رۆژنامەی ھەولێر

دەربارەی تێکستی نەمر

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

زۆرجار پرسیار سەبارەت بە نەمریی تێکست دەکرێت؟ دەپرسرێت چی شتێک تێکستێک نەمر دەکات؟ ئایا ئەوەی تێکستێک نەمر دەکات ڕووداوە؟ یان تێمەیە، یان شێوازی گێڕانەوەیە؟ یان چ شتێکی دیکەیە؟ ڕەنگە ئەگەر سەنجێکی خێرا لە ئەدەبیاتی جیهانی بدەین هەست بەوە بکەین، کە ژمارەی تێکستە نەمرەکان کەم نین، بەڵام ژمارەی تێکستە نەمرەکان بە بەراورد بەو سەدان هەزارە تێکستەی دیکە کە نووسراون زۆر کەمن، بۆیە دۆزینەوەی ئەو تێکستە نەمرانە گەلێک سەختن، چونکە یەک هۆکاری دیاریکراو، یان کۆمەڵێک مەرجی دیاریکراو نییە تا تێکستێک نەمر بکات، یان نەمریی بۆ تێکستێک مسۆگەر بکات، بۆیە دیاریکردنی ئەمە سەختە.

خاڵێک کە سەختی بەم دیاریکردنە دەبەخشێت ئەوەیە کە هەر تێکستێکی نەمر هۆکارێکی دیاریکراوی هەیە، کە لە هۆکاری تێکستێکی دیکەی نەمر جیاوازە، دەشێ هەندێک تێکست بەیەک هۆکار نەمربن، بەڵام تێکستگەلێکی زۆر هەن کە بەهۆکاری جودا جودا نەمرییان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە.
خاڵێک کە هەموو تێکستە نەمرەکان تێیدا هاوبەشن ئەوەیە کە دەبنە تێکستی دایکانە و لە هەناوی ئەوانەوە تێکستی دیکە لەدایک دەبن و ئیلهامدەران بە نووسەران تا تێکستی دیکە بنووسن. یەکێک لەو تێکستە دایکانە و نەمرانە “کۆمیدیا”ی دانتێ ئەلیگرێ-یە، ئەم تێکستە کە شاکارێکی شیعریی و پارێزەری زمانی ئیتاڵییە، یەکێکە لە تێکستە نەمرەکانی، نەک زمانی ئیتاڵی، بەڵکو هەموو ئەدەبیاتی جیهان، کە خوێنەر لەگەڵ ئەم تێکستەدا گەشتێکی ئەفسوناوی و شیعریی بە جیهانی بەهەشت و بەرزەخ و دۆزەخدا دەکات و لەوێوە کۆمەڵێک وانە دەبیستێک دەربارەی ژیان و مەرگ و زۆر بابەتی دیکە. گرنگی ئەم تێکستە بووەتە هۆکاری ئەوەی دەیان دەقی دیکە لە هەناوی ئەم تێکستەوە بێتە دەرەوە و ببێتە ئیلهامدەر بۆ چەندین نووسەر.
نۆڤلێتی “پاڵتۆ” شاکارێکی گۆگۆڵ-ـە تێکستێکی کورتە، بەڵام ئیلهامدەری زۆرێک لە نووسەرانی ڕووسی بووە. پاشان ئەدەبیاتی ڕووسی لەوێوە بەرەو گەشەی بەردەوام ڕۆیشت تا یەکێک لە مەزنترین نووسەرەکانی ئەدەبیاتی ڕووسی “فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی” ڕستەیەکی بەناوبانگ سەبارەت بەم نۆڤلێتە کورتە بدرکێنێت و بڵێت “هەموومان لە پاڵۆکەی گۆگۆڵەوە هاتووینەتە دەرێ.” وەکو ئەوەی ئەو نۆڤلێتەی گۆگۆڵ ئیلهامدەری هەموو نووسەرانی ڕووسی بێت. خاڵێک لێرەدا بۆمان دەرکەوێت ئەوەیە کە تێکستی نەمر بە گەورە و بچووکی نییە، بەڵکو بەو ئەفسوون و کاریگەرییەیە کە نووسەر لە چنینی حیکایەت و تەکنیک و تێمەدا دەیچنێت.
نۆڤلێتی “مەسخ”ی کافکا؛ یەکێک لەو نۆڤلێتە گرنگ و نەمرانەیە، کە دوای نزیکەی سەدەیەک لە چاپبوونی، بەڵام هێشتا جگە لەوەی بەردەوام دەخوێنرێتەوە، بەردەوام کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی تێکستی نوێ هەیە و شرۆڤەی نوێش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لێرەوە دەتوانین بڵێین یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی دەقی نەمر ئەوەیە بەردەوام شرۆڤەی نوێ هەڵدەگرێت و دەقێک نییە سینەی خۆی بە یەکجار و بۆ یەک سەردەم بکاتەوە، بەڵکو بۆ هەر سەردەمە و جۆرێک لە دیدگای تازە لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت. ئەم خاڵە بۆ ڕۆمانی 1984ی جۆرج ئۆروێلیش دروستە. ئەویش دەقێکە سەبارەت بە تۆتالیتارییەت، دەقێک دەڵێی بۆ هەموو سەردەمێک و بۆ سیستمە تۆتالیتارییەکانی جیهان نووسراوە، چونکە لە هەناویدا گوزارشت لە هەموو سیماکانی دیکتاتۆریەت بە دڵڕەقترین شێوەکانیشییەوە دەکات.
هەرا و تووڕەیی؛ ئەو تێکستەی ولیەم فۆکنەر، کە یەکێکە لە نەمرترین تێکستەکانی ئەو نووسەرە و ئەدەبیاتی ئەمریکی، ئەمەش بەهۆی ئەو شێوازە مۆنۆلۆگە سەختەوە کە نووسەر پەیڕەوی کردووە، کە جۆرێک لە تایبەتمەندی فۆکنەریانەی بەرهەمهێناوە، لە تەوزیفکردنی شەپۆلی هۆش-دا لە ڕۆمان. نەمریی ئەم تێکستە لەو تایبەتمەندییەوە کە هەیەتی و ئەمەش بووەتە هۆی کاریگەریی بەجێهێشتن لە دوای خۆی کە تا هەنووکەش نووسەران لە هەوڵی لاساییکردنەوەی ئەو شێوازە فۆکنەرییەدان.
زۆرن ئەو تێکستە نەمرانەی ناتوانم لێرەدا باسیان بکەم، بەڵام ئەوەی نەمریی بۆ تێکستێک مسۆگەر دەکات تایبەتمەندییە، یان ئاوارتەبوونێکە، کە لە تێکستی دیکەدا بەدی ناکرێت، واتە جۆرێک لە تاقانەیبوونە، کە وا لە تێکستێک دەکات نەمر بێت.