سیپان عبدالسلام بەرواری
لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا دوو ڕۆژ و شەوێکم لە ناوچە شاخاوییەکەی بەرواری بالا، لە باکووری هەرێمی کوردستان، بەسەر برد. لە هەر شوێنێکدا سروشت بیرم دەخستەوە کە ئەم ناوچەیە چەند دەوڵەمەندە: کانی لە شاخەکانەوە هەڵدەقوڵێن، جۆگەی بچووک بە دۆڵەکاندا تێدەپەڕێت و باخ و بێستان دەوری زۆر گوندیان داوە. سێو، هەنار، بەهێ، هەرمێ، هەنجیر و گوێز لەوێ دەڕوێن؛ کەنجەڕ، سوماق و جۆرەها گیا و ڕووەکیش هەن. نەوەکانی پێشوو تووتن، برنج و گەنمیانیش دەچاند. لە ناو ئەم هەموو دەوڵەمەندییەدا، ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام لاوازیی چالاکیی ئابووریی بوو. بۆچی خەڵک ئەم شوێنانە جێدەهێڵن، لە کاتێکدا شارەکانمان هەر فراوانتر دەبن؟
بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٤ نزیکەی ٥.٥ ملیۆن کەسی لە ناوچە شارنشینەکان و کەمێک زیاتر لە ملیۆنێک کەسی لە ناوچە گوندنشینەکان تۆمار کردووە. لە ساڵی ٢٠٢٣یشدا زیاتر لە ١.١٢ ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵیی بەکارهێنراو نەبوو یان بەجێهێڵدرابوو. هەندێک دەڵێن گەنجانی ئەمڕۆ چیتر حەزیان لە ماندووبوونی کاری کشتوکاڵ نییە. بەڵام بڕیارەکانیان پەیوەندی بە دۆخێکی ئابووریی ئاشناوە هەیە. کارێکی ئۆفیس مووچەیەکی ڕێکوپێک، کاتژمێری کاری دیاریکراو و مەترسیی کەمتر دەدات؛ جوتیارەکەش ڕەنگە چەندین مانگ کار و پارە بخاتە ناو بەرهەمەکەی، پاشان ڕووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا و نرخ ببێتەوە، بێ ئەوەی شوێنێکی هەبێت بۆ هەڵگرتنی بەرهەمەکەی یان کڕیارێک بدۆزێتەوە بە نرخێک کە قازانجی بۆ بهێنێت.
بەرواری بالا، لایەنێکی لەم کێشەیە پیشان دەدات. لە هەندێک وەرزدا سێوی زۆر بەرهەم هاتووە، بەڵام کڕیاری پێویستی بۆ نەبووە. بەشێک لە سێوەکان لە ژێر دارەکاندا ماونەتەوە، چونکە نرخی فرۆشتنیان تێچووی چنین و گواستنەوەشیان نەدەگرتەوە. بۆ زیندووکردنەوەی گوندەکان، تەنها زیادکردنی بەرهەم بەس نییە. پێویستە بپرسین لە کاتی دەرچوونی بەرهەم لە باخەوە تا گەیشتنی بە دەستی بەکارهێنەر چی ڕوودەدات: کێ سێوەکان کۆدەکاتەوە، پۆلێنیان دەکات و هەڵیان دەگرێت؟ کێ ئەو میوانەی جۆریان نزمترە دەکاتە شەربەت، سرکە، میوەی وشککراوە یان موڕەبا؟ کێ پاکەتێکی گونجاو و ناوی بازرگانیی ناوخۆیی بۆیان دروست دەکات و لەگەڵ فرۆشگاکانی هەولێر و بەغدا و بەسرە گفتوگۆ دەکات؟ ئەم کارانە دەتوانن هەمان ئەوەندەی چاندن، دەرفەتی ئابووری دروست بکەن.
