حەسەن حەمەد ئاندێکی
بەشی یەکەم
د. سیروان ئەنوەر مەجید شێخانی، مامۆستا لە بەشی راگەیاندن، کۆڵێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، ماستەر لە زمانی راگەیاندنی سیاسی، دکتۆرای گوتار شیکاریی میدیایی، لە دیمانەکی بۆ رۆژنامەی “هەولێر”ـدا، تیشکی خستەسەر گوتارشیکاری لە دیمانە سیاسییەکان و گرنگترین ئامراز و ڕێبازەکانی گوتارشیکاری لە میدیادا.
گوتارشیکاری (Discourse Analysis) چییە و بۆچی لە دیمانە سیاسییەکاندا گرنگە؟
گوتارشیکاری تەنها لێکۆڵینەوە نییە لە دەق یان ڕستەکان بە جیا، بەڵکو دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان زمان، دەسەڵات و، کۆنتێکستی کۆمەڵایەتیسیاسییە. لە دیمانە سیاسییەکاندا گوتار شیكاری گرنگە چونکە ڕێگە نادات پەیامەکان وەک خۆیان تێپەڕن؛ بەڵکو “ئایدۆلۆژیای شاراوە”، “ستراتیژی خۆدزینەوە”، “پاساوھێنانەوەی سیاسی” ڕوون دەکاتەوە. بۆ نموونە، کاتێک سەرکردەیەکی حزبی لە دیمانەیەکدا لەبری وشەی “قەیرانی دارایی” وشەی “سەختی کاتی” یان لەبری “ناکۆکی ناوخۆیی” وشەی “ڕاوبۆچوونی جیاواز لە چوارچێوەی دیموکراسیدا” بەکار دێنێت، گوتارشیکاری لێرەدا دەمامکی زمانەوانی لادەدات بۆ دەرخستنی ململانێی ڕاستەقینەی دەسەڵات. لە ڕوانگەی “تیۆریی کایەکان” (Field Theory)ـەکەی پیێر بۆردیۆ، دیمانەی سیاسی مەیدانێکی ململانێیە کە تێیدا لایەنەکان شەڕی بەدەستهێنانی “سەرمایەی ڕەمزی” دەکەن. گوتارشیکاری لێرەدا دەبێتە ئامرازی ناسینی ئەو ستراتیژیانەی کە کارەکتەرە سیاسییەکان بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆیان بەکاریدێنن. گەر سەیری نموونەی جیهانی بكەن، ئەوا شیکردنەوەی گوتارەکانی ڤلادیمێر پۆتن لە دیمانەکەیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی تاکەر کارڵسن. لێرەدا پۆتن گوتارێکی مێژوویی (Historical Discourse) بەکار هێنا بۆ شەرعیەتدان بە هێرشەکەی سەر ئۆکراینا. گوتارشیکاری دەریخست چۆن پۆتن بە ئەنقەست دەقە مێژووییەکانی سەدەی نۆیەم و دەیەم بەکار دێنێت بۆ سڕینەوەی پێناسەی قەوارە نەتەوەییەکەی ئۆکراینا لە دەروونی وەرگری ڕۆژاواییدا.
گرنگترین ئامراز و ڕێبازەکانی گوتارشیکاری لە میدیادا چین؟
میدیاکاران و توێژەران پشت بە چەندین ڕێباز دەبەستن، وەک:
– شیکردنەوەی گوتاری ڕەخنەیی (CDA – Critical Discourse Analysis)؛ دەرخستنی چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان بۆ سەپاندنی هەژموون و دەسەڵات.
– ستراتیژی جەمسەرگیری (Polarization Strategy)؛ پیشاندانی هاوکێشەی (ئێمەی باش و ئەوانی خراپ).
– ناونانی زمانەوانی (Nominalization)؛ گۆڕینی کردار بۆ ناو بۆ شاردنەوەی بکەرەکە (کوژرانی گەنجێک لەبری کوشتنی گەنجێک لەلایەن هێزەکانەوە).
لێرەدا، گەر نموونەی ناوچەکە بهێنینەوە، ئەوا میدیای حزبیی کوردی و عێراقی، ڕێبازی (CDA) بە ڕوونی دەبینرێت، کاتێک میدیای (X) بەرامبەرەکەی بە “تێکدەر یان تاقم” ناو دەبات و، میدیای (Y) بەرامبەرەکەی بە “دکتاتۆر یان قۆرخکار” پێناسە دەکات. لێرەدا ئامرازی جەمسەرگیری گوتارەکە ئاراستە دەکات. گەر نموونەی جیهانی بهێنینەوە ئەوا لە کاتی ڕووماڵکردنی شەڕی غەززە و لوبنان لە میدیا جیهانییەکاندا، گوتارشیکاری دەریخست کە زۆرجار بۆ قوربانیانی لایەنێک وشەی کارا (Active) بەکاردێت (بۆ نموونە: حەماس ٢٠ کەسی کوشت)، بەڵام بۆ لایەنەکەی تر ڕستەی نادیار (Passive) یان ناونانی ناڕاستەوخۆ بەکار دێت (بۆ نموونە: ٢٠ کەس گیانیان لەدەست دا بەهۆی هێرشەکانەوە). لێرەدا بکەری سەرەکی لە ڕێگەی زمانەوە لە بەرپرسیارێتی دەشاردرێتەوە.
