رۆژنامەی ھەولێر

یاریزانێکی لاو چاوەڕێی دەرفەتی تەمەنە لە ژێر هەژموون و باڵادەستیی ڕافینادا

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

هەمزە عەبدولکەریمی هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە دوای ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنەدا، کە هەینیی ڕابردوو گرێبەستێکیان لەگەڵدا واژۆ کرد، بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستی هێرشبەرە میسڕییەکە تا ساڵی 2030، بەوەش چاوەڕوانی داهاتوویەکی نوێی لە بەرشلۆنە لێ چاوەڕێ دەکرێت.

بە پێی ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی، هێرشبەرەکەی بەرشەلۆنە، بە هۆی سەرنجڕاکێشی و بەهرەوەرییەکەیەوە لە ماوەی ئامادەکاریی وەرزدا، چووەتە نێو پلانی یانەی بەرشلۆنە و لە سەرەتای وەرزیشدا ڕووبەڕووی ئەرکێکی قورس دەبێتەوە. بە هۆی ئەو ئاستە بەرزەی ڕافینای بەڕازیلی پێی دەردەکەوێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەمزە سەرەڕای ئەوەی هێرشبەرێکی سەرەڕمە، بەڵام بەهۆی ئاستە نایابەکانی یاریزانە بەڕازیلییەکە تا ئێستا دەرگای پێکهاتەی سەرەکیی بە ڕوودا داخراوە.
هێرشبەرە میسرییەکە لە یارییە فەرمییەکاندا تەنیا چوار خولەک یاریی کردووە، ئەویش (بەرانبەر ڕایۆ ڤالیکانۆ). بەڵام هەمزە- کە ئامادەکاریی پێش وەرزەکەی وەک گۆڵکاری تیپەکە کۆتایی پێ هێنا- وازناهێنێت و ڕادەست نابێ، چاوەڕێی ئەوە دەکات بگاتە پێکهاتەی بەرشلۆنە و بۆ ئەو مەبەستە هەموو هەوڵێک دەدات.
هانز فلیکی راهێنەری ئەڵمانی، ئاماژەی بە نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکەی کرد و سەرنجی خستە سەر ئەوەی، کە یاریزانە میسڕییەکە تایبەتمەندیی ناوازە دەخاتە ناو پێکهاتەکەیەوە. بەو پێیەی وەک هێرشبەرێکی سەرەڕم کە ئامادەیییەکی سەرکردانەی لە ناوچەی سزادا هەیە، خاوەنی تایبەتمەندییەکە کە جیاوازە لە هێرشبەرانی دیکەی یانە کەتەلۆنییەکە.
دووپاتی کردەوە، کە درێژکردنەوەی ماوەی گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠٣٠، وابەستەیی بەرشلۆنە بەو هێرشبەرەوە دەسەلمێنێ، کە یەکێک دەبێ لە هێرشبەرانی پلانی داهاتووی بەرشلۆنە، بەڵام یاریزانەکە تەنیا سەرنج و قسە و بایەخی ناوێ و دەیەوێ بە کردار ئەوە بسەلمێنێ.
هەمزە دەیەوێ بە زوویی خۆی بسەلمێنێ لە تیپەکەدا و هەموو ئەو هەلانە بقۆزێتەوە کە هانز فلیک پێی دەدا، وەکوو چۆن لە ماوەی هاوینی ڕابردوودا ئەو هەلەی لە یارییە دۆستانە و ئامادەکارییەکاندا پێ دا.
هەمزە ڕووبەڕووی بەربەستێکی گەورە دەبێتەوە، ئەویش بوونی رافینیایە، کە تا ئێستە لە هەموو ئەو یارییانەی بۆ بەرشلۆنە کردوویەتی لەم وەرزە گۆڵی تۆمار کردووە چ لە خولی تۆپی پێی ئیسپانیا، یان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا، کە ٨ گۆڵی تۆمار کردووە و ٦ی لە خولی ناوخۆیی و ٢ی لە پاڵەوانیەتیی کیشوەریدایە.