ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.10.15، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە موئەید ئیسماعل، بەرێوەبەری گشتیی ئیدارەدانی ستراتیژیەتی كەمكردنەوەی هەژاری لەوەزارەتی پلاندانانی عێراقی فیداراڵی و شاندێكی یاوەری كرد.
دیدارەکە بە مەبەستی تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانانە ئەنجامدرا کە لە لایەن سندوقی کۆمەڵایەتی بۆ گەشەپێدان لە سنووری پارێزگای هەولێر وەک قۆناغی یەکەم جێبەجێ کراون.
لەدیدارەكەدا، تیشک خرایە سەر گرنگی ئەم پڕۆژانە لەسەر ئاستی گوند و ناوچە کەم دەرامەتەکان، کە ئامانجیان باشترکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان، و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا، ڕێگاوبان، و کەرتی پەروەردە و تەندروستییە.
پارێزگاری هەولێر وێڕای دەربڕینی پاڵپشتی تەواوی ئیدارەی پارێزگاکە بۆ سەرخستنی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە، ڕایگەیاند کە هەماهەنگی بەردەوام لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر کوالێتی خزمەتگوزارییەکان دەبێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە پێویستی زیاتریان بە ئاوڕدانەوە و گەشەپێدانی ژێرخان هەیە.
لەکۆتایشدا، هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامی و خێراکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی قۆناغی دووەم کردەوە، بە شێوازێک کە زۆرترین سوود بە ناوچە کەم دەرامەتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بگەیەنێت.

