رۆژنامەی ھەولێر

بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە سێ چارەگی یەکەمی ئەمساڵ ڕاگەیەنرا

بەرهەمهێنانی نەوت لە سێ چارەگی یەکەمی ئەمساڵ ڕاگەیەنرا ، عێراق لە مانگی ئەیلوول زۆرترین نەوت و لە مانگی ئایار کەمترین نەوتی بەرهەم هێناوە و تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت لەو نۆ مانگەدا گەیشتووەتە هەشتسەد و سی و چوار هەزار بەرمیل کە بەگشتی دەکاتە زیاتر لە دووسەد و بیست و پێنج ملیۆن بەرمیل.

ئەمساڵ دۆخی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی کەنداو ئاسایی نەبوو و تووشی دابەزینێکی زۆر بوو و لە داهاتی ئەو وڵاتەی کەم کردەوە. بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق دوای ئەوە دابەزی کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران جەنگ دەستی پێکرد و ئێران لە بڕیارێکدا گەرووی هورمزی بە ڕووی کەشتییە بازرگانییەکانی جیهان داخست و ئەمەش بووە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانێکی نوێی وزە لە جیهان.
وڵاتانی کەنداو کە بەرهەمهێنەری سەرەکی نەوتن و بە یەکەوە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانیان دابین دەکرد ئیتر نەیانتوانی ئەو نەوتە هەناردە بکەن و وەستانی هەناردە بووە هۆکارێکی سەرەکی بەرهەمهێنان لە بیرە نەوتەکان کەم ببێتەوە و داهاتەکان دابەزن.
زیاتر لە هەشتا و پێنج لەسەدی داهاتی عێراق پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت و دۆخەکە لەدوای دەستپێکردنی جەنگ ئەوەندە خراپ بوو هەناردەی نەوتی عێراق لە سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیلەوە بۆ چەند سەد هەزارێک دابەزی. حکوومەتی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە هانای بۆ یەدەگی دراو برد و دەیان ترلیۆن دیناری خەرج کرد و ئەو یەدەگەش کە ساڵانی پێشتر ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد تا ئێستاش ڕووی لە دابەزینە و بووەتە مەترسییەکی ڕژد لەسەر ئابووریی عێراق.
بەپێی دواین ئاماری دامەزراوەی ئابووریی ئێکۆ کە کۆی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە سێ چارەگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاو کردووەتەوە، هاتووە لەو وڵاتە ڕۆژانە هەشتسەد و سی و چوار هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە کە قەبارەیەکی زۆر کەمە چونکە حکوومەت هەموو ئەو نەوتەی کە بەرهەمی دەهێنێت هەناردەی ناکات بەڵکوو بەشێکی دەداتە پاڵاوگەکان بۆ پێویستییەکانی وەک بەرهەمهێنانی نەوتی سپی و گازوایل و بەنزین بەکاری دێنێت.
بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات زۆر ئاسایی بووە و تا بەر لە دەستپێکردنی جەنگ، لە عێراق ڕۆژانە چوار ملیۆن و سەد هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهات. لە مانگی ئادار بەرهەمهێنانی نەوت زۆر بە خێرایی دابەزی چونکە هەناردەکردنی نەوت وەستا بە شێوەیەک تێکرای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت لە مانگی ئادار گەیشتە ملیۆنێک و نۆسەد و شەش هەزار بەرمیل و سەرووی ملیۆن و نیوێک بەرمیل نەوت لە قەبارەی بەرهەمهێنان کەمی کرد.
دوای مانگێک لە جەنگ دۆخەکە خراپتر بوو، تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت لە مانگی نیسان گەیشتە ملیۆنێک و شەشسەد و سی وسێ هەزار بەرمیل و لە چاو پێشی جەنگ نزیکەی دوو ملیۆن و پێنجەدهەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت کەم بووەوە.
دۆخەکە دوای دوو مانگ لە دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران زۆر خراپتر بوو و تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە مانگی ئایار گەیشتە ملیۆنێک و چوارسەد و شەش هەزار بەرمیل.
وەک ئاشکرایە جەنگ چل ڕۆژی خایاند بەڵام کاریگەرییەکانی بەردەوام بوون و دوای جەنگیش بارگرژییەکان بە تایبەتی لە هورمز هەبوون. لە مانگی حوزەیران تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتە ملیۆنێک و پێنجسەد و بیست و پێنج هەزار بەرمیل.
لە چارەگی سێیەمی ئەمساڵ دۆخی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق تا ئاستێکی باش گۆڕانکاری بەسەردا هات و بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبووەوە و لەپاڵ بەرهەمهێنان هەناردەش زیادی کرد. تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت لە مانگی تەمووز لە چاو مانگێک پێشتر بۆ نزیکەی دوو هێندە هەڵکشا و گەیشتە دوو ملیۆن و نۆسەد و یەک هەزار بەرمیل.
دۆخەکە لە مانگی ئاب زۆر باشتر بوو و بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتە سێ ملیۆن و حەوتسەد و چل و شەش هەزار بەرمیل.
ئامارەکان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە کەرتی نەوت لە مانگی ڕابردوو لە عێراق زۆر بووژاوەتەوە و تەنانەت گەیشتووەتە سەرووی ئەو قەبارەیەی پێشی جەنگ بەرهەم دەهێنرا.
لە مانگی ئەیلوول عێراق بە تێکرا ڕۆژانە چوار ملیۆن و سێسەد و نەوەد و نۆ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە کە سێسەد هەزار بەرمیلی زیاترە لەو قەبارەیەی لە مانگی یەک و دوو بەرهەم هات.
عێراق جگە لە هورمز لە ڕێی هێڵی نەوتی کوردستان-جەیهانیش نەوتی ڕەوانە کردووە و هاوکات بە تانکەریش لە ڕێی بەندەری بانیاسی سووریاوە نەوتی بۆ بازاڕەکانی جیهان ناردووە.
ئامانجی عێراق ئەوەیە بەرهەمهێنان و لە هەمان کاتدا هەناردە زیاتر بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت کورتهێنانی بودجەی پێ پڕ بکاتەوە و هەناسەیەک بە دۆخە ئابوورییەکەی بداتەوە و ئەمەش لە ڕاستیدا کاتێک بەدی دێت کە هەڕەشە و مەترسییەکانیش بۆ سەر بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت کۆتاییان پێ بهێنرێت و ئاوێک بە ئاگری جەنگدا بکرێت.