ئـاری ئـاغۆک
زۆر ئەترسم ئەوکاتە بێیتەوە
بەسەر ڕیشی سپیم و دارعەسای دەستمەوە
زۆر ئەترسم
بێی لەگەڵ تابووتی مەرگما
شیوەن و ڕۆ ڕۆ بنێیتەوە
دادت نادا پەشیمانی
زۆر درەنگ بوو، بگەڕێیتەوە!!!
لە دنیای هونەری گۆرانی گوتن دا، هەندێ دەنگ هیچ کات هەست بە کۆتایی هێنانی ناکرێت، ئەگەر چەند ساڵ و تەمەنێک تێپەڕن لێ لە دڵ و زەین و یادەوەری گوێکر هەر بە زیندوویی و پاکی جوانی دەمێنێتەوە، چونکە ئەو دەنگ و هونەر و گۆرانییانە لە بیر و هەستی هەر یەکێک دەبێتە یادگارییەکی لەبیر نەکراو، گەر خاوەن دەنگ ژیانئاواییش بکات بەڵام ریتم و دەنگ و گۆرانی و هونەرەکەی هەر بە نەمریی و زیندوویی دەمێنێتەوە، بێگومان هۆکار زۆرن بۆ ئەم مانەوە جوانە، بەڵام سیحر و ڕەهەندی ئەو مانەوەیە بریتیە لە خودی کەسایەتی هونەرمەند، ئینجا دەنگ و تێکست و ئەدا و ئاواز و چرین،،،، هتد، هەموو ئەمانە دەبنە هۆکارگەلێک بۆ نەمریی ئەو دەنگە.
ئەوەتا زیندووترین نموونەش دەنگی هونەرمەندی جوانەمەرگ (ئەردەلان بەکر)ە، گەرچی ١٧ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ژیانئاوایی بەڵام هونەر و دەنگ و گۆرانییە پڕ لە یادگارییەکانی لە گوێچکەی هەواداری هەر بە زیندوویی ماونەتەوە، چونکە ئەو هەر لەدەسپێکی هاتنە نێو دنیای گۆرانی گوتن، بە بەهرەو تواناو حەزەوە کارەکانی خۆی نیشان داین کە یەکەم بەرهەمی بۆ ساڵی ١٩٨٨ دەگەڕێتەوە.
ئەردەلان، دەنگێک دووبارە نابێتەوە، هونەرمەندێک بەپاکی و بوێری ژیا، هەمیشە ئێش و ئازارەکانی نەتەوەکەی لەپێش خەم و ئازارەکانی خۆی بوو، لەگەڵ ئەوەی دوای ڕاپەرینی ١٩٩١ هەر زوو دایک و هەولێر و نیشتیمان جێ دێڵێ و دەچێتە هەندەران، بەڵام هەمیشە دڵ و هەستی لای نیشتیمان بووەو لە زۆربەی گۆرانییەکانی و ژیانی ڕۆژانەشی ڕەنگیداوەتەوە، ئەو هونەرمەندە خاوەن ستایلێکی تایبەت و دەنگێکی هونەریی جوان بوو، بۆیە هەر گۆرانییەکی تۆمارکردبا، هەر زوو دەنگدانەوەی گەورەی دەدایەوە چ لەهەندەران چ لە کوردستان.
-ئەوەتا کاتێ عەشقی کچی گاور دەبێ، دەروێشانە تێکەڵ بە ژیان و ئەوینی دەبێ بۆیە ناچار لە ڕێگەی ئاوازێکی حەزین بە قورگێکی زێڕین گۆرانی:
کچی گاور دڵی بردم،
ئەشقی بووم و پیری کردم
تازە دنیای من وایە
من بریندارم، ئەو تەبیبم
تۆمار دەکات، لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەم گۆرانییە هەموو ئەو کەسانەی خۆیان لە گۆشەنیگای ئەو چیرۆکەدا دۆزیەوە هۆگری ئەم بەرهەمەبوون، ئیدی تا ئێستاش چیرۆکی کچی گاور لە یادەوەری گوێگرانی دا هەر بە زیندوویی ماوەتەوە، هەم بریندار، هەم تەبیب، بەیادی ئەردەلانی جوانە مەرگ تا ئەبەد چاوەڕوانی عەشقی کچە گاورن !!!.
