ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
گەیشتن بە زانیاریی ورد و دروست لەسەر تەندروستیی سێکسی، یەکێکە لە گرنگترین هەنگاوەکان بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە نەخۆشییە پەڕیوەکان. هێرپسی ئەندامی زاوزێ (Genital Herpes) یەکێکە لەو نەخۆشییە سێکسییە بڵاوانەی کە زۆرجار بەهۆی شەرمنییەوە قسەی لەسەر ناکرێت، بەڵام تێگەیشتن لە ئازارەکان و ڕێگاکانی گواستنەوەی، ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی و پاراستنی هاوبەشی ژیان.
د. بنار ئەحمەد دزەیی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوون هێرپسی پێناسەدەكات هاوكات باس لە نیشانەكان و چارەسەرییەكانیش دەكات
هێرپسی ئەندامی زاوزێ چییە؟
د. بنار ئەحمەد دزەیی: هێرپسی ئەندامی زاوزێ نەخۆشییەکی سێکسیی گوازراوەیە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی برینی بەئازار لە هەموو زاوزێدا. ئەم نەخۆشییە بەهۆی ڤایرۆسی (HSV)ـەوە پەیدا دەبێت، کە بەسەر دوو جۆری سەرەکیدا دابەش دەبێت:
جۆری دووەم (HSV-2): هۆکاری سەرەکیی تووشبوونە بە هێرپسی ئەندامی زاوزێ.
جۆری یەکەم (HSV-1): زیاتر هۆکاری هێرپسی دەم و لێوە، بەڵام لە ڕێگەی سێکسی دەمییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ ناوچەی زاوزێ.
نیشانەکان و هۆکارەکانی چالاکبوونەوەی ڤایرۆسەکە
تووشبووان لە کاتی سەرهەڵدانی نەخۆشییەکەدا رووبەڕووی چەندین نیشانەی ئازاربەخش دەبنەوە، لەوانە:
ئازاری توند، خوران، و سووتانەوە لە ناوچەی تووشبوو.
ئازار و قورسایی لە کاتی میزکردندا.
ڤایرۆسەکە دوای تووشبوون لە جەستەدا دەمێنێتەوە و لەوانەیە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە جارێکی دیکە چالاک ببێتەوە، لەوانە: دڵەڕاوکێ و جەنجاڵیی دەروونی، سووڕی مانگانە لە ئافرەتاندا، تا، لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری، و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر.
ڕێگاکانی چارەسەرکردن كامانەن؟
د. بنار ئەحمەد دزەیی : تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی بنبڕ بۆ له نێوبردنی تەواوەتیی ئەم ڤایرۆسە نییە، بەڵام ڕێگای جۆراوجۆر هەن بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان و کورتکردنەوەی ماوەی سەر هەڵدانی برینەکان:
چارەسەری پزیشکی: بەکارهێنانی حەپ یان کرێمی دژەڤایرۆس بە ڕێنمایی پزیشک (وەک Acyclovir و Valacyclovir).
ڕێکارە ماڵییەکان:
1. دانانی شەڵتەی سارد بۆ کەمکردنەوەی ئازار.
2. دانیشتن لە ناو ئاوی شیلەتێن و خوێدا.
3. بەکارهێنانی ڤازلین بۆ ڕێگریکردن لە لێکخشانی برینەکان.
ڕێنماییەکانی خۆپاراستن
بۆ ڕێگری لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ هاوبەشی ژیان یان تەشەنەکردنی، جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە زۆر پێویستە:
دوورکەوتنەوەی تەواوەتی لە ئامێزش و پەیوەندیی سێکسی لە کاتی هەبوونی برین یان نیشانەکاندا.
بەکارهێنانی کۆندۆم بە شێوەیەکی ڕێکوپێک.
دەستنەدان لە برینەکان.
پاك و وشک ڕاگرتنی ناوچەی تووشبوو، بەبێ بەکارهێنانی سابوونی بەهێز یان بۆندار.

