رۆژنامەی ھەولێر

بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار گرفت بۆ بازاڕ و بژێویی هاووڵاتییان دروست دەکات

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بڕیاری لەناکاوی حکوومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار، بەبێ رەچاوکردنی دۆخی هاووڵاتییان دراوە و کاریگەریی نەرێنیی گەورە لەسەر بازاڕ و بژێویی هاووڵاتییان دروست دەکات.

دوێنێ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بە دیناری عێراقی چەند ڕوونکردنەوەیەکی خستەڕوو، رایگەیاند؛ ئەم بڕیارە زۆر لەناکاو بوو، دەبووایە پێشتر بازرگانان و هاووڵاتییان ئاگادار بکرێنەوە. بڕیارەکە بەبێ لەبەرچاوگرتنی رەوشی بازاڕ و گوزەرانی هاووڵاتییان دراوە و راستەوخۆ دەبێتە هۆی گرانبوونی ئەو کاڵایانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن.”
ئەوەشی خستەڕوو؛ بەشێکی زۆر لە بازرگانان لە چەند رۆژی رابردوودا حەواڵەیان کردووە و ئەم گۆڕانکارییە کوتوپڕە زیانی گەورەیان پێدەگەیەنێت. بۆیە داوا لە حکوومەتی فیدراڵی و بانکی ناوەندی دەکەن، پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکەن و ئەگەر بڕیارە جێبەجێش بکرێت، با بە شێوەیەکی پلەبەندی بێت نەک بە یەکجار، بۆ ئەوەی بازاڕ تووشی شۆک نەکات.
سەرۆکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی ڕاگەیاند؛ ئەگەر ئەم نرخە نوێیە جێگیر بوو، دەبێت بانکی ناوەندی بە یەکسانی دۆلار بەسەر سەرجەم بازرگانانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دابەش بکات، بۆ ئەوەی بازرگانانی ئێمە بێبەش نەبن لە کڕینی دۆلار و جیاوازیی نرخی بانکی ناوەندی و بازاڕی ئازاد کاریگەریی خراپتر لەسەر هەرێمی کوردستان دروست نەکات.”
پەیامێکیشی ئاراستەی بازرگانانی ناوخۆ کرد و داوای لێکردن وەک ئەرکێکی نیشتمانی و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، نرخی ئەو کاڵایانە بەرز نەکەنەوە کە پێشتر و بە نرخی کۆن هاوردەیان کردووە، تاوەکوو باری سەرشانی هاووڵاتییان لەم دۆخەدا قورستر نەبێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی6ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دا نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بگۆڕێت و نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بۆ هاووڵاتییان بە 1520 دینار دیاریبکات و لەڕۆژی ڕاگەیاندنی بڕیارەکەوە چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.