رۆژنامەی ھەولێر

ئەو ترس و بێئومێدیەی بۆچییە؟

مەشخەڵ كەولۆسی
چونکە کورد دەزگایەکی نیە بەشێوەیەکی سیستماتیک بیری بۆ بکاتەوە، لەم ماوەیەدا هەمووان، ڕەشبینی و بێ ئومێدی و ترسێکی زۆریان بە ختوخۆڕایی بڵاوکردۆتەوە.
بەشێکی ترسەکە کاریگەری تابوری پێنجە، بەشێکی ئەو شەڕە قورسە دەرونییەیە کەلە دژی کورد پێرەو دەکرێت، بەشێکیشی پەیوەندی بە کورد خۆیەوە هەیە کە نە ئیمانی بە پلان و نەخشە هەیە و، نە ئەزانێ هاوکێشەکان بخوێنێتەوە.
سیاسەت و ئیدارەی کورد لەژێر ڕێنمایی سۆسیالمیدیادایە، لەکاتێکدا دەوڵەت و هەر ئیدارەیەکی سیاسی پێویستە سەدان تینک تانک بیری بۆ بکەنەوە و، فلتەرین بکرێت، ئەوجا ببێتە بڕیار یان هەڵوێستی سیاسی.
کورد ئەوەی نیە و، هەمووان بەئارەزووی خۆیان قسە لە سیاسەت دەکەن و، بەئارەزووی خۆیان استنتاجی سیاسیمان پێدەدەن.
لەو شاڵاوە دەرونییە بگەڕێ کە لەدژی کورد خراوەتەکار، بەڵام ئایا دۆخەکە بەو ڕادەیە جێگەی مەترسییە؟
بێگومان زۆر بەکورتی دەڵێم، مەترسی هەیە، بەڵام بەو ڕادەیە نیە کە بڵاوکراوەتەوە، لەبەر چوار هۆ:
یەک: ئێستا عێراق گەڕاوەتەوە بۆ 2013، واتە پێش هاتنی دا..عش، ئەو هێزەی گەڕاوەتەوە، ئەوانەن کە بۆ شەڕی دا..عش هاتوون. ئایا عێراق پێش شەڕی داع..ش دەیتوانی هەرێم بسڕێتەوە؟ بێگومان نەخێر. ئێستاش بەکەمێک گۆڕانکاریی پێگەکانەوە، هەمان شتە.
دوو: ڕاستە ڕێککەوتنی شەڕی دا..عش کۆتاییهاتووە، بەڵام عێراق بە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی پابەندکراوە کە 2011 واژۆکراوە. عێراق ناتوانێ یەک حەرفی ئەو ڕێککەوتنە پێشێل بکات.
سێ: ئەمریکا وەک سێنتکۆم و هەموو دەزگاکانیشیان جەختیان لێکردەوە، دەستبەرداری عێراق نەبووە، لە ئەردەنەوە ئیدارەی ئۆپەراسیۆنەکانی ناو عێراق دەکات. هەماهەنگی نەک هەر لەگەڵ پێشمەرگە، بەڵکو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی تری کوردستانیش بەردەوامی دەبێت.
چوار: دەزگاکانی هەواڵگری و دیپلۆماتی و کونسوڵخانە و بەرژەوەندییەکان و کۆمپانیاکانیان لەکوردستان ماون و بەردەوامن و، ڕێک وەک 2013یە.
پێم ناڵێن ئەم گۆڕانکارییە ئەم هەموو ترس و بێ ئومێدییەی بۆچییە؟ . ئایا پێش ئەمریکاش کورد هەر نەبووە، بۆچی پێتان وایە مانەوەمان وابەستەیە بە ئەمریکاوە؟. ئینجا توخوا عەیب نیە کورد دەزگایەکی شیکردنەوەی سیاسی نەبێت؟ دەزگایەکی بەرەنگاربوونەوەی شەڕی دەروونی نەبێت؟