رۆژنامەی ھەولێر

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16 ئەیلوولی 2026، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، هەریەک لە وەزیرانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە، ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکانیان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2027-2026 پێشکەش کرد و ئامادەکارییە پەروەردەیی، زانستی، کارگێڕی و تەکنیکییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکانی پرۆسەی خوێندنیان خستەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، وەزیری پەروەردە ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە بەرنامەی نێودەوڵەتیی هەڵسەنگاندنی قوتابییان (PISA) و ئامادەکارییەکانی وەزارەت بۆ بەشداریی لەم هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییە خستەڕوو، کە ئامانجی هەڵسەنگاندنی توانای خوێندکاران و ئاستی سیستمی پەروەردەیی لە بوارە سەرەکییەکانی خوێندنەوە، بیرکاری و زانست و بەراوردکردنی ئەنجامەکان لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی بەشداریکردنی لە PISA و سوودوەرگرتن لە ئەنجامەکانی بۆ ناسینەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی سیستمی پەروەردەیی و داڕشتنی سیاسەت و بەرنامەکانی چاکسازی و بەرزکردنەوەی کوالێتیی خوێندن کرد.

دوای تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و بەشێوەیەکی ڕێکخراو کردەوە و ڕاسپاردە پێویستەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی قوتابخانە، زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندن دەربڕی.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، وەزیری پلاندانان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە نووسراو و بڕیارەکانی ئەمدواییەی حکوومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوونی ساڵی 2024 خستەڕوو، بە تایبەتی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای دانیشتووانی عێراق کە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە %12.68 دیاری کردووە، ئەنجوومەنی وەزیران ئەم ڕێژەیە ڕەت دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی ئەنجامی فەرمی و پەسەندکراوی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە %14.14٪ دیاری کردووە.

لە هەمانکاتدا، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پرۆسەی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ بەڕێوەچووە و میکانیزم و ڕێکارەکانی ئەو پرۆسەیەش دواتر بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پەسەند کراون.

ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی پلاندانان، وەزارەتی داد و دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد، بە هاوئاهەنگی، هەموو ڕێکارە دەستووری، یاسایی و دادوەرییەکان بگرنەبەر بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ڕێژەیە و پابەندبوون بە ئەنجامی فەرمی و پەسەندکراوی سەرژمێری، بەگوێرەی ئەو لێکتێگەیشتن و میکانیزمە هاوبەشانەی کە لەنێوان هەردوو حکومەتدا لەسەر شێوازی ئەنجامدانی سەرژمێری لە ساڵی 2024 ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە.

هەروەها، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دیاریکردنی ڕێژەی ڕاست و فەرمیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی بنەڕەتییە؛ چونکە ئەم ڕێژەیە تەنيا پەیوەندی بە دیاریکردنی پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدڕاڵ و دابەشکردنی داهات و خەرجییە گشتییەکانەوە نییە، بەڵکوو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی بەشداری و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەن و دەستە هەڵبژێردراوە فیدڕاڵییەکان، سەرۆکایەتی و دامەزراوە و دەستە دەستووری و فیدڕاڵییەکان و هەروەها نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی عێراق لە دەرەوەی وڵات هەیە.

لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەدا، ئەندامانی شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی دوا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی شاندیان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی، بە تایبەتی وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و نەوت، خستەڕوو؛ هەروەها ئەو گفتوگۆیانەی کە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵی داراییی 2027 ئەنجام دراون.

شاندەکە وردەکاریی گفتوگۆکان و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ جێگیرکردنی پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 خستەڕوو، بە تایبەتی لە بابەتی مووچە و شایستە دارایییەکانی مووچەخۆران، دیاریکردنی پشکی هەرێم، خەرجییە سیادی و حاکمەکان و شێوازی هەژمارکردنیان، قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، داهاتی نەوتی و نانەوتی و پشک و بەشداریی هەرێم لە خەرجی، پڕۆژە و بەرنامە فیدڕاڵییەکان.

لە بەشێکی دیکەی ئەم بڕگەیەدا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئەو کۆت و بەند و مەرج و پابەندییانەی ناو بڕگە و ماددەکانی یاساکانی بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی ساڵانی پێشووی خستەڕوو، کە لە جێبەجێکردندا بوونەتە هۆی کەمکردنەوە یان ڕێگری لە بەدەستهێنانی تەواوی شایستە دارایییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لەو چوارچێوەیەدا، ئاماژەی بە بەکارهێنانی پێوەری «خەرجکردنی ڕاستەقینە» (الإنفاق الفعلي) لە هەژمارکردنی پشکی هەرێم، زیادبوونی بڕگە و قەبارەی خەرجییە سیادییەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەم خەرجییانە لە کۆی گشتیی خەرجییەکانی دەوڵەت کرد، کە لە ساڵانی پێشوودا کاریگەریی نەرێنییان لەسەر قەبارەی پشک و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە.

هەروەها، ئاماژە بە بەستنەوەی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم کرا و جەخت کرایەوە کە مووچە شایستەیەکی دارایی و یاساییی مووچەخۆرانی هەرێمە؛ بۆیە پێویستە ماف و شایستە دارایییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یەکسانی و بەبێ جیاوازی، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە دامەزراوەکانی حکومەتی فیدڕاڵ دابین بکرێت و مووچەکانیان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا خەرج بکرێت.

ئەمەش لەگەڵ ناوەڕۆک و بنەماکانی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی شوباتی 2024 یەکدەگرێتەوە، کە جەخت لەسەر پاراستنی ماف و شایستەکانی مووچەخۆران و یەکسانییان دەکاتەوە و بە ڕوونی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ناکۆکیی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، نابێت ببێتە هۆی دواخستن یان پەکخستنی مووچە و شایستە دارایییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران، دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دانوستانەکان، جەختی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ کردەوە، بەمەبەستی ئەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەکان و بڕیارە پابەندکەرەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دابڕێژرێت و پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕوون و دادپەروەرانە تێیدا جێگیر بکرێت. هەروەها جەخت کرایەوە کە لە داڕشتن و جێبەجێکردنی بودجەدا، ماف و شایستە دارایییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و ناکۆکییە دارایی، نەوتی و یاساییەکانی نێوان هەردوو حکومەت، نابێت ببنە هۆی دواخستن یان پەکخستنی مووچە و شایستەکانیان.

ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بێ جیاوازی كردەوە، بۆ داکۆکیکردنی هاوبەش لە پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵیی 2027 و پێویستیی یەکڕیزی و هاوئاهەنگی نێوان هەموو لایەنە کوردستانییەکان لەم بابەتەدا بە گرنگ زانی.

لە کۆتاییدا، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەنجوومەنی وەزیران بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەو کارەساتەی کردەوە کە لە ساڵی 1969دا، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە، ژمارەیەک لە دانیشتووانی کریستیان (کلدان) و موسڵمانی گوندەکەی کۆمەڵکوژ کرد.