هەندێک پێشکەوتن هەیە. وەبەرهێنان لە کشتوکاڵدا زیادی کردووە، ژوورە شووشەییەکان و شوێنەکانی ساردکردنەوە فراوانتر بوون، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی کوردستانیش بە ڕێژەیەکی زیاتر دەگەنە بازاڕەکانی بەشەکانی دیکەی عێراق و دەرەوەی وڵات. بەڵام پڕۆژە تاکەکەسییەکان، ئەگەر بەیەکەوە نەبەسترێن، ئابوورییەکی ناوخۆیی بەهێز دروست ناکەن. بۆ نموونە، دەکرێت بەرواری بالا لەسەر بنەمای سێو، گوێز، گیا، سوماق و هەنگوین پەرە پێبدرێت، بەوەی باخ و کێڵگەکان بە ناوەندەکانی کۆکردنەوە، کۆگاکانی ساردکردنەوە، پاکەتکردن، کارگە بچووکەکان، گواستنەوە و بازاڕگەرییەوە ببەسترێن.
کۆمەڵە هاوکارییەکانی جوتیاران دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی ئەم پەیوەندییانەدا ببینن. جوتیارێکی بچووک بە تەنها توانایەکی زۆری بۆ گفتوگۆ لەگەڵ فرۆشگا گەورەکان یان کارگەکانی خۆراک نییە. کاتێک جوتیاران پێکەوە کار بکەن، دەتوانن بڕێکی ڕێکوپێک لە بەرهەم بە کوالیتیی نزیک لە یەک و بەردەوامی لە دابینکردندا پێشکەش بکەن.
ئەم جۆرە ڕێکخستنە پێویستی بە داراییەک هەیە کە سروشتی کشتوکاڵ تێبگات: داهاتی جوتیار وەرزییە، باخچە چەند ساڵێکی دەوێت تا بەرهەم بدات، زۆر گەنجیش بیرۆکەی پڕۆژەی نوێیان هەیە بەڵام دەستەبەریی پێویستیان بۆ وەرگرتنی قەرز نییە. بانکەکان دەتوانن قەرزی کشتوکاڵی، داراییی وەرزی و هەڵبژاردەی بەکرێگرتنی ئامێر پێشکەش بکەن.
دەستەبەریی حکومەت دەتوانێت مەترسی کەم بکاتەوە؛ بانکە ئیسلامییەکانیش دەتوانن شێوازی داراییی گونجاو بۆ ئامێر و پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکان دابین بکەن. هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و تایبەتیش دەتوانێت ژێرخانی گشتی بە وەبەرهێنانی تایبەت لە کۆگای سارد، کارگەی بەرهەمهێنان و پاکەتکردندا ببەستێتەوە.
فێرکاری بە هەمان ئەندازەی دارایی گرنگە. ناوەندەکانی فێرکاریی پیشەیی لە گوندەکاندا دەتوانن شێوازە نوێیەکانی چاندن لەگەڵ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان فێر بکەن. زانکۆکانیش دەتوانن بە تاقیگە، کێڵگەی تاقیکردنەوە و توێژینەوەی کردەیی یارمەتیی جوتیاران و خاوەن کارگەکانی خۆراک بدەن. لە هەمان کاتدا، ئاو بە شێوەیەکی هەرچی زیاتر دەبێتە هۆکاری دیاریکەری سەرکەوتنی ئەم هەوڵانە.
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، وشکەساڵی و گۆڕانی شێوازی بارانبارین ئێستا کاریگەرییان لەسەر کشتوکاڵ هەیە. بۆیە تەکنیکی نوێی ئاودێری، کۆکردنەوەی ئاوی باران، ئاوبەندە بچووکەکان و بەڕێوەبردنی باشتر بۆ سەرچاوەکانی ئاو پێویستە ببنە بەشێک لە پلانی هەر ناوچەیەکی گوندنشین.
تەنانەت کشتوکاڵی قازانجدار ناتوانێت گوندەکان ئاوەدان ڕابگرێت، ئەگەر خێزانەکان قوتابخانەی باش، خزمەتگوزاریی تەندروستی، ڕێگا، کارەبا، ئینتەرنێت و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی دیکەیان دەست نەکەوێت. پەرەپێدانی گوندەکان پەیوەندی بە ژیانی هەموو دانیشتووانیانەوە هەیە. لە کاتی سەردانەکەم بۆ بەرەواری، دەرفەتێکی دیکەش بە ڕوونی دیار بوو: گەشتیاری. هەر کۆتایی هەفتەیەک خەڵکی زۆر لە هەولێر و دهۆک و شارەکانی دیکەوە ڕوودەکەنە شاخەکان، بەڵام تەنها بەشێکی کەم لە پارەیەکەیان دەگاتە دەستی دانیشتووانی ئەو گوندانەی سەردانیان دەکەن.
