رۆژنامەی ھەولێر

یادئانینەوەی ٦٥ ساڵوەگەڕی شۆڕشە مەزنەکەی ئەیلوول لە هۆڵەندا

عەبدولقەهار هەولێری

 

له شارى ئەلمیرەى هۆڵەندا ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کوردان و میوانان، ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ٦٥مین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشە مەزنەکەی ئەیلوول لە شاری ئەلمیرەی هۆڵەندا بەڕێوە چوو؛ بۆنەیەک کە تێیدا یاد و مێژووی شۆڕش، خەبات و قوربانییەکانی پێشمەرگە و خەباتکارانی ئەیلول نوێ کرایەوە.

ڕێوڕەسمەکە بە یەک خولەک بێدەنگیەوە دەستی پێ کرد، بە مەبەستی ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای خەبات و ئازادی، بە تایبەتی سەروەری نەمری کوردستان، مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس جوانەمەرگ.
لە دەستپێکی بەرنامەکەدا، بەرپرسی ناوچە، پێشڕەو حەسەن، بە گوتارێکی بەخێرهاتن پێشوازی لە بەشداربووان کرد. دواتر، بەرپرسی لق، سەرهەد غەفووری، گوتارێکی تایبەتی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ڕەهەندە مێژووییەکانی شۆڕشی ئەیلوول و خەباتی کورد بۆ ماف، ئازادی و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، سێ قەڵغانی ڕێزلێنان بە کەسانی شایستە پێشکەش کرا.
هەروەها، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و ڕێزلێنان لە خەبات و قوربانییەکانیان، ٢٥ پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول ڕێزیان لێ نرا. ئەم ڕێزلێنانە لەلایەن بەرپرسی لقی شەشی ئەوروپا و د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بروکسێل، پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ڕێکخراو و دامەزراوەکانیش، بەهۆی بەشداری و هاوکارییان لە بەرنامە و چالاکییەکاندا، ڕێزیان لێ گیرا.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، بەشی هونەری ڕێوڕەسمەکە دەستی پێ کرد و گروپی میوزیکی دوبرا، کاوە و هیوا و گۆرانیبێژ ئەمجەد گوڵی بەشدارییان تێدا کرد. بەشداربووان بە پێشکەشکردنی بەرهەم و پرۆگرامە هونەرییەکان، کەشێکی تایبەتیان بە بۆنەکە بەخشی و ڕێوڕەسمەکەیان بە گۆرانی و مۆسیقا ڕازاندەوە.
ئەم بۆنەیە هەروەها دەرفەتێکی بوو بۆ نوێکردنەوەی یادەوەریی مێژوویی شۆڕشی ئەیلوول، ڕێزلێنان لە ڕۆڵ و خەباتی پێشمەرگە و خەباتکارانی ئەو شۆڕشە و بەرزڕاگرتنی خۆبەختکردنیان؛ لە هەمان کاتدا، بەشێک بوو لە هەوڵەکانی کوردانی دەرەوەی کوردستان بۆ پاراستنی یادەوەریی نەتەوەیی و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانیان.