ڕائیب جادر – هەولێر
ھەرێمی کوردستان خاوەن سرووشتێکی ڕەنگین و دەوڵەمەندە، بە ژینگەی ھەمەجۆر ناوبانگە بۆیە لە توانایدایە گرنگییەکی زیاتر بە ھەمەجۆری گەشتیاری بدات، پلانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتی گەشتوگوزاری دھۆک، ناوچەکانی شوێنەواری و گەشتیاری لە خۆ دەگرێت بۆ ئەوەی لە ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیار ڕوو لە شوێنە گەشتیاری و شوێنەوارەکانی پارێزگاکە بکەن. گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، دەڵێت، ئاسایش و سەقامگیری ھۆکاری سەرەکیی ڕاکێشانی گەشتیارە بۆ ھەرێمی کوردستان و بووەتە جێگەی سەرنجی میدیا نێودەوڵەتییەکان و ڕەزامەندیی تەواوی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی.
بێکەس بریفکانی، بەرێوەبەری شوێنەوار و کەلوپووری پارێزگای دھۆک، ئاشکرای کرد، پاش ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی توکمەی دانا کار لەسەر شوێنەوار بکات، یەک لە بەرنامەکانی کابینەی نۆیەم ئەوەیە کە خزمەتی شوێنەوارەکان بکات، بەتایبەتی پاراستنی شوێنەوارەکان، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراو و زانکۆی بیانی کاریان لە دھۆک کرد، ئەوەش پاش ئەوەی بۆ ئەوان دیار بوو کە پارێزگای دھۆک دەوڵەمەندە بە مێژوو و شوێنەوار، دروستکردنی پارکێکی شوێنەواری لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق کە یەکەم جارە پارکێکی لەو شێوەیە دروست بکرێت، کە بەشێکی زۆری لە بەشەکانی ئەو پارکە کۆتایان پێ ھاتووە و لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ کۆتایی بەکارەکانی دێت و دەکەوێتە خزمەت گەشتیاران، لەگەڵ ئەوەی چەندین شوێنەوار ڕێگەوبانیان بۆ بردووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین شوێنەوار نۆژەن دەکرێنەوە ئەوانەش لە ھەموو شار و شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای دھۆکن، ئەوەش زیاتر گەشتیار بۆ سنوورەکە ڕادەکێشێت، پلانیش ئەوە چەندین مۆزەخانە دروست بکرێن بەتایبەتی لە ئامێدی و ئاکرێ.
پارێزگای دھۆک بەھۆی ھەڵکەوتە جوگرافییە ناوازەکەی و مێژووە دەوڵەمەندەکەیەوە، دەبێتە چەقی پلانە نوێیەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری و پاراستنی شوێنەوارە دێرینەکان. بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری دھۆک پلانێکی گشتگیری بۆ ھەموو ناوچەکان ئامادە کردووە، بە جۆرێک کە نەک تەنھا لە ھاوین، بەڵکو لە وەرزی زستان و پاییزیشدا زۆرترین گەشتیار ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان بکەن.
بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق، کار بۆ دروستکردنی گەورەترین “پارکی شوێنەواری” دەکرێت کە مێژووی ناوچەکە بە شێوازێکی مۆدێرن بۆ گەشتیاران و توێژەران دەخاتەڕوو. کارەکانی نۆژەنکردنەوە لە قەڵای ئامێدی، شوێنەوارەکانی ئاکرێ، و ئەشکەوتی “چوارستوون” بەردەوامن. ئەم پڕۆژانە بە ھاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان (وەک فەڕەنسییەکان) ئەنجام دەدرێن بۆ پاراستنی سیمای مێژوویی ناوچەکە. حکوومەت دەیەوێت لە ڕێگەی پەرەپێدانی ئەم کەرتەوە، سەرچاوەکانی داھات ھەمەجۆر بکات و ھەلی کاری زیاتر بۆ گەنجانی ناوچەکە بڕەخسێنێت.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئاسایش بنەمای گەشەی ھەموو وڵاتێکی گەشتیارییە، خۆشبەختانە ھەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیدایە، بەڵام ئاسایشێکی تەواوی ھەیە و ئەمەش وایکردووە ھەمیشە جێی بایەخی میدیا نێودەوڵەتییەکان بێت، ھەروەھا ئەو ڕاوبۆچوونانەی لە گەشتیاران، بەتایبەتی لە گەشتیارانی بیانی وەرمانگرتووە، زۆر دڵخۆشکەرە و ھەست بە پارێزراوییەکی تەواو دەکەن، تەنانەت دیاردەی وەک دزیکردن و بێزارکردنی گەشتیاران کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا ھەیە، لێرە بە دەگمەن نەبێت بوونی نییە و لە کاتی ھەر ڕووداوێکیشدا دەزگا پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ بەدەم کێشەکانەوە دەچن و چارەسەری دەکەن.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، جەختیکردەوە، پاراستنی ئاسایشی گەشتیاران لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و لەو پێناوەشدا ھەماھەنگییەکی زۆر بەھێز لەنێوان دەستەی گەشتوگوزار، وەزارەتی ناوخۆ، ئاسایش، پۆلیس و تیمەکانی تەندروستیدا ھەیە بۆ ئەوەی کەشێکی ئارام بۆ میوانان فەراھەم بکرێت.
بەگوێرەی ئاماری فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی کابینەی نۆیەم، ١٠٢ پڕۆژەی گەشتیاریی جێبەجێکراون، ھاوکات دەیان ڕێگەوبان بە مەبەستی ئاسانکاری ھاتووچۆ و کەمکردنەوەی ڕووداوی نەخوازراو یان دروستکراوە یان نۆژەن کراوەتەوە، ئەمەش ھۆکارێک بووە بۆ ئەوەی گەشتیاران بە کاتێکی کەمتر لە کەشێکی ئارام و دوور لە مەترسی سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن. وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: لەسەردەمی کابینەی نۆیەم گەشتوگوزار بە قۆناغێکی زۆر پڕشنگدار تێدەپەڕێت، حکوومەتی ھەرێم گرنگییەکی یەکجار زۆری بە گەشتوگوزار داوە لەڕووی ژێرخانەوە لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوو بە گوژمەی ٧ ملیار و نیو ملیۆن دۆلار پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجام دراون، چالاکییەکە گەشتیارییەکان فڕەچەشن کراون، جۆرە جیاوازەکانی گەشتوگوزار پەڕەیان پێدراوە، لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چەندین چالاکی و فێستیڤاڵی جیاواز دەکرێن، بەشێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان پەیوەست بە ژمارەی بنکە گەشتیارییەکان ٣١٠٠ شوێن و بنکە و پێگەی گەشتیاری ھەن کە خزمەتگوزاری گەشتیاری پێشکەش دەکەن، لەمانە ٤٨٠ ھۆتێل، ٢٨٢ مۆتێل، نزیکەی ھەزار ڕیستورانت و کافتریای گەشتیاری، زیاتر لە ٥٠ گوندی گەشتیاری، لە ئێستادا لە ھەر شەوێکدا ھەرێمی کوردستان توانای لە خۆگرتنی١٠٠ گەشتیاری ھەیە، ئەو گەشتیارانەی سەردانی شوێنە گەشتیاری و شوێنە مێژووەکانی کوردستانیان دەکرد، بە ئاوەدانی و ئارامی و جوانی کوردستان سەرسام بوون.

