بەخەمێکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی دۆستی دێرین و زۆر ئازیزم، هونەرمەند و ژەنیاری ناوداری كوردستان و كۆیە مامۆستا جەبار عەزیز زەینەل -مان پێگەیشت. کۆیە وەک مەڵبەندی دێرینی ڕوناكبیری و ئەدەب و مۆسیقای کوردی، جارێکی دی هونەرمەندێکی گەورەی لەدەستدا.
بنەماڵەی خانەدان و خۆشەویستی هەردوو برایانم هونەرمەند جەلال عەزیزی براگەورە تەمەندرێژ بێت، مامۆستا جەبار عەزیزی کۆچکردوو، خزمەتێكی گەورەیان بە بۆسیقای كوردی كرد، هەروەك بڕبڕەی پشت و ستوونی هێز و داهێنانی تیپی مۆسیقای باواجیی کۆیە بوون. کاریگەریی و دەستڕەنگینی ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە تەنها لە کۆیەدا نەبووە، بەڵکو خزمەتێکی زۆریشیان بە بزووتنەوەی گۆرانی مۆسیقا لە هەولێر و تەواوی کوردستاندا کرد.
ئێمە سەری ڕێز و وەفا بۆ تەمەنێک خزمەتی بێپچڕانی مامۆستا جەبار دادەنوێنین. سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاڕاستەی هاوڕێ و برای ئازیزم هونەرمەندی گەورە مامۆستا *جەلال عەزیز و، بنەماڵە سەربەرزو كوردپەروەرو بەڕێزەکەیان و، ئەندامانی تیپی مۆسیقای باواجی، هەموو هونەرمەندانی كۆیەو خەڵکی هونەردۆستی شارەكە و کوردستان دەکەم.
لە خوا داواکارین ڕوحی مامۆستا جەبار شادو هەرمان بێت، تەمەنی درێژ و تەندروستیی باش بە مامۆستا جەلال عەزیز و کەسوکاریان ببەخشێت.
یادی مامۆستا جەبار عەزیزی خزم و دۆست و برادەرم هەمیشە بەرز و زیندوو بێت.
هاودەنگ فارووق