-کاتێ لە چەند ووشەیەکی سادەو ساکار تێکستێکی جوان دەنووسێ و بە ئەداو ئاوازێکی غەمگین هاوار دەکات و دەڵێت:
بێزاریە بێزاریە، ئەم ژیانە ناچارییە
خۆشەویستم بۆ من نەبووی
دونیا چی یە دونیا چی یە ؟
ئەمە تەنیا چەند ووشەیەکی سادە و ساکار و ئاسان نەبوون، بەڵکو چیرۆکی بۆ یەک نەبوونی دوودڵ، بوو بە جوانترین و پڕ جەماوەرترین گۆرانی ئەم هونەرمەندە جوانە، کە تائێستاش لای هەموون بۆتە پارچەیەک لە یادەوەری. بێگومان ئەم گۆرانییەش خۆی لە فۆڕمی جودایی و دابڕان و بەیەکنەگەیشتنی دوو ئەویندار دەبینێتەوە، ئیتر بێزاربوون دەبێتە تایتلی سەر زاری هەموو عاشقە بەیەکنەبووەکانی نیشتیمان.
-دوای تەمەنێک ژیان، ئینجا ترس لە پیربوون و سپی بوونی ڕیش و هیلاکی سیما و ڕوخسار، ئەمجارەیان لە فۆڕمی هۆرانییەکی حەزین دا دەڵێت (زۆر ئەترسم)،
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو ترسە، ئەوانەی خۆیان لەو قۆناغ و ئەم تەمەنە دیتەوە هەمووان لە دڵەوە زۆر ترسان !!!.
زۆر ئەترسم ئەوکاتە بێیتەوە
بەسەر ڕیشی سپیم و دارعەسای دەستمەوە
زۆر ئەترسم
بێی لەگەڵ تابووتی مەرگما
شیوەن و ڕۆ ڕۆ بنێیتەوە
دادت نادا پەشیمانی
زۆر درەنگ بوو، بگەڕێتەوە!!!
ئەو دەقە شیعریە دەمانباتەوە نێو ڕەنگی ئەو تابلۆیەی کە دەستێکی لەرزۆک و گۆچانێک و ڕیشێکی سپی و سیمایەکی هیلاک و دڵێکی پڕ لە ئازار لە خۆدەگرێ. ئەسەف دواجار ئەم تێکستە بووە گۆرانی تەمەنی ئەردەلان، ئەمیش بەهۆی ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی و ئەو ترسەی بووە ڕاستی و ئەوەتا ئەردەلان ژیانئاوایی کرد و کەسی بەرانبەریش لەگەڵ تابووتی مەرگی ئەو دا شین و ڕۆ ڕۆی نایەوە.
-ئیدی دوای ئەوە هەمدیس دەچینەوە نێو دنیای عیشق و بێ وەفایی، لە گۆشەیەک دا دۆش دادەمێنێ و دەڵێ:
کێ وەفای عیشقی بینیوە
عیشق تەنها نامۆیی ژینە
عیشق تەنها ئێش و گرینە
ئەو دێریە لیرکییە ئەدەبییانە لە دەردە دڵێکی عاشقێکی خێر لە خۆنەدیوو لە ڕێگەی ئاوازێکی هونەرییانەوە دەبێتە یەکێک لە شاکارە هونەرییەکانی ئەردەلان، ئەو بەو پرسیارەوە دەست پێ دەکات (کێ وەفای عیشقی بینیوە؟) ئەمە تەنها پرسیارێکی سادە نیە ! بەڵکو لە پشت ئەو پرسیارەوە چەندین ووردە خەم و چیرۆکی تاڵ و نامۆیی خود بەدی دەکرێت، بۆیە وەڵامەکەشی هەر (ئێش و گرین) دەبێت، لەگەڵ ئەوەی بە ببوورەوە کۆتایی دێنێت، بەڵام ئەو دەڵێ من وام بینیوە، ئەمە بۆچونێکی تاکە کەسییە، بەڵام لە دواجاردا هەمووان خۆیان لە فۆڕمی نامۆیی دەبیننەوە.
