رۆژنامەی ھەولێر

سێیەم شارەوانییە هەرە گەورەکەی توركیا كەوتە دەست ئاكەپە

كارزان گلی – هە‌ولێر

جەمیل توگای، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیزمیر، بەفەرمی دەستبەرداری جەهەپە بوو و چووە ناو ئاكەپە و خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا، لە رێورەسمێكدا مەدالیای هاتنە ناو ئاكەپەی پێشكەش كرد.

توگای، لە لایەن ئۆزگوور ئۆزەلەوە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤دا بووە بەربژێر بۆ سەرۆكی شارەوانیی ئیزمیر، بەڵام دوای ئەوەی كۆنگرەی جەهەپە هەڵوەشایەوە و كەمال كلیچدارئۆغڵو بووەوە بەسەرۆكی جەهەپە، ئۆزگوور ئۆزەل، لە جەهەپە جیا بووەوە و پارتێكی تازەی بەناوی پارتی نوێ دامەزراند، بەڵام توگای نەهاتە ناو پارتی نوێ.
ماوەیەكی زۆرە دەنگۆی ئەوە هەیە، جەمیل توگای دەچێتە ناو ئاكەپە، بەڵام توگای رەتی كردەوە بچێتە ناو ئاكەپە، تەنانەت لە شوێنێكدا دەیگوت ”لە ملیۆنێك یەك ئەگەریش نییە بچمە ناو ئاكەپەوە.“
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی پارتی نوێ، كە خاوەنی ٩٤ كورسی پەرلەمانە، لە وتارێكدا زۆر بەتوندی دژی توگای قسەی كرد و گوتی: ”ئەوەی تۆ كردووتە خیانەتە و تۆ خاین كوڕی خاینی.“
ئاكەپە لەوەتەی هاتووەتە سەر دەسەڵات لە ماوەی ٢٤ ساڵی رابردوودا، هەموو خەونی ئەوە بووە بتوانێت شارەوانیی ئیزمیر بباتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبووە، چونكە ئیزمیر قەڵای جەهەپە بووە و هیچ كاتێك ئاكەپە نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت.
ئاكەپە بیری لەوە كردەوە بەربژێری زۆر بەهێز بۆ ئەو شارە دەستنیشان بكات، بۆیە لە ٢٠١٤دا، بیناڵی یڵدرمی كردە بەربژێر، بەڵام یڵدرم سەركەوتوو نەبوو و تەنیا ٣٠٪ی دەنگەكانی هێنا.
چوونی توگای بۆ ناو ئاكەپە دەنگدانەوەی زۆر گەورەی لە توركیا دروست كردووە، هاووڵاتیان زۆر نیگەرانن، بەتایبەت ئەوانەی سەر بەپارتی نوێن و دەڵێن ئەوەی توگای كردوویەتی خیانەتە و دەبێت لە هەموو لایەكەوە سەرزەنشت بكرێت.
جیا لە توگای، پێشتر چەندین سەرۆك شارەوانیی تری سەر بەجەهەپە چوونە ناو ئاكەپە، وەكوو سەرۆكی شارەوانیی ئایدن، ئەمەش دوای ئەوەی ئاكەپە سەركەوتوو بوو لەوەی جەهەپە لەت بكات دەنگەكانی پەرت بكات.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤دا، بۆ یەكەمجار بوو دوای ٢٣ ساڵ، ئاكەپە بووە پارتی دووەم و جەهەپە بووە پارتی یەكەم. لە كۆی ١٤ گەورە شارەوانیی جەهەپە توانی ١١ شارەوانی بباتەوە و ئەمەش شكستێكی گەورە بوو بۆ ئاكەپە.
دوای یەك ساڵ، فشارەكانی حكوومەت بۆ سەر شارەوانییەكانی جەهەپە دەستپێكرد و چەندین سەرۆك شارەوانییان بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیر كرد، دیارترینیان ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ بوو.
پاشان چەند سەرۆك شارەوانییەك بۆ ئەوەی دەستگیر نەكرێن، بەنهێنی پەیوەندییان لەگەڵ ئاكەپە بەست و چوونە ناو ئەو پارتە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی شارەوانییەكانی جەهەپە كەم بكات و ئەوانەی ئاكەپەش زیاد بكات.
دەنگۆیەكی زۆر بەهێز لە ناو میدیاكانی توركیا بڵاوبووەتەوە، مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئەنكەراش بەنیازە بچێتە ناو ئاكەپە، ئەمەش داوی ئەوەی چووە كۆشكی كۆماری و بۆ ماوەی زیاتر لە سەعاتێك لەگەڵ ئەردۆغاندا كۆبووەوە.
یاڤاشیش یەكێك بوو لەو سەرۆك شارەوانیانەی دۆسییەی لەسەر كرابووە، بەوەی گەندەڵی لە شارەوانیی ئەنكەرا كردووە، بۆیە باس لەوە دەكرێت ترسی هەبووە دەستگیری بكەن و بەناچاری چووەتە كۆشكی كۆماری و لەگەڵ ئەردۆغاندا كۆبووەتەوە.