زمان و هەڵبژاردنی وشەکان چۆن کاریگەری لەسەر تێڕوانینی جەماوەر دروست دەکەن؟
وشەکان تەنها ئامرازی گواستنەوەی زانیاری نین، بەڵکو بارگەی عاتیفی و سیاسییان پێیە کە هۆشیاری و سۆزی جەماوەر دادەڕێژنەوە. ئینستیتیوتی ڕۆژنامەوانی بەمە دەڵێت چوارچێوەکاری. لێرەدا، گۆڕینی زاراوەکان لە میدیای ناوچەکەدا؛ بۆ نموونە بەکارهێنانی وشەی “کوردانی پارچەکانی تر” لەبری “کوردانی باکوور یان ڕۆژاوا” لەلایەن هەندێک میدیاوە، یان بەکارهێنانی “هێزە دەستوورییەکان” لەبری “هێزەکانی حەشدی شەعبی” لە بەغدا. ئەم هەڵبژاردنانە ڕاستەوخۆ دەستکاری دەروون و بیرکردنەوەی وەرگر دەکەن بۆ ئەوەی ڕووداوەکە چۆن ببینێت. بەپێی تیۆریی چوارچێوەکاریی ڕۆبێرت ئینتمان، میدیا لە ڕێگەی “هەڵبژاردن و بەرجەستەکردنی” هەندێک لایەنی ڕووداوەکان، دەستکاری هۆشیاری وەرگر دەکات. ئینتمان دەڵێت فڕێمکردن چوار کاری سەرەکی دەکات: پێناسەکردنی کێشەکە، دەستنیشانکردنی هۆکارەکە، بڕیاردانی ئەخلاقی و، پێشنیارکردنی چارەسەر.
دەستنیشانکردنی کێشە
دیاریکردنی هۆکار
حوکمی ئەخلاقی
پێشنیاری چارەسەر
لە نموونەی جیهانی مامەڵەکردنی میدیای ڕۆژاوا لەگەڵ چەمکی “کۆچبەران” بە شێنەی ئەم بابەتە دەردەكەوێت” ساتێك کۆچبەرانی جەنگ بە “تۆفانی مرۆیی” (Human Flood) یان “شەپۆل” (Wave) ناو دەبرێن، زمانەکە لێرەدا مۆرکی مرۆیی لە کۆچبەرەکە دەسەنێتەوە و وەک “کارەساتێکی مەترسیداری سروشتی” نیشانی جەماوەری دەدات، ئەمەش زەمینە خۆش دەکات بۆ قبوڵکردنی یاسای توند دژیان.
دیمانەکار تا چەند دەتوانێت ئاراستەی گفتوگۆ و پەیامە سیاسییەکان بگۆڕێت؟
دیمانەکەر (Interviewer) ئەگەر خاوەن پاشخانێکی بەهێزی ڕۆشنبیری و سیاسی بێت، دەتوانێت لە پێگەی “تەنها گوێگر و مایکرۆفۆنگرتن”ـەوە بچێتە پێگەی “ئاراستەکەر و دادوەر”. ئەمەش لە ڕێگەی پرسیاری کورتی بڕبڕەدار، دووبارە پرسیارکردنەوە (Follow-up questions) و، ڕێگریکردن لە درێژدادڕی سیاسییەکە.
بۆ نموونە، کاتێک پێشکەشکارێکی لێهاتوو لە کەناڵە پێشکەوتوەکاندا ڕێگە نادات سیاسییەکە بە پاساوی مێژوویی لە پرسیاری سەرەکی کە تایبەتە بە “مووچە یان شەفافییەتی داهات” ڕابکات و، چەند بارە دەیگەڕێنێتەوە سەر مژارەکە؛ لێرەدا میدیاکارەکە ئاراستەی پەیامە پڕۆپاگەندەییەکەی سیاسییەکە دەگۆڕێت بۆ پەیامێکی ناچاریی ڕوون کەرەوە. هاوكات، دیمانە بەناوبانگەکانی تۆڕی (BBC) لە بەرنامەی (HardTalk ). کاتێک بەرپرسێکی وڵاتانی جیهانی سێیەم دەیەوێت باسی گەشەی ئابووری بکات، پێشکەشکارەکە بە بەڵگە و ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی دۆسیەی “مافەکانی مرۆیی و ئازادی ڕادەربڕین” دەسەپێنێت. لێرەدا دیمانەکارەکە نەخشەی گرنگیی بابەتەکان (Salience of Items) لە مێشکی بینەردا سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە.

