یاسین قادر بەرزنجی
خۆر لە کانیاوی چاوانت
دێ خۆی دەشوا
تاکو هەر بەو ویقارەوە
بچێتە حوزووری شەو
فەرهادی
کاک عەبدولڕەحمان فەرهادی لە گوندی (سێبیران)ی ڕۆژئاوای هەولێر لە بنەماڵەیەکی ئاینی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری کوردپەروەر لەدایک بووە، هەموو قۆناغەکانی خوێندنی لە هەولێر بووەو دەرچووی کۆلیژی زانستە لە زانکۆی سەلاحەدین، مامۆستای فیزیا بووە لە چەند ناوەندی و ئامادەییەکی کوڕان و کچان لە شاری هەولێر، لە ئێستادا لە پەروەردە سەرپەرشتیاری فیزیایەو بەردەوامە لە خزمەتی پەروەردەو زانست، لە وەرگێڕانی پڕۆگرامەکانی خوێندنیشدا بەشدار بووە.
لە سەرەتای ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردووەوە دەستی کردووە بە نووسینی شیعرو ڕەخنە، هاوکات وەرگێڕان لە عەرەبییەوە بۆ کوردی و لە زۆربەی گۆڤارو ڕۆژنامەکاندا بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە .
فەرهادی جگە لەوانە ڕۆژنامەنووسێکی خاوەن بەخشش بووەو لە هەردوو ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ و ئاڵای ئازادی دا کاری کردووە، سەرنووسەری گۆڤاری (هزرین)ی وەزارەتی ڕۆشنبیری و گۆڤاری (نووسەری نوێ)ی لقی هەولێری یەکێتی نووسەران بووە.
ئەم نووسەرو شاعیرە ئازیزەمان، ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کوردەو ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنفرانسی لقی هەولێری نووسەراندا دەنگی یەکەمی بەدەستهێناوەو بووەتە سەرۆکی لقەکەو تائێستا بەردەوامەو لەگەڵ هاوڕێکانیدا بەوپەڕی چالاکییەوە ئەو لقە خاوەن مێژووە دەبەن بەڕێوەو هەفتانە جارێک یان دوو جار لە کۆڕەکانیاندا ئەدیب و ڕوناکبیران و ئەدەبدۆستان لەو ماڵە پڕ لە میهرەبانییەی نووسەراندا کۆدەبنەوە.
فەرهادی کە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە، خاوەنی ئەم چاپکراوە پوخت و پڕ چێژانەیە:
*دیداری غوربەت و زامداریی نیشتمان، نووسین و وەرگێڕان، ٢٠١٤.
*چۆڕاوی تریفە، کۆ شیعر، ٢٠١٧.
*ماجەرای دکتۆر کاکۆی سەگەوان، تەنزە چیرۆک، ٢٠٢٠.
*ماڵی خەون، کۆمەڵە شیعری وەرگێڕراو، ٢٠٢٦.
گوڵنار، ڕۆمانی وەرگێڕراو، ٢٠٢٦.
لەگەڵ کتێبی(مێژووی یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی هەولێر) .
فەرهادی سەبارەت بە وەرگێڕانی شیعردەڵێت:
[من کار لەسەر وەرگێڕانی کتومت و وشە ئامێز ناکەم، بەڵکو دەیانکوردێنم، تا ڕادەیەک ئازادی دەدەم بە خۆم، بێ ئەوەی دەستکاری ناوەرۆکی دەقە ڕەسەنەکە بکەم].
کاک ئەحمەد حەقناسی نووسەری بۆکانی سەبارەت بەو وتوویەتی:
[فەرهادی بە شێوازێک دەنووسێ جیا لە هاژەو گڤەی شیعری ئەمڕۆی ئەم جۆرە شێوازەی زۆر لە شاعیران شیعریان پێ نووسیوە].
بێ لە هەموو ئەوانە، ئەم هێژایە کە ساڵانێکی زۆرە بە خۆی و زمانە شیرینەکەی و ڕووە خۆشەکەیەوە بارگەی هاوڕێیەتی لە دەروونی من و زۆری تردا خستووە، گشت کۆڕەکانی نووسەران و گشت کتێبێکی جوان بە هی خۆی دەزانێ و نموونەیەکی گەشە بۆ ئەدیب و ڕۆشنبیری هاوچەرخ.
بەهیوای بەرهەمی دیکەتم مامۆستا عەبدولڕەحمان فەرهادی، هەمیشە دڵئارام و سەرفراز بیت.

