رۆژنامەی ھەولێر

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتەوە لەبارەی (هەژماری من)

سێ ساڵ لەمەوبەر، بەڵێنمان دا کە لە ڕێگەی دەستپێشخەریی (هەژماری من) ەوە، دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە شێوازی نەختینەییەوە بگوازینەوە بۆ بانکە مۆڵەتپێدراوەکان. خۆشحاڵم کە ڕایدەگەیەنم، ئەم حەفتەیە یەک ملیۆن هاووڵاتی کە لە لیستی مووچەی حکومەتی هەرێمدان، مووچەکانیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی و لە ڕێگەی بانکە هاوبەشەکانەوە وەردەگرن، کە مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقن.

(هەژماری من ) بنەمایەکی گرنگ بوو لە پابەندبوونمان بە فراوانکردنی گشتگیریی دارایی کە دەستڕاگەیشتن بە قەرز و خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان بۆ هاووڵاتییان ئاسان دەکات و لە هەمان کاتدا ئاسانکاری بۆ حکومەت دەکات تاکوو پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەردەست بکات.

ئەمەش گۆڕانکارییەکی ئەرێنیی لە ژیانی یەک ملیۆن هاووڵاتیدا دروست کردووە. (هەژماری من ) سەربەخۆییەکی دارایی زیاتری پێبەخشیون و کۆنترۆڵی دارایی داوەتەوە دەست خۆیان و بەهۆی (هەژماری من)ەوە، ئێستا دەستیان بە بە تۆڕێکی فراوانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا دەگات کە بەردەوام لە گەشەکردندایە.

ڕۆژانی ڕاوەستانی زۆری هاووڵاتیان لەبەردەم باڵەخانە حکومییەکان و نۆرەی درێژ و چاوەڕوانی وەرگرتنی پارەی کاش کۆتایی هات.

سوپاسی هاووڵاتییان دەکەم بۆ پشوودرێژییان و سوپاسی بانکە هاوبەشەکانمان دەکەم بۆ پشتگیری و وەبەرهێنانیان لە سێ ساڵی ڕابردوودا. سوپاسی تیمی (هەژماری من)یش دەکەم بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان