رۆژنامەی ھەولێر

شادی

وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری

 

کاتژمێر دوانزەی شەو بوو.
(میتیا کولدارۆڤ – Mitya Kuldarov)، بە جۆش و خرۆش و قژێکی شێواوەوە، خێرا خۆی کرد بە ماڵی باوکیدا و بە پەلە بە هەموو ژوورەکانی پشکنی. کاتی خەوتنی دایک و باوکی بوو. خوشکەکەشی لەسەر جێگاکەی خەریلی خوێندندەوەی دوا پەڕەی رۆمانێک بوو. برا قوتابییەکانیشی خەویان لێکەوتبوو.
باوک و دایکی بە سەرسوڕمانەوە پرسیان:
«لە کوێوە هاتووی؟ چیتە؟»
«ئۆه مەپرسن! هەرگیز باوەڕم نەدەکرد! نا، قەت باوەڕم نەدەکرد! ئەمە.. ئەمە باوەڕپێکراو نییە!»
میتیا دای لە قاقای پێکەنین و لەسەر کورسییە جووڵاوەکە دانیشت. لە خۆشیدا جێ پێی جێ نەبوو و نەیدەتوانی ئۆقرە بگرێت.
«باوەڕپێکراو نییە! بە هیچ شێوەیەک بیریشی لێناکەنەوە! سەیرکەن!»
خوشکەکەی لە جێگاکەی دەرپەڕییە دەرەوە!
مەلافەیەکی بە خۆیدا پێچا و هاتە لای براکەی. برا قوتابییەکانیشی بەئاگا هاتن.
«چتە؟ وەک خۆت نیت!»
«لە خۆشیانە، دڵم زۆ خۆشە دایە! ئەزانی. ئێستا هەموو ڕووسیا من دەناسێت! هەموو ڕووسیا! تا ئێستا تەنیا ئێوە بوون دەتانزانی کارمەندێکی تۆمارکردن هەیە بە ناوی دیمیتری کولدارۆڤ، کەچی ئێستا هەموو ڕووسیاش دەزانن! دایە! ئۆه، خودایە!»
دیسان میتیا هەستایەوە سەرپێ و دەستی بە گەڕان بەنێو ژوورەکاندا کردەوە، و پاشان دووبارە دانیشتەوە.
«دەی بزانین، چی ڕوویداوە؟ ژیرانە و بە دروستی پێمان بڵێ!»
«ئێوە وەک گیانلەبەری کێوی و دڕندە دەژین، ڕۆژنامە ناخوێننەوە و هیچ گرنگییەک بەوە نادەن کە بڵاو دەبێتەوە. شتی سەرنجڕاکێشی زۆر لەنێو ڕۆژنامەکاندا هەیە! ئەگەر شتێک ڕووبدات یەکسەر هەمووان دەیزانن، هیچ شتێک ناشاردرێتەوە! چەندە بەختەوەرم! ئۆه، خودایە! ئەزانن ڕۆژنامەکان تەنیا باسی کەسایەتییە دیار و بەنێوبانگەکان دەکەن، بەڵام ئێستاکێ باسی منیش دەکەن!»
«مەبەستت چییە؟ لە کوێ؟»
ڕەنگی باوکی پەڕی.
دایکیشی تەماشای وێنە پیرۆزەکەی کرد و خاچی کێشا.
براکانی کە لە جێگاکەیان و هەر بەو جلە کورتانەیانەوە لەخەو ڕاپەڕیبوون، لە براکەیان نێزیکتر بوونەوە.
«بەڵێ، ڕۆژنامەکان بابەتێکیان لەسەر من نووسیوە. ئێستا هەموو ڕووسیا من دەناسێت! دایە، ئەم ڕۆژنامەیە بپارێزن و وەک یادگارییەک ئاگاتان لێی بێت! با جار جارە بیخوێنینەوە. گوێ بگرن!»
میتیا ڕۆژنامەیەکی لە گیرفانی دەرهێنا، دایە دەست باوکی و بە پەنجە ئاماژەی بۆ ئەو شوێنە درێژ کرد کە بە مەرەکەبی شین نیشان کرابوو:
«بیخوێنەوە!»
باوکی چاویلکەکەی لە چاو کرد.
«دە بیخوێنەوە!»
دایکی دووبارە تەماشای وێنە پیرۆزەکەی کردەوە و خاچەکەی لەسەر سینگ و ناوچاوی کێشایەوە.
باوکی گەروی پاک و ساف کرد و دەستی کرد بە خوێندنەوە:
«لە کاتژمێر یانزەی شەوی ٢٩ی دیسەمبەر، فەرمانبەرێک بە ناوی دیمیتری کولدارۆڤ…»
«دەبینن، دەبینن! گوێ بۆ ئەویتری بگرن. دەی درێژەی پێ بدە!»
«.. دیمتری کولدارۆڤ، کارمەندی فەرمانگەی تۆمار، لە کاتی هاتنەدەرەوە لە بیرەفرۆشییەکی باڵەخانەکانی (کۆزیخن – in Kozihin)ی شەقامی (بڕۆنای بچووک – Little Bronnaia)، بە سەرخۆشی…»
«ئەوە باسی من و (سیمیۆن پیترۆڤیچ – Semyon Petrovitch) دەکات کە پێکەوە بووین.. تەنانەت وردەکارییەکانیشی باس کردووە! درێژە پێبدە! ئێوەش گوێ بگرن!»
«.. بە سەرخۆشی، خلیسکا و کەوتە ژێر دەست و پێ و ناڵی ئەسپی گالیسکەیەک کە هی جوتیارێکی گوندی (دوریکینۆ – Durikino)ی ویلایەتی (یۆخنۆڤسکی – Yuhnovsky) بوو نە ناوی (ئیڤان

