رۆژنامەی ھەولێر

فیلمێکی کوردی خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەنامەیی لە بەریتانیا بەدەستهێنا

عەبدولغەفار عەبدوڵا – هەولێر

 

فیلمی بەڵگەنامەیی “ئۆدری”، لە دەرهێنانی تاشان بەهار، فیلمساز و بەرهەمهێنەری کوردە، خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەنامەیی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی جەین ئۆستین لە شاری باس لە بەریتانیا بەدەستهێنا.

تاشان بەهار، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە گوتی: فیلمی “ئۆدری”، یەکەم ئەزموونی منە وەک دەرهێنەر و چیرۆکی ژیانی ژنێکە کە بۆ 45 ساڵ ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ خزمەتکردن بە مۆزەخانەی پارە و مێژووی پۆست، ئەو خزمەتەش وای کردووە پاشاژن ئێلیزابێس خەڵاتی مەدالیای پێزانینی پێ ببەخشێت.
تاشان بەهار سەبارەت بە دروستکردنی بەڵگەفیلمەکە گوتی: من بۆ دروستکردنی ئەم فیلمە نزیکەی ساڵێک کارم کردووە و لە قۆناخەکانی بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا بەشداریی راستەوخۆم هەبووە. فیلمەکە 15 خولەکە و سینەماتۆگرافەرییەکەی لەلایەن ئەینزلی جۆنسن، سینەماتۆگرافەری بەریتانی، ئەنجام دراوە. یەکەم نمایشی فیلمەکە لە شاری باس کراوە؛ هەمان ئەو شارەی کە فیلمەکەی تێدا وێنە گیراوە و ئۆدریش ژیانی تێدا بەسەر بردووە. ئەو ساتە بۆ من زۆر تایبەت و پڕ هەستە، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی ئۆدری ساڵی رابردوو لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، بەڵام فیلمەکەم پێشکەشە بەو مرۆڤە بەرزە کە لە راستیدا دەکاتە نەنکم.
تاشان بەهار جەختی لەوەش کردەوە: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی جەین ئۆستین لە شاری باس، یەکێکە لە فێستیڤاڵە سینەماییەکان لە بەریتانیا کە فیلمسازانی وڵاتانی جیاواز بەشداری تێدا دەکەن. لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە فیلمسازانی ئەمریکی، چینی، سویدی، فەرەنسی، بەریتانی و چەند وڵاتێکی دیکە بەشدارییان کردووە.
سەبارەت بە بەدەستهێنانی خەڵاتی بەڵگەفیلمەکە لەو فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە، تاشان بەهار دەڵێت: فیلمی “ئۆدری”، لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە بەڵگەنامەییەکاندا خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەنامەیی بەدەستهێناوە. ئەم دەستکەوتە بۆ من بە تایبەتی گرنگە، چونکە “ئۆدری” یەکەم ئەزموونی منە وەک دەرهێنەر و لە یەکەم هەنگاوی فیلمسازیی خۆم دا توانیومە سەرنجی بینەرانی سینەمایی و فیلمسازانی بەشدار لە فێستیڤاڵەکەدا رابکێشم.

تاشان بەهار باسی لەوەش کردو: لە دوای نمایشکردنی فیلمەکە، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە دەستخۆشی لێکردووم و پێی گوتم؛ باوەڕ ناکەم هیچ چاوێک هەبێت بە فرمێسک تەر نەبووبێت لە کاتی نمایشکردنی فیلمەکەت. هەروەها من کۆمەڵێک لە فیلمسازان و بەشداربووانی فێستیڤاڵەکەشم هانداوە کە بەردەوام بن لە بواری فیلمسازی، و هەڵسەنگاندنیان بۆ فیلمی “ئۆدری” بووەتە پاڵپشتێکی گرنگ بۆ بەردەوامبوونییان لەم بوارەدا.”
تاشان بەهار، خانمە فیلمساز و بەرهەمهێنەری کورد، لەساڵی 1996 لە لەندەن لەدایک بووە و لەوێش دەژی. باوکی کوردە، کەی بەهار، و دایکی ئینگلیزە، جۆزی بەهار. ئەو لە تەمەنی سێ ساڵییەوە حەزی بە نواندن و خۆدەربڕین هەبووە و بە پشتگیری دایک و باوکی، لەگەڵ خوێندنی ئاسایی، لە قوتابخانەی نواندنیش بەشداری کردووە. یەکێک لە یەکەم ئەزموونە هونەرییەکانی تاشان لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بووە، کاتێک وەک هەڵپەرکێکار لە نمایشی “ئازادی و خۆشەویستی” بەشداری کردووە؛ ئەو نمایشە بە هاوکاری کەی بەهار، باوکی، لە فێستیڤاڵی هونەری نێودەوڵەتی ئێدنبرە لە سکۆتلەندا پێشکەش کراوە. تاشان دواتر بەردەوام بووە لە نواندن و بووەتە ئەکتەرێکی پڕۆفێشناڵ و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە تیپی شانۆ ـ موزیکالی لاوانی زەنیس لە شاری باس کاریکردووە. لەو ماوەیەدا لە چەندین شانۆگەریدا رۆڵی بینیوە و لە نێوان ئەو کارانەدا “گریس” و “گوڵەکانی ئیم” لەو بەرهەمانەن کە زۆرتر خۆشی دەوێت، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی رۆڵی ژنێکی زۆر بە تەمەنی لە یەکێکیاندا بینیوە. تاشان بەهار لە ساڵی 2017 و لە تەمەنی 19 ساڵیدا، وەک یەکەم کچی کورد، سەرکەوتووەتە سەر چیای کلیمەنجارۆ لە تانزانیا، کە بەرزییەکەی 5895 مەترە و بە بەرزترین چیای ئەفریقا دادەنرێت. لەسەر لوتکەی چیاکە، تاشان بە ڤیدیۆ پەیامێکی ناردووە بۆ بانگەشەکردن بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتبوونی کوردستان و ئاڵای کوردستانی بەرز کردووەتەوە.