رۆژنامەی ھەولێر

ساڵی نوێی خوێندن لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەستی پێکرد

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە بەشداریی ١٠٤ ھەزار قوتابی پرۆسەی خوێندن لە کەرکووک بە کۆمەڵێک گرفت لەوانە، کەمیی باڵەخانە، میلاک و چەندین کێشەی دیکە، دەستیپێکرد. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: وەزارەتی پەروەردەی عێراق و ئیدارەی کەرکووک بەتەواوی پشتیان لە خوێندنی کوردی کردووە و ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ ناکەن. دەشڵێ: تەنیا بۆ ئەمساڵ ١٠٥٠ قوتابی کورد لە خوێندنی عەرەبییەوە گەڕاونەتەوە بۆ خوێندنی کوردی.

دوای سێ جار گۆڕانکاری لە وادەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، دوێنێ یەک شەممە لە شاری کەرکووک خوێندنی کوردی سەرەڕای ئاستەنگ و کەموکوڕییەکان، دەرگای ٥٦٢ قوتابخانە و باخچەی منداڵان بۆ ئەمساڵی خوێندن کرایەوە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو، بەڵێنی دابینکردنی ھەزار مێزی دانیشتنی قوتابییان و ٥٠٠ وایت بۆردی بۆ پۆلەکانی خوێندن داوە.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە پارێزگای کەرکووک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بە پشتیوانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاریی باشیان بۆ دابینکردنی کتێب و کەلوپەلی خوێندنی کوردی کردووە.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: ژمارەی قوتابییەکانیان گەیشتووەتە ١٠٤ ھەزار قوتابی، تەنیا بۆ ئەمساڵ ھەزار و ٥٠ قوتابی کورد لە خوێندنی عەرەبییەوە گەڕاونەتەوە بۆ خوێندنی کوردی، ئەمەش بۆ ئەو سەرکەوتنانە دەگەڕێتەوە کە قوتابییانی کورد لە ساڵی ڕابردوودا تۆماریان کردووە، بەتایبەت کە ڕێژەی سەرکەوتنی گشتی لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشی سەرەتایی گەیشتە ٨٢%، قوتابییانی خوێندنی کوردی لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەستھێناوە، تەنیا لە خولی یەکەمدا ١٤٠ قوتابی و لە خولی دووەمدا ٥٠ قوتابی پلەی نایابیان بەدەستھێناوە و خەڵات کراون، ھاوکات لە ٨٩ قوتابخانەدا ڕێژەی دەرچوونی تەواوەتی لە خولی یەکەمدا تۆمار کراوە، کە ئەمەش نیشانەی سەرکەوتنی ستراتیژیی خوێندنی کوردییە لەو پارێزگایەدا.
ئەو بەرپرسەی خوێندنی کوردی، ڕوونیکردەوە، ستافێکی پەروەردەیی کە پێکھاتوون لە ٨٢٠٠ مامۆستا و فەرمانبەر، سەرپەرشتیی پرۆسەی وانەوتنەوە و بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن، لە ڕووی دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکانەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کتێبی خوێندنی بۆ ئەمساڵ دابین کردووە.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی ڕەخنەی تووندی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق و ئیدارەی کەرکووک گرت بەوەی بەتەواوی پشتیان لە خوێندنی کوردی کردووە و ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ ناکەن.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە پارێزگای کەرکووک، ئاشکراشی کرد: گەورەترین گرفتیان کەمیی باڵەخانەی قوتابخانەیە، بەجۆرێک زۆربەی قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی دوو تا سێ دەوامیان تێدایە و ١٠ قوتابخانەش چوار دەوامین.