رۆژنامەی ھەولێر

کەی دێی بەساقەی چاوتبم

خالید باشبڵاخی

 

دەڵێن ئەم پایزە دێی و..
تەمەنم نوێ دەکەیتەوە
بۆ ساتێکیش بێت، ئەم دڵەم
لە خەمت جوێ دەکەیتەوە
دەڵێن ئەم پایزە دێی و..
شەرابی شیعرم نۆش دەکەیت
عەتری ماچت دەپڕژێنی و
بۆنی ماڵەکەم خۆش دەکەیت.
دەڵێن ئەم پایزە دێی و..
بوخچەی ڕازت دەکەیتەوە
لەم لانەوازە بێنازە،
دەرگای نازت دەکەیتەوە.
دەڵێن ئەم پایزە دێی و..
پرچت دەکەیت بە ڕەشماڵم
دەبیت بە جوانترین تابلۆ،
بۆ نێو چوارچێوەی خەیاڵم
دەڵێن ئەم پایزە دێی و..
دەبیت بە چرای ژوورەکەم
شەوەکانم دەکەی بە ڕۆژ،
ئەی “خاتووزین”ە دوورەکەم!
دەڵێن ئەم پایزە دێی و..
شەوێک لام دەمێنیتەوە!
مەمکت لە نێو دەمی ساوای
حەزمدا دەتوێنیتەوە.
دەڵێن ئەم پایزە دێی و..
دەنووی لە پێڵووی چاومدا
هەردوو یەکدەگرنە ئامێز،
دەگەڵ ڕۆحی گریاومدا..
دەڵێن ئەم پایزە دێی و..
بەهاریش شەرمەزار دەکەیت
باخە چکۆلانەی دڵم،
لە خاری خەم بژار دەکەیت!
دەڵێن ئەم پایزە دێی و..
پیرێتیم لاو دەکەیتەوە
گرێکوێرەی خەمەکانم،
بە پەنجەت خاو دەکەیتەوە
دەڵێن ئەم پایزە دێی و..
دەبیت بە بەهرەی شیعری نوێم!
چپەی دەنگت وەک مۆسیقا،
دەڕژێنیتە نێو گەرووی گوێم
بە هاتنت باخی شیعری
“باشبڵاخی” چرۆ دەکات
کەی دێی بەساقەی چاوتبم،
وا غەم دڵم نغرۆ دەکات!