م. ره‌زوان قادر نانه‌كه‌لی
گومان له‌وه‌دا نییه هه‌ر پاڵەوانەتی و خولێكی وه‌رزشی كه ده‌کرێت، جۆش و خرۆش و چێژە راسته‌قینه‌کەی دەگەڕێتەوە بۆ ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌ر و هانده‌ران له یاریگادا و، دیمه‌نێكی جوان و سه‌ره‌نجڕاكێش پێشان ده‌ده‌ن و ده‌بنه هانده‌ر و پاڵپشتیه‌ك بۆ تیپه‌كه‌یان، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر خۆتان ماندوو بکەن و سەر بکەون.
خۆی هاتنی جه‌ماوه‌ر به یاریزانی ژماره ١٢ هه‌ژماره ده‌كرێ بۆ تیپه‌كه؛ ئه‌گه‌ر به‌گشتی سه‌یری خوله‌كانی ئه‌وروپا و وڵاتانی دیکەی جیهان بكه‌ین به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی رێژه‌ی ئاماده‌بوونی هانده‌رانیان زۆره، ركابهرایەتی و ململانێ و كێبڕكێی زیاتر و به‌هێز هه‌یه، زۆربه‌ی یاریزانه پیشەگهرهكان ئاره‌زوو ده‌كه‌ن له‌و خولانه‌دا یاری بكەن و خۆیان نیشان بدەن؛ ئاخر لەوێ راگه‌یاندن و كه‌ناڵە جیهانیه‌كان گرنگیەکی زیاتریان پێ ده‌دەن، راستەوخۆ دیمەنی یاریyەکە ده‌گوازنه‌وه، ئه‌مه‌ش هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی له ریزبه‌ندی پۆلینی جیهانیدا بێنه پێشه‌وه و له لیستی باشترینه‌كاندا بن، كه‌چی له خولی ئه‌ستیره‌كانی عێراقدا رێك پیچه‌وانه‌یه؛ وا ده‌بینین یه‌كێتیی توپانێی عێراق و لیژنه‌ی سزاكان هه‌موو ساڵێک دژایه‌تیی جه‌ماوه‌ر و هانده‌رانی یانه كوردستانییە ده‌كەن، هه‌رجاره‌و به بیانووهك سزامان دەدەن؛ له‌وانه: قەدەغەکردنی هێنان و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان، یانیش شه‌ڕە ئاساییەکی نیوان دوو سێ هانده‌ر و هاویشتنی ده‌به‌ی ئاو دەکەنە بیانوو، كه‌چی ئەوانه له زۆربه‌ی یاریگاگانی دنیادا هه‌یه و ئاساییه.
خاڵێكی تر ئه‌وەیه هه‌ر كاتێك یانه كوردییه‌كان ئاستیكی به‌رز پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و چه‌ند یارییه‌ك یەک دوای یه‌ك ده‌به‌نه‌وه، به داخه‌وه ئەوانەی به‌رانبەر لێمان دەچن بە رقدا، رهگهزپهرستانە سه‌یری بابەتەکە ده‌كەن.
بە شایەتی و گەواهی زۆربه‌ی كه‌ناڵە عێراقی و عه‌ره‌بیه‌كان، هانده‌رانی كوردستان و یانه كوردیه‌كانه بە رێژەی زۆر دێنە یاریگا و یانەی خۆیان هان دەدەن و چێژ و جوانیەکی تایبه‌ت دەبەخش به خوله‌كه؛ بەڵگە و نموونەیەکی هەر جوانیش، هانده‌رانی یانەی زاخۆیە کە بوون به باشترینه‌كانی جیهان، كه‌چی لە باتی دەستخۆشی، سزادان بۆته دیارده!
دوای یارییەکەی یانه‌ی هه‌ولێر و گه‌رمه، هانده‌رانی هه‌ولێر سزا دران له‌سه‌ر دهمهقاڵەیەکی ساده‌ی دوو سێ هانده‌ر كه ئه‌مه ئاساییه و له زۆربه‌ی یارییه‌كاندا هه‌ر دەبێت. ته‌نانه‌ت سه‌رپه‌رشتیاری یارییه‌كه له دیمانه‌یه‌كدا ئاماژه به‌وە دا زۆر ئاساییه دوای ته‌واوبوونی هه‌ر یارییه‌ك، گرژی و پشێویه‌ك له نێوان هاندراندا ببێت؛ سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولیریش زۆر به رێزه‌وه به‌ڕێی كردن له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منیه‌كاندا.
جابۆیە پێویسته كارگێڕیی گشت یانه كوردستانیه‌كان یه‌كهه‌ڵوێست و پاڵپشتی یه‌كتر بن له دژی هه‌ر بڕیارێك زیان به هانده‌ران و ئه‌نجامی یارییه‌كانیان ده‌گەیێنێت؛ تانه و سكاڵا له بڕیاری لیژنه‌ی سزاكان بده‌ن و، هەتا به یه‌ك ده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست به‌هێزتر ببن، ئەوکات قورسایی و فشار زیاتر ده‌بێت.