هەندێک خێزان دەتوانن بەشێک لە ماڵەکانیان بۆ پێشوازی لە میوان ئامادە بکەن، مانەوە لە کێڵگەکان و نانی بەیانیی کوردی بە بەرهەمی ناوخۆیی پێشکەش بکەن. گەنجانی ناوچەکە دەتوانن وەک ڕێنیشاندەری گەشتیاری کار بکەن، سەردانی وەرزی چنینەوەی میوە ڕێک بخەن، هەنگوین، موڕەبا، میوەی وشککراوە، گیا، پەنیر و دەستکردە ناوخۆییەکان بفرۆشن. بەم شێوەیە گەشتیاری دەبێتە بازاڕێک بۆ کشتوکاڵی ناوخۆیی و سەرچاوەیەکی دیکەی داهات بۆ خێزانەکان. گوندێکی سەردەمیانە دەتوانێت لەگەڵ جوتیاران، کارمەندی کارگەکانی خۆراک، پسپۆڕی تەکنیکی، ڕێنیشاندەری گەشتیاری، توێژەر، پیشەوەر و خاوەن پڕۆژەشی تێدا بژیت.
هەنووکەش دەستپێشخەریی بچووک لەم بوارەدا هەن، بەڵام بۆ ئەوەی کاریگەرییان بگاتە ئاستی پێویست، سیاسەتێکی گشتگیر بۆ پەرەپێدانی گوندەکان و بەدواداچوونی بەردەوام لەلایەن حکومەت، کەرتی تایبەت، زانکۆکان، بانکەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە پێویستە. ئەو سیاسەتە دەبێت کشتوکاڵ، ئاو، پیشەسازیی خۆراک، دارایی، فێرکاری، توێژینەوەی زانستی، ژێرخان، گەشتیاری و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی بەیەکەوە ببەستێت و بۆ هەر ناوچەیەکیش جێگە بهێڵێتەوە تا بەپێی سەرچاوە و تایبەتمەندییەکانی خۆی پەرە بسەنێت.
پێویستە ڕوانگەمان بۆ وەبەرهێنانیش فراوانتر بکەین. بەشێکی گەورە لە سەرمایەی تایبەت چووەتە بواری خانووبەرە، دووکان، قاوەخانە و ناوەندە بازرگانییەکان. کوردستان پێویستی بەو وەبەرهێنەرانەش هەیە کە کۆگای ساردکردنەوە، کارگەی شیرەمەنی و خۆراک و پاکەتکردن، ژوورە شووشەییەکان و ماڵی میوانداری لە ناوچە شاخاوییەکان دروست بکەن و ناوی بازرگانی بۆ بەرهەمە خۆراکییە کوردستانییەکان پەرە پێبدەن. کشتوکاڵ و پەرەپێدانی گوندەکان دەتوانن ببنە بواری گرنگی کارکردن، وەبەرهێنان و دامەزراندنی پڕۆژەی نوێ و دەرفەتی ڕاستەقینە بۆ گەنجان دروست بکەن.
کاتێک لە بەرواری دەگەڕامەوە، بیرم لەو هەموو چالاکییە ئابوورییە دەکردەوە کە دەکرێت لە پشت ئەوەدا هەبێت کە ئێمە بە سادەیی ناوی دەنێین «سروشت». هەر دارە سێوێک، هەر باخە گوێزێک، هەر کانییەک، هەر ڕێڕەوێکی شاخاوی و هەر ماڵێکی گوند دەتوانێت بەشێک بێت لە ئابوورییەکی ناوخۆیی بەرهەمدار، ئەگەر ئەو پەیوەندییانەی پێویستن لە نێوانیاندا دروست بکرێن. پرسیاری سەرەکی بۆ گوندەکانی کوردستان ئەوەیە: چۆن ژیان، کارکردن و وەبەرهێنان لە گوندەکاندا جارێکی دیکە بکەینە هەڵبژاردەیەکی شیاو؟ کاتێک گەنجان ئەم دەرفەتە لەبەردەم خۆیاندا ببینن، هۆکاری خۆیان بۆ مانەوە لە گوندەکان یان گەڕانەوە بۆیان دەبێت.

