ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
کێشەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و خۆرخی خیسۆس دەبێتە هەڕەشە لەسەر میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 لە لایەن پۆرتوگالەوە، لەم پێناوەشدا هەڵمەتێکی زۆر دەستی پێکردووە بۆ ئەوەی کێشەی ئەفسانە پۆرتوگالییەکە چارەسەر بکرێت.
بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەوی ریکۆردی پۆرتوگالی، قەیرانە بەردەوامەکەی نێوان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و خۆرخی خیسۆس سنوورەکانی یاریگاکانی تێپەڕاندووە و ئێستا بووەتە گەرمترین و هەستیارترین بابەتی سیاسی و ئابووری لە پورتوگال. ئەم دۆخە ئاڵۆزە گوشارە گەورەکانی لەسەر پیدرو برۆینسا، سەرۆکی فیدراسۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر کردووە.
کەسایەتییە دیارەکانی حکوومەت و ناوەندە ئابوورییەکان ڕاستەوخۆ هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، چونکە ترسێکی ڕاستەقینە هەیە کە ئەم ناکۆکییە زیان بە ناوبانگی نێودەوڵەتیی پورتوگال بگەیەنێت.
کێشەکە لە چوارچێوەی وەرزشی دەرچووە و نیگەرانییەکی نیشتمانی دروست کردووە کە ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆژەی هاوبەشی میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 هەبێت.
سەرۆکی فیدراسۆنی تۆپی پێی پورتوگال لەژێر گوشارێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی بە زووترین کات دۆخەکە هێور بکاتەوە و ئارامی بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی بگێڕێتەوە پێش ئەوەی قەیرانەکە گەورەتر ببێت. چونکە کۆمپانیا بازرگانییەکانیش هۆشدارییان داوە بە فیدراسۆنەکە کە ناتوانن بەردەوام بن ئەگەر قەیرانەکان بەمشێوەیە بەردەوام بێت و رۆناڵدۆ نەگەڕێتەوە هەڵبژاردەکە.
میگێل ئالبوکێرک، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی مادێرا پاڵپشتی خۆی بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەربڕی و گوتی: دوای 30 ساڵی دیکە کەس بیری نامێنێت کێ راهێنەری پۆرتوگال بووە و کێ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە بووە، بەڵام دوای 50 ساڵی دیکەش هەمووان دەزانن کریستیانۆ رۆناڵدۆ کێیە.
لە لایەکی دیکەوە زەینەدین زیدان راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا رایگەیاند تکایە رێز لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بگرن، زینەدین زیدان تکا دەکات کەمێک رێز لە مێژووە گەورەکە و ئەو خزمەتە بگرن کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێشکەشی تۆپی پێی کردووە.
زیدان پێشتر لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ 3 نازناوی چامپیۆنزلیگی لە ریال مەدرید بەدەستهێناوە، دەشڵێت: من هەمیشە رێزێکی زۆر تایبەتم بۆ کریستیانۆ هەیە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرکردایەتی منی کرد لە بردنەوەی نازناوە سەرسوڕهێنەرەکان، رێزت دەگرم و کڵاوەکەم بۆت بەرز دەکەمەوە ئەی “کریستیانۆ”، من بە بەخت بووم تۆ لەگەڵم بوویت.
کریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 41 ساڵ لە کاروانی راهێنەرایەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال زۆرترین ریکۆردی لە مێژوودا تۆمار کردووە.
گۆڵکاری مێژووی پۆرتوگالە بە 146 گۆڵ، بە هەمان ژمارە گۆڵکاری مێژووییە لەسەر ئاستی سەرجەم وڵاتان، خاوەن زۆرترین یاریی لەگەڵ پۆرتوگال بە 234 یاری، تاکە یاریزانە بەم تەمەنە لە داویین 23 یاری 16 گۆڵی کردووە.
کریستیانۆ گۆڵکاری مێژووی پۆرتوگالە لە مۆندیال بە 11 گۆڵ، گۆڵکاری مێژووییە لە پاڵاوتنی مۆندیال بە 41 گۆڵ. تاکە یاریزانە لە مێژوو 25 ساڵە لەسەریەک لە خول و پاڵەوانێتییە گەورەکان گۆڵ دەکات.
کریستیانۆ خاوەن زۆرترین بەشداریکردن لە یارییەکانی یۆرۆ بە 30 یاری، گۆڵکاری مێژووی هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە یۆرۆ بە 14 گۆڵ. تاکە یاریزانە لە شەش مۆندیال لەسەریەک گۆڵی کردووە.