درۆتۆڤ – Ivan Drotov). ئەسپە تۆقیوەکە، بەسەر کولدارۆڤدا تێپەڕی و گالیسکەکەی پێدا کێشا.
گالیسکەکەش بازرگانێکی مۆسکۆیی تێدا دانیشتبوو بە ناوی (ستیپان لوکۆڤ – Stepan Lukov)، ئەویش لە گالیسکەکە دادەبەزێت و ڕادەکات، بەڵام خزمەتگوزار و پاککەرەوەکان ڕێگری لێدەکەن. کولدارۆڤیش کە خەریک بوو ببوورێتەوە، دەبرێت بۆ بنکەی پۆلیس و پزیشک پشکنینی بۆ دەکات. ئەو گورزەی کە بەر پشتەسەری کەوتووە…»
«گورزەکە بەهۆی دەسکی گالیسکەکە بوو، باوکە ئەوی تری، ئەوی تریشی بخوێنەرەوە!»
«..کە بەر پشتەسەری کەوتووە، دەرکەوتووە قورس نەبووە و سووکە. لێکۆڵینەوەیەکی زارەکی لەسەر ڕووداوەکە کراوە و بریندارەکەش چارەسەری پزیشکی پێدراوە…»
«پێیان گوتم پشتەسەرم بە ئاوی سارد بشۆم. ئێستا خوێندتانەوە؟ هاااا؟ خۆ دەبینن! ئێستا ئەم ڕۆژنامەیە بە هەموو ڕووسیادا دەسووڕێتەوە، بمدەرەوە…»
میتیا ڕۆژنامەکەی وەرگرت، قەتی کرد و خستییە گیرفانی.

«ئێستا دەیبەم بۆ ماڵی (ماکارۆڤەکان – Makarovs) و پیشانیان دەدەم.. دەبێت بە (ئیڤانیتسکییەکان – Ivanitskys)، بۆ (ناتاسیا ئیڤانۆڤنا – Natasya Ivanovna) و (ئانیسیم ڤاسیلیچ – Anisim Vassilyitch)یشی نیشان بدەم.. من ڕۆیشتم! ماڵئاوا.»
میتیا کڵاوە نیشانەدارەکەی کردە سەری و سەرکەوتوو و دڵخۆش، بەرەو کۆڵانەکە ڕایکرد.

پەراوێز:
وەرگێڕانە فارسییەکەی:
– عەباس باقری، گۆڤاری چیستا
وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەی:
– (کۆنستانس گێرنێت – Constance Garnett)، کۆمەڵە چیرۆکی (The Schoolmaster and Other Stories) لە ساڵی ١٩٢١.
– (ماریان فێڵ – Marian Fell) بە ناوی (Bliss)، لە ساڵی ١٩١٥.
– (ڕیچارد پێڤێەر – (Richard Pevearلە کۆمەڵە چیرۆکی(Fifty Two Stories) .