رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم جەمال موشیر

یاسین قادر بەرزنجی
ناوێکی دیارو شێوەکارێکی دەست ڕەنگین و ناسراوی کوردستانە، ئەو لەدایک بووی شاری قەڵاو منارەیە، هەر لەو شارە هونەر پەروەرەدا قۆناغەکانی خوێندنی تەواو کردووە، لە زووەوە خولیای هونەری شێوەکاریی هەبووە، بەردەوام چووەتە بینینی پیشانگاکان و سەرسامی بەرهەمی شێوەکارە هەڵکەوتووەکان بووە.
کاک جەمال ساڵی ١٩٨٤ چووەتە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا، بەڵام دوای دوو ساڵ بەهۆی هەڵوێستی سیاسیی مەردانەیەوە دوور خراوەتەوە، پاشتر بەهۆی لێبوردنی گشتییەوە گەڕاوەتەوە ساڵی ١٩٩٠ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی شێوەکاریی ئەکادیمیا وەرگرتووە.
دەستەی دامەزرێنەری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر بووە لە ١٩٩٣ دا و مامۆستای بەشی شێوەکاریی پەیمانگای بووە، دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی هونەرمەندانی کوردستان و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی لقی هەولێر بووە، ساڵی ٢٠٠٣ بووەتە سەرپەرشتیاری پسپۆڕ لە یەکەی سەرپەرشتیی پەروەردەی هەولێر.
مامۆستا جەمال حەوت پیشانگای تایبەتیی کردووەتەوە، یەکەمیان لە بەغدا ئەو کاتەی خوێندکاری ئەکادیمیا بووەو ئەوانی تر لە شارەکانی هەولێرو سلێمانی و دهۆک بوون.
سەبارەت ئەم هونەرمەندە کاک (تاریق کارێزی) نووسەرو توێژەری بواری شێوەکاری وتوویەتی:
[جەمال موشیر یەکێکە لە نیگارکێشە دیارەکانی هەولێر، لەوە نزیک بووەتەوە کە شێوازێکی تایبەت بەخۆی گەڵاڵە بکات، لای ئەو تابلۆ پڕۆژەیەکی هونەری و هزری و ئیستاتیکییە، لە جوانییەوە گوتار ئاڕاستە دەکات] .
سێ پیشانگای لە ئەمریکاو ئەڵمانیاو فەڕەنسا کردووەتەوەو لە دەیان پیشانگای هاوبەشدا بەشدار بووە، ئەوانیش لە هەرێم و چەند شارێکی عێراق و دیاربەکری باکووری کوردستان و وڵاتانی وەکو ئەمریکاو فەڕەنساو ئەڵمانیاو ئێران و میسر بوون.
لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی هونەرمەندیدا ژمارەیەک پەیکەریان بۆ سەر شەقام و پارکەکانی هەولێر درووست کردووە.
هاوکات وەک دیزاینەر دیکۆری بۆ چەندین شانۆگەری و درامای تەلەفزیۆنی کێشاوە.
لە ئێستادا هونەرمەند جەمال موشیر خانەنشینەو بەردەوام کاتەکانی بۆ نیگارکێشان و توێژینەوەیە لە زانستەکانی هونەری شێوەکاریدا.
کاک عەبولڕەحمان فەرهادی نووسەرو شاعیر سەبارەت بەم هونەرمەندە وتوویەتی:
[هەندێ تایبەتمەندیی لە کارەکانی جەمال موشیردا هەن کە بەهۆیانەوە ئەم هونەرمەندە لەوانی دیکە جیادەکاتەوە، ئێمە بەهۆی تابلۆکانییەوە ئەم هونەرمەندە بەتوانایە دەناسینەوە].
بەهیوای سەرفرازی و بەردەوامی و کاری نوێم بۆ مامۆستا جەمال موشیری خۆشەویست.