گەڕان بەدوای نیشتماند، دیوانەشیعرێکی تازەچاپکراوی (حەمە ئەحمەد جاف)ـی شاعیرە؛ هێمن گرووپ ئەرکی چاپکردنی ئەو بەرهەمەی گرتووەتە ئەستۆ؛ دیزاینەر (بۆتان مەعروف) و (هیوا کۆمپیوتەر)، پێکەوە بەرگ و ناوەرۆکی دیوانەکەیان بە جوانترین شێوە کشت و دیزاین کردووە؛ (ئاسۆ کەڵهوڕی) شیعرەکانی نووسیوەتەوە و، (شاعیر) خۆی کاری هەڵەچن و ڕێکخستنی ڕێنووسی کتێبەکەی کردووە. لە چاپخانەی (دانیشفەڕ) لە شاری هەولێر چاپ کراوە و، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستاندا، ژمارەسپاردنی (1057) ساڵی 2026ـی پێ دراوە و، لەم ڕۆژانەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە و کتێبخانەی کوردیمانی دەوڵەمەند کردووە.
ژیاننامەی شاعیر
_ حەمە ئەحمەد جاف: شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس
_ ساڵی (1957) لە شاری قەڵادزێ سەر بە پارێزگای سلێمانیدا لەدایک بووە.
_ ساڵی 1980 لە سلێمانی پەیمانگای ئیدارەی تەواو کردووە و هەڵگری بڕوانامەی (دبلوم)ـە.
_ لە ساڵی (1974)ەوە شیعر دەنووسێت؛ ساڵی (1977) یەکەم بەرهەمی شیعری لە گۆڤاری (بەیان)ـدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
خاوەنی چوار بەرهەمی چاپکراوە؛ دووانیان لێ شیعرە:
1. لاوکی پێشمەرگە، شیعر، 2004، هەولێر
2. عیشق و تەمەن، شیعر، 2011، هەولێر
3. ئاژانسی دەنگوباسی کوردستان باس و لێکۆڵینەوە، 1998، هەولێر
4. ئامادەکردن و کۆکردنەوە و چاپکردنی: دیوانی شاعیری میللی مەلا حەسەنی کوێرەکانی (مەعنەوی) بە هاوکاری برای نووسەر (خالید قەمچوغەیی) سلێمانی، 1999
ئەو بەرهەمانەشی ئامادەی چاپن:
• خوێندنەوەی شارێک، شیعر
• هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی کراوەتە فارسی و ئامادەی چاپە؛ ئەسکەندەر مەحموود کردوویەتی.
_ ئەندامی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کوردە؛ ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتییە؛ ئەندامی کۆمەڵەی کەلەپووری کوردە. ئەندامی دەستەی نووسەرانی پاشکۆی هزر و هونەری ڕوژنامەی خەبات و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (نووسەری کورد) .
_ (گەڕان بە دوای نیشتماندا)، سێهەم بەرهەمەشیعری چاپکراویەتی.

