رۆژنامەی ھەولێر

یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و عێراق پتەوتر دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە کاردانەوەی جیاوازی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا ھێنا و پرۆسەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بە وەرچەرخانێکی مێژوویی و چارەنووساز ناودەبەن. شارەزایانی سەربازی و لایەنەکان، دەڵێن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشوازی و پشتیوانی لە ھەنگاوی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن و ئەم یەکخستنەوەیەش بە دەرفەتێکی باش دەبینن تاوەکو لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە بەردەوام بن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە خزمەت بە سەقامگیری و ئارامی و بەرژەوەندییەکانی سەرجەم پێکھاتەکانی کوردستان دەکات.

ساڵی ٢٠١٦ سەرۆک بارزانی سەرپەرشتیی یەکەمین ھەنگاوی بناخەی ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کرد. لەم پێناوەشدا چەندین یاداشتی لێکگەیشتن و ھاوبەشی لەگەڵ ھاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریکا و ھێزەکانی دیکەی دۆست واژۆ کران.
ڕۆژی دووشەممە ٢١ـی ٩ی ٢٠٢٦ لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا یەکخستنی تەواوەتی ھێزی پێشمەرگە ڕاگەیاندرا.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا کە لە ڕێوڕەسمەکەدا پێشکەشی کرد، گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ کوردستان و بۆ پێشمەرگە، ڕۆژێکی زۆر تایبەتیشە بۆ خودی خۆم کە ھەر لە ڕۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونمان وەکو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، بەڵێنمان دا، بە ھەموو توانای خۆمانەوە، کار بۆ یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەین.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەشدا، لە چوار ساڵی ڕابردوودا، لە ژێر ڕێنمایی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی و بە ھاوکاری و پشتیوانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و دۆستانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان، دوای چەندین کۆبوونەوە و کارکردنی چڕ و کاری بێ وەستان، توانیمان بگەینە ئەم قۆناخەی ئێستا، کە ئەمڕۆ یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە ڕابگەیەنین.
نازم ماھر، شارەزای سەربازی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ھێزی پێشمەرگە وەک ھێزێکی تۆکمە و یەکگرتوو لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێک خرایەوە، ئەمەش ھەواڵێکی زۆر باش بوو و ماوەیەکی زۆر بوو جیھان چاوەڕوانی ئەم ھەنگاوە بوو، ھەمیشە سوپاسگوزاری ئەو ھێزەنە و ئەمەش باشترین دەرفەتە بۆ ئەو وڵاتانە کە بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی ھێزی پێشمەرگە وەک ھێزێکی نیشتمانی و یەکگرتوو.
دەشڵێ: دوای یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھەموو وڵاتان پیرۆزبایی و پشتگیرییان لە ھەرێمی کوردستان کرد، پشتیوانیی ئەم دەوڵەتانە،‌ دەرخەری پەرۆشیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ ھێزێکی یەکگرتوو و تۆکمە لەژێر سێبەری دامەزاروەکانی حکوومەت.
کۆڤان حەمید، شارەزای سەربازی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: چیتر پێشمەرگە بە ‌سیستەمێکی حزبی و ناوچەیی ناچێتە ناو گفتوگۆی ھاوپەیمانانەوە، بەڵکو ئەمجارە بە ‌ھێزێکی یەکگرتوو و لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە مامەڵە دەکات، ئەمەش بۆ ھاوپەیمانان گرنگە، یەکخستنی ئەو ھێزانە لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی سەربازیی یەکگرتوودا، کە لەسەر بنەمای پیشەیی و دیسیپلین کار دەکات، ھەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش و سەقامگیری.
زیاتر گوتی: پێشمەرگە لە تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش لە چوارچێوەی ھاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیدا، وەک کاریگەرترین ھێزی سەرزەوی بە دانپێدانانی ھەموو لایەنە چاودێرەکان ناسراوە، سەرەڕای جیاوازییە ھەیکەلییەکانی ڕابردوو، پێشمەرگە بەردەوام لە بیروباوەڕدا ھێزێکی یەکگرتووی کوردستان بووە.
کۆڤان حەمید، شارەزای سەربازی، جەخت لەوەش دەکاتەوە، کاتێک ھێزی چەکدار لە چوارچێوەی حزبی دەردەچێت و دەبێتە موڵکی ڕەھای نیشتمان، ئەوە بەدڵنیاییەوە زیاتر سەروەریی یاسا و شکۆی دەسەڵاتی دەوڵەت دەچەسپێت، چونکە سوپای سەرکەوتوو و یەکگرتوو تەنیا گوێبیستی فەرمانی دامەزراوە فەرمییەکان دەبێت.
ئایدن مەعرووف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە، دەڵێت: ھێزی پێشمەرگە لە ھەموو قۆناخەکاندا و لە ھەمووکات زیاتر، پشتیوان و پارێزەری سەرەکیی ماف و ئارامیی سەرجەم پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ھەرێمی کوردستان بووە و نموونەیەکی باڵای پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی بووە.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، دەشڵێ: یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە خزمەت بە سەقامگیری و ئارامی و بەرژەوەندییەکانی سەرجەم پێکھاتەکانی کوردستان بە کورد و تورکمان و مەسیحییەکانەوە دەکات ھیواخوازە ئەم ھەنگاوە ستراتیژییە ببێتە مایەی بەھێزتربوونی سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و پاراستنی زیاتری فرەچەشنی و پێکەوەژیانی نێوان گشت پێکھاتەکان.
فەرەیدوون عەبدولقادر، کەسایەتیی سیاسیی کوردستان، ڕایگەیاند، ھەنگاوی یەکگرتنی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتێکی زۆرباشە و پێویستە لە بابەتەکانی تریشدا بەڕەوڕووی یەکتر و یەکگرتن ھەنگاو بنێین.
فەرەیدوون عەبدولقادر، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، حزبەکان لە ئاشتکردنەوەی خەڵک کەمتەرخەمن و خەڵک لەڕێی حزبەکانەوە فێری ناکۆکی بووە، ئەوەی بۆ پێشمەرگە کراوە، تەنیا ناو گۆڕین نییە و ھەنگاوێکی لەجێیە.