە لەو ئان و ساتەدا (د.ژیلوان تاهیر) دەرهێنەری شانۆگەرییەکە گوتی: دوای ئەوەی ڕۆمانی (ئیمپراتۆریەتی هەیاس) م بەدیاری لە (د.محەمەد عەلی عوزێری) وەرگرت و چەند جارێک خوێندمەوە زۆر پێی موعجب بووم، چونکە بە زمانێکی هەولێرییانەی زۆر جوان نووسرابەوە و مێژووەکەی دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکان، بۆیە لەلایەن خۆمەوە بڕیارمدا بیکەمە شانۆگەرییەکی پووخت و پێشکەشی شاری هەولێری بکەم، ئەوەیان شانۆگەرییەکی ئاهەنگ سازیە و زۆربەی ئەو گۆرانیانە تەوزیف دەکەین کە بۆ شاری هەولێر گوتراوە..
هەروەها هونەرمەند (بەکر مەعروف) کە ڕۆڵی سەرەکی لەو شانۆگەرییە بینیوە کە ڕۆڵی (هەیاس)ـە لەمبارەیەوە گوتی: جێی شانازییەکە ئێمە ژمارەیەک هونەرمەندی شاری هەولێرین و لە ژێر چەتری برای خۆشەویستمان د.ژیلوان تاهیر بەشداری لەو بەرهەمەدا دەکەین وەک بیرهێنانەوەیەک بۆ ئەو بێنازانەی کە ساڵانێک لە کوچەو کۆڵانەکانی گەڕەکی عارەبان وخانەقا و تەعجیل و تەیراوە و قەیسەری شاری هەولێر دەگەڕان و توانیان مێژووییەک بۆ شارەکە تۆمار بکەن، من کاتی خۆی لەلای ماڵی ئەحمەد چەلەبی هەیاسم بینیوە شیشەکی بەدەستەوە بوو ستەمیشی لەکەس نەدەکرد تەنها پەلاماری ئەوانەی دەدا کە تەشقەڵەیان پێدەکرد و شەڕیان پێ دەفرۆشت، خودی خۆم چەندین جار بەلایدا تێپەڕیوم قسەشی لەگەڵم نەکردوە…
هونەرمەندی بەشداربوو (کاوە حەسەن) کە ڕۆڵی جومعە شێتی هەیە گوتی: ئاسوودەم بەوەی لەو بەرهەمەدا بەشدارم و تا ئەندازەیەکی زۆر توانیمە ڕۆڵی جومعە شێت بەرجەستە بکەم، دواتر جەماوەر بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن.
دوا جار نووسەری شانۆگەرییەکە (د.محەمەد عەلی عوزێری) گوتی:
تێکستی شانۆگەرییەکە مانای ئەوەیە زمانەکە تەنها پەیڤی سەر کاغەز نیە، بەڵکو زمانێکی زیندووە ڕەوان و خاوەن ڕیتم
هەستێکی پڕ لە شانازییە کە دەبینی شێوەزاری هەولێری توانای بەرجەستەکردنی دراما و دایلۆکی شانۆیی بەرز و ئەدەبی هەیە، هەندێک پێیان وابوو شێوەزاری ناوچەیی مەودای بڵاوبونەوەی کەم دەکاتەوە ئەوە ورە و هاندەرێکی گەورەیە بۆ من تا بە هەمان ڕووحیەت و زەقکردنەوەی جۆرا و جۆری زمان کلتووری دەڤەرەکە لە نووسین بەردەوام بم.
ماوەتەوە بڵێین لەو شانۆگەرییەدا ژمارەیەک هونەرمەندی بە ئەزموون بەشدارییان تێدا کردوە وەک بەکر مەعروف، عەبدولقادر بریخت، کاوە حەسەن، نەوزاد شووشە، ئاکام شێرزاد، تەها بیبانی، سلێمان گەڵاڵی، ئاری جوامێر، د. بەڵقیس، سامڕاند دارا..
ئەو شانۆگەرییە تیپی هونەری هەولێر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بە هاوکاری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر هاتۆتە بەرهەم.