-ئەمانە هەمووی چیرۆکی خەمناکی کوڕێکی هەولێرییە کە لە دوورە وڵات. لەڕێگەی دەنگ و مۆسیقاوە بە قورگێکی زێرین ئەرشیف و مێژوویەکی جوانی پێشکەشی هەوادارانی کرد، هەواداردانیشی لێرەو لەوێ لەگەڵ هاڕمۆنیەتی ئەو دەنگە ئاوێزانی یادگاری تەمەن دەبوون، هەرچەند ئەو نموونانەی باسم کرد بەشێک بوون لە گۆرانییە خەمگینەکانی ئەردەلان، بەڵام ئەو نەیدەویست بەیەک هێڵ پەیامەکانی ناخی بگەیەنێ، بەڵکو جار جارەش کەیف و شادییەکیشی دەخستە نێو دڵی هەوادارانی، بۆیە لە ڕێگەی کۆنسێرت یا کاسێت و ئەلبوومەوە گۆرانی ڕیتمی شادیش پێشکەش بە جەماوەر کرد، یەکێک لەوانە:
بەینۆ بەینۆ بەینۆ
هاوین کەپری دەکەینۆ
زستان تێکی دەدەینۆ
پایز سواقی دەکەینۆ
بەهار ئاوی دەدەینۆ
ئەو گۆرانییە لیرکیە لە ریتمی شادی بووە مێژوویەکی جوانی هونەری و کەلتووری و ڕەسەنایەتی هونەرمەند ئەردەلان بەکر، دوای ئەو چەند گۆرانیبێژی دیکە ئەم بەرهەمەیان دووبارە کردەوە.
ئەم چەند پەیڤە گەشتێکی خێرا بوو بە نێو وێستگەی هونەری هونەرمەندی کۆچکردوو خوالێخۆشبێ ئەردەلان بەکر، وەک یاد و وەفایەکی لە بیر نەکراو، یادی ئەو مرۆڤە جوانە دەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەش دا نابێ وێستگەی لەدایکبوونی لەبیر بکەین کە لە ڕێکەوتی ٢٥-٩-١٩٦٧ لە گەڕەکی خانەقای شاری هەولێر لەدایکبووە، دەسپێکی کاری هونەری بۆ ساڵی هەشتاکان دەگەڕێتەوە، یەکەم کاسێتی بڵاوکراوەی لەساڵی ١٩٨٨ بووە، دوای ڕاپەڕین کوردستان جێ دێڵێ و لە ووڵاتی سوید دەژی، لەوێش زیاتر پەرە بەکاری هونەری و توانای هونەری خۆی دەدات، هەر بۆیە یەکەم ئەلبوومیشی لەساڵی ١٩٩٣ بڵاودەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە هەموو بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان بە بەرهەمی هونەری بەشداری دەکات، دوای ئەوە چەندین ئەلبوم و بەرهەم بڵاو دەکاتەوە، دوای دابڕانێکی زۆر لە هەواداری زێد و نیشتیمانی خۆی ساڵی ٢٠٠٨ کۆنسێرتێکی هونەری جەماوەری لە شاری دایک، هەولێری پایتەخت ئەنجام دەدات و جەماوەر بە پەرۆشەوە بەشدار دەبن.
دوای ساڵانێک خزمەتکردن بە هونەری گۆرانی کوردی، بە داخەوە بە هۆی نەخۆشی لە ڕێکەوتی ١٠-١٠-٢٠٠٩ لە ووڵاتی سوید ژیانئاوایی دەکات، دواتر لە مەراسیمێکی تایبەت دا لە شەوێکی پایزی دا لە نێو ئاپۆڕەی جەماوەر و هونەرمەند و هەوادارانی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێری نێو دەوڵەتی، تەرمەکەی دەگەرێتەوە شاری هەولێر، بۆ بەیانییەکەی لەسەر داوا و وەسیەتی خۆی تەرمی جوانەمەرگ بردرایە گەڕەکی خانەقا و قەڵات و بۆ دوایین جاریش لە تەرمی خاکی نیشتیمان، لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بە خاک سپێردرا، سڵاو لە ڕۆحی ئەم هونەرمەندە هەولێرییە ڕەسەنە، هەمیشە یادی بەخێر و ڕۆحی شاد.

