سلێمان تاشان – هەولێر
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کشانەوە بەڵام چەک لە دەستی گرووپە میلیشیاکان ماوەتەوە و چەند ڕۆژێکە لە شەقامەکانی بەغدا و پاریزگاکانی دیکەی عێراق بە بەرزکردنەوەی دروشمی تایفی شایی سەرکەوتن دەگێڕن لە کاتێکدا دەبوایە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کۆتایی بە چالاکیی سەربازی ئەو گرووپانەش هاتبا و سەروەریی ڕاستەقینە بۆ دەوڵەتی فیدراڵی گەڕابایەوە.
گرووپە میلیشیاکان نەک کۆتاییان پێ نەهاتووە بەڵکوو لە هەڕەشەکانیان بەردەوامن و پێداگری لەوە دەکەن چەکەکانیان دانانێن و لە مقاوەمە بەردەوام دەبن و تەنانەت خۆیان بە سەروەری عێراق دەزانن. راستە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کشانەوەی عێراقیان وەک جەژن ناوبرد و شاییان گێڕا بەڵام بەشێکی دیکەیان نیگەران بوون لە دۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق بە تایبەتی پرسی بەرگری ئاسمانی و ڕێگریکردن لە هەڕەشەکانی تیرۆر.
یەکێک لە سەرەکیترین ئەو پاساو و بیانووانەی بۆ دانەنانی چەک، گرووپە میلیشیاکان بەکاریان دەهێنا ئەوە بوو چەکەکانیان ڕادەست ناکەن تا ئەو کاتەی کۆتایی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق نەهێنرێت.
بە ڕای چاودێرانی سیاسی ئەوەی وایکرد حکوومەتی ئەمریکا بەڵێنەکەی خۆی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ٣٠ ئەیلوول جێبەجێ بکات ئەوە بوو بیانوو لەو گرووپانە ببڕێت و هیچ پاساوێکیان بەدەستەوە نەبێت، جگە لەمە کابینەی زەیدی لەسەر دوو بنەما دامەزراوە کە یەکێکیان چەککردنی گرووپەکان و گیڕانەوەی دەسەڵاتی سەربازی بۆ دەوڵەت و دووەمیان کۆتاییهێنان بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
عەلی زەیدی لە دوو لاوە لە ژێر گوشاردابوو لە لایەک لە مانگەکانی ڕابردوودا ئەمریکا گوشارێکی زۆری خستە سەر بۆ ئەوەی ڕێ لە هەر جۆرە جووڵەیەکی گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە بگرێت تەواوی چەکەکان بخاتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت. ئەو گرووپانە لە ناوخۆی عێراقەوە شەڕیان بۆ وڵاتی دیکە کردووە و بەرژەوەندییەکانی عێراقیان خستووەتە مەترسییەوە،
عەلی زەیدی لەو ماوەیەدا لەگەڵ گرووپەکان لە دانوستاندا بوو و توانی ژمارەیەک لەو گرووپانە ڕازی بکات واز لە چەکەکانیان بهێنن و خەریکی کاری سیاسی بن بەڵام ژمارەیەک لە گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە ئەو داخوازییەیان ڕەت کردووەتەوە.
عەلی زەیدی لەم لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگیش لە ژێر گوشارێکی زۆردابوو و لە مانگەکانی ڕابردوودا هەموو جۆرە گوشارێکی خرایە سەر ئەمریکا ڕازی بە کشانەوەی هێزەکانی لە وادەی دیاریکراو بکات.
زەیدی لەوەتەی بووەتە سەرۆک وەزیران دوو جار سەردانی ئەمریکای کردووە و لە لایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە بە گەرمی پێشوازی لێ کراوە و ڕێز لە داواکارییەکانیشی گیراوە. زەیدی داخوازیی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقی بردە ئەمریکا و داخوازییەکەش بە کردەوە جێبەجێ کراوە.
ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی عێراقە و ئەمریکا چاوەڕوانی لە حکوومەتی عێراق هەیە ئەویش بەڵینەکانی جێبەجێ بکات چونکە ڕاستە ئەمریکا وەک هێزی سەربازی لە عێراق کشاوەتەوە بەڵام بەرژەوەندییەکانی لە عێراقن و دەیان کۆمپانیای ئەمریکی لە عێراق کار دەکەن و بە دەیان ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە کەرتی نەوت و گاز و کارەبا و ڕێگاوبان کردووە. ئەمریکییەکان کە پێشتر خۆیان و عێراقییەکانیشیان لە تیرۆر دەپاراست لە دوای ٣٠ ئەیلوول ئەوە ئەرکی عێراقە ئەمریکییەکان و وڵاتەکەش لە تیرۆر بپارێزیت.
ئەوەی لە چوار ڕۆژی ڕابردوو ڕوویداوە ئاماژەی مەترسیداری تێدا بەدی دەکرێت و ئەو ڕاستییە سەلمێنراوە کە بەشێک لە گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش ئامادە نین چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.
حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە و تا ئەم ساتە ئەمریکا لە پاڵپشتییە سیاسی و داراییەکانی بۆ حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە، ئێستا نۆرەی حکوومەتی عێراقە ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکات کە هەر خۆی خستوویەتە نێو کارنامەی کابینەوە.

