رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ فیلمی سینەمایی نەدەم لە هەولێر نمایش دەکرێت

شێرزاد شیڤان

 

لە جوارچێوەی چالاکییەکانی وەرزی پاییزەی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەما و شانۆی هەولێردا، بڕیارە کاتژمێر ٦ـی ئێوارە، فیلمی سینەمایی نەدەم، کە لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد “ڕێگا بەرزنجی”ـیە بە هاوکاری پارێزگای هەولێر لە ئێمپایەر سینەما و لە هۆڵی ١٢ نمایش بکرێت.

ئەو فیلمە عێراقیە و بە ستایلی کوردی کاری بۆ کراوه و ناوەڕۆکی بەرهەمەکەش باس لە چەند گرفتێکی کۆمەڵایەتیی نێو کۆمەڵگە دەکات، کە بووەتە ئازارێک بۆ دوو لاوی تەمەن خوار ١٨ ساڵ و دەیانەوێت کلیلی دەربازبوون لە گرفتەکان بدۆزنەوە و هەمیشە بێ هیوانین لە ژیان و نایەنەوێت خۆیان ڕادەستی قەدەر بکەن، چونکە متمانەی تەواویان بە تواناکانی خۆیان هەیە بتوانن زاڵبن بەسەر گرفتەکان و ڕێگەی سەرکەوتن بەسەر ئازارەکانیان بدۆزنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆ لە هەولێر، چالاکییەکانیان بەسەر چوار وەرز دابەشکردووە و پارێزگای هەولێریش وەک دەستپێشخەرییەک و هاندانی فیلمسازانی کورد، هەفتانە لەسەر ئەرکی خۆی بەخۆڕایی فیلمە کوردییەکان، یاخود ئەو فیلمانەی لەگەڵ کولتووری کوردییەوە نزیکن لە هەولێر نمایش دەکات.
فیلمی نەدەمیش بەرهەمێکی نوێیە و یەکەم نمایشی خۆی لە ئێمپایەر سینەما پێشکەش بە ئارەزوومەندانی بوارەکە نیشان دەدات، کە ئەزموونێکی نوێیە بۆ بینەر و نزیکی فیلمێکی عێراقی لە ستایلی فیلمە کوردییەکاندا.