رۆژنامەی ھەولێر

کەرکووک لە ڕووی ئیداری و ئەمنییەوە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و نیگەرانی بووەتەوە

دوای کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان، دۆخی ئەمنی لە کەرکووک و دەوروبەری ڕووی لە خراپ بوون کردووە، بۆشاییە ئەمنییەکانیش بوونەتە ھۆکارێک بۆ چالاکبوونی گرووپە تیرۆریستییەکان. بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت، دۆخی ئەمنی لە دەوروبەری شارەکە بەردەوام خراپتر دەبێت. چاودێرانی سیاسییش، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، تا کێشە سیاسییەکان چارەسەر نەکرێن، ئاڵۆزییەکان ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر دەبن.

ئێستا لە ناوچە کوردستانیەکان جگە لە تەعریب و داگیرکاری، دۆخی ئەمنیش خراپە و داعش چالاکییەکانی زیاتر کردووە، بەجێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ئەم کێشانە چارەسەر دەبن، بەڵام حکوومەتی عێراق ڕێگرە لە جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە، کە لە دەستووردا جێگیرکراوە. بەگوتەی بەرپرسانی کورد، ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە شتێکی گرنگە و دەبێت بارودۆخی خەڵک بگەڕێتەوە پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەو ھێزانەی کە لەناو شارەکانن، دەبێت بچنە دەرەوە، ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی ناوچە دابڕاوەکان زۆر لە کێشەکان چارە دەکات، چونکە تا ئێستا تەعریب لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان بەردەوامە، ئەوە بۆتە کێشەیەکی گەورە بۆ خەڵکی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان، بۆیە دەبێت بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە.
ھەندێک لایەنی عێراقی و گرووپە تیرۆریستییەکان، سوود لە پەرتەوازەیی لایەنە کوردستانییەکان دەبینن، ھەرکاتێک زانیان کێشە لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان ھەیە، پەلاماری کوردستان دەدەن. لە ترسی داعش و گرووپە چەکدارەکان ڕۆژبەڕۆژ خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ئاوارە دەبن و شوێنەکانیان بەجێ دەھێڵن. ھۆکاری تێکچوونی دۆخی ئەمنیی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە و سەرھەڵدانەوەی داعش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو ھێزەی خەڵکی کەرکووک دەپارێزێت، ھێزی ھەموو پێکھاتەکان نییە و ھێزی یەک پێکھاتەیە و بەرگری لە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان ناکات، وەکو چاودێران و خەڵکی ئەو ناوچەیە دەڵێن، دەبێت ھەرچی زووە پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک بگەڕێنەوە شارەکە.
چەندین کێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری یەخەی خەڵکی کەرکووکیان گرتووە، تابەرەو قوڵایی گەڕەکە کوردییەکان بڕۆی کێشەکان زیاتر دەبن، گردبوونەوەی زبڵ و خاشاک و نەبوونی ئاو و کارەبا و خراپی ڕێگەوبانەکان و چەندین کێشەی دیکە خەڵکەکەی ھەراسان و بێزار کردووە، کەرکووک بە درێژایی مێژوو لە ١٩٦٨ـەوە کە زیاتر لەو کاتەوە تەعریب دەستی پێ کردووە، ئەو ئێش و ئازارەی خەڵکی کەرکووک لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بینیوە، لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا ئەو ئێش و ئازارەی نەبینیوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ڕۆژانە بە دەیان کێشە ڕووبەرووی خەڵکی شارەکە دەبنەوە.
کاروان کەمال خان، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد، زەنگێکی مەترسیدارە، نەک ھەر لە دەوروبەری کەرکووک، بەڵکو مەترسییەکە لەناو کەرکووکیشە، بەتایبەتی لەناو گەڕەکە کوردییەکان، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە چەندین خێزانی داعش لە گەڕەکە کوردییەکان بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی پەنجا عەلی و فەیلەق، کە ئێمە پێی دەڵێین گەڕەکی کوردستان دەژین و ژمارەکەش بەڕاستی باوەڕپێنەکراوە، ئومێدمان وایە ھێزە ئەمنییەکان زیاتر چاوکراوەتر بن، بۆ ئەوەی دۆخی ئەمنی شارەکە لە دەستیان دەرنەچێت.
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ئێستا کەرکووک وەکو سەربازگەیەکی گەورە لێ ھاتووە، پڕۆژەی خزمەتگوزاری نییە، بارودۆخی ئەمنی خراپە، دزی و تاڵان زۆر بووە، کوشتن زۆر بووە، ئەوەش وای کردووە خەڵکی کەرکووک ڕۆژانە خانووەکانی خۆیان بفرۆشن و ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان ببن.
بۆشایی ئەمنی لە دەوروبەری کەرکووک بۆتە دەرفەتێک بۆ زیاتر جموجۆڵی داعش، چاودێرانی سیاسی، پێیانوایە سوپای عێراق لە جیاتی ئەوەی بەرگری لە سنووری شار و ناوچەکانی دەرەوە بکات، لە ھەندێک گەڕەکی کوردنشین خۆی گۆشەگیر کردووە و ڕۆژانە کێشە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دروست دەکات و دەست بەسەر زەوی و زاری جووتیارانی کورددا دەگیرێت.
ئەوەی ئێستا لە کەرکووک و خانەقین ھەیە مەترسییەکی زۆر گەورەیە، ئەگەر حکوومەتی ناوەند لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە نەکەن ئاژاوەی زۆر گەورەی لێ دەکەوێتەوە، ئەوە پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت دەست لەو ئاژاوەیە وەربدەن. حزبە کوردستانییەکانی کەرکووک داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکەن، تاکو سەر و ماڵی کورد لە شاری کەرکووک و تەواوی شوێنە جێناکۆکەکان بپارێزێت. بەپێی ئەو ئامارانەی دەست ڕۆژنامەی “ھەولێر” کەوتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تیرۆریستانی داعش سێ جار پەلاماری ھێزە ئەمنییەکانی عێراقی لە باشووری کەرکووک داوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە زیادبوونی جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش لەم ناوچانە بەردەوامی ھەیە.
ئەم ئاڵۆزیانە بەھۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنییەوە سەریان ھەڵداوە، بەوپێیەی تیرۆریستانی داعـش سنوورە کشتوکاڵی و شاخاوییەکان بۆ خۆحەشاردان و ھێرشکردن دەقۆزنەوە، سەرەڕای ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی ھێزە ئەمنییەکان، ھێشتا شانە نووستووەکان وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ھاووڵاتییان و سەقامگیریی ناوچەکە ماونەتەوە.
لەگەڵ جەنجاڵی ڕادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان بە دەوڵەت و زیادبوونی جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش، پۆلیسی فیدرال بریاری دا قەدەغەی ھاتووچۆ لە ٦ی ئێوارە بۆ ٦ی بەیانی لە باشووری کەرکووک ڕابگەیەنێت، ئەگەر بارودۆخەکەش ھەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، کەس نازانێت ئایندەی ئەم شارە بەرەوکوێ دەچێت لەڕووی ئەمنییەوە.