د. نعمەت ئەحمەد مزووری
تەنها ڕێگایەکی تەنگ و باریک بۆ بنکەکە دەچوو. دژمن ڕەشاشێکی لە دەروازەی ئەو ڕێگایە دانابوو و بەرگرییەکی سەختی دەکرد. لەگەڵ ئەو دەستە پێشمەرگە قارەمانەدا، قارەمانێکی دڵسۆز و بەجەرگیش بوو کە لە کۆماری مەهاباددا بەشداریی کردبوو و یاوەری بارزانیی نەمر بۆ یەکەتیی سۆڤیەت بوو.
ناوی ئەو قارەمانە فەیزی وەسمان پێندرۆیی بوو؛ پیاوێک کە بە خۆڕاگری و بوێرییەکی بێوێنە، دواتر بووە نموونەیەکی زیندوو لە شکستهێنان بە مردن.
شەڕ دەستی پێ کرد. دەنگی تووپ و ڕەشاش و چەکە جۆراوجۆرەکان هەموو ناوچەکەی تەنییەوە و شاخەکان لە دەنگی شەڕ و تەقەدا دەناڵاندن؛ وەک باران گوللە دەبارین.
لە سەرەتای شەڕەکەدا، فەیزی پێندرۆیی بە سەختی بریندار کەوت. نە یەک فیشەک و نە دوو فیشەک؛ نۆ فیشەکی ڕەشاش پێی کەوت. برینەکەی ئەوەندە سەخت و گەورە بوو کە کەس باوەڕی نەبوو بتوانێت بمێنێت و بژیێت.
هیچ پێداویستییەکی پزیشکی لە بەردەستدا نەبوو؛ نە پارچەیەکی لەفاف هەبوو بۆ بەستنەوەی برینی پێشمەرگە، نە یەک دانە حەبی ئێشبڕ و ئازارشکێن.
پشتبێنی پێشمەرگە دەکرایە لەفاف بۆ بەستنەوەی برین و، ئێشبڕ و ئازارشکێنیش تەنها ئیرادەی بەهێزی خۆیان بوو. باشترین نەخۆشخانە بۆ حەوانەوە و چاکبوونەوەی پێشمەرگە بریندارەکان، ئەشکەوتەکانی شاخە سەرکەشەکانی کوردستان بوون.
تا دەهات شەڕەکە گەرمتر دەبوو. پاش شەڕێکی دەستەویەخە، هەردوو ڕەبایەکە بە تەواوەتی کەوتنە ژێر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکان. ئەوانەی توانییان هەڵبێن، هەڵهاتن؛ ئەوانی تریش کوژران یان بەدیل گیران.
دەسکەوتی ئەو چالاکییە، چەک و تەقەمەنییەکی زۆر بوو. پاش کۆتاییهاتنی شەڕ و کوژانەوەی ئاگرەکەی، پێویست بوو بیر لە گواستنەوەی بریندارەکان بکرێتەوە.
فەیزی پێندرۆیی، بەو برینە سەختانەیەوە، بەسەر شانی پێشمەرگەکانەوە گوێزرایەوە بۆ پشتبەرەکانی شەڕ. برینەکانی ئەوەندە سەخت بوون کە هەڤاڵەکانی وایان دەزانی شەهید بووە؛ تەنانەت بۆ ئەسپەردەکردن و ناشتنی، گۆڕیشیان هەڵکەندبوو.
لەو ساتەدا، شەهید عەبدولڕەحیم بانگی پێشمەرگەکانی کرد و گوتی: “دەست ڕاگرن! هێشتا زیندووە؛ هەناسە دەکێشێت!”
لەو کاتەدا، مردن بەرەو پاش چوو؛ نەیتوانی بەسەر ئەم قارەمانەدا زاڵ بێت.
لە ژێر دار و لە ناو ئەشکەوتەکاندا، بەبێ دەرمان و بەبێ پزیشک، تەنانەت بەبێ پێداویستییە سەرەتاییەکانی پزیشکی، بە چاودێرییەکی سەرەتایی، بەڵام بە باوەڕێکی زۆر قووڵ، زام و برینەکانی وردەوردە ساڕێژ بوونەوە.
جەستەی فەیزی بە گوللەکانی دژمن کونکون کرابوو، بەڵام ڕۆح و بیروباوەڕی وەک شاخێکی خۆڕاگر و پتەو مایەوە و بوو بە ڕەمزێکی سەرکەوتن و خۆڕاگریی گەلەکەمان.
لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، لە کاتی ئامادەکاریی چالاکییەکانی پێشمەرگەکاندا، ئیدریسی جوانەمەرگ ئەو بەسەرهاتەی وەک نموونەیەکی خۆڕاگری و ڕەمزی شانازیی کوردستان بۆ پێشمەرگەکان باس دەکرد.
دەیفەرموو: «فەیزی پێندرۆیی بە نۆ فیشەکی ڕەشاش بریندار کەوت و خۆی بە دەستەوە نەدا؛ تەسلیمی مردن نەبوو، لە مردن بەهێزتر بوو. ئەمری دەکرد: نەترسن! ئێمە لەسەر حەقین؛ بۆ ئازادیی گەلی کوردستان شەڕ دەکەین و داوای مافی ڕەوای خۆمان دەکەین.»
هەروەها دەیفەرموو: “فەیزی بە نۆ گوللەی ڕەشاش بریندار کرا، بێ دەرمان و بێ پزیشک و بێ تەداوی، ئێستاش لە ژیاندا ماوە. تا ئەجەل نەهێت، گوللە وەک بارانیش ببارێت، ئێمە لای خوای گەورە پارێزراوین.”
ئەم فەرموودانەی ئیدریسی جوانەمەرگ، ورە و هیوای پێشمەرگەکانی بەرز دەکردەوە و بەسەرهاتی فەیزی پێندرۆیی بوو بە چیرۆکێک لە خۆڕاگری و ئیرادە.
فەیزی پێندرۆیی، بەو برینە سەختانەوە، هەتا ساڵی ١٩٩٩ ژیا و پاشان بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێمان کرد.
بە برینداربوونی، تەنها جەستەی نەخستە ژێر کاریگەریی گوللەکان؛ بەڵکو ناوی خۆی لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەماندا بە زیندوویی جێهێشت. بوو بە ڕەمز و هێما و مایەی شانازیی گەلی کورد.
فەیزی وەسمان پێندرۆیی؛ ئەو پێشمەرگە قارەمانەیەی نۆ گوللەی ڕەشاش نەیتوانی لە ژیانی داببڕێ و، بەم شێوەیە، شکستی بە مردن هێنا.
ڕۆحی شاد و یاد و ناوی هەمیشە زیندوو بێت و، جێگای بەهەشتی بەرین بێت.

