رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر لەپێناو گەڕانەوەی بۆ لوتکە دەجەنگێت

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لەم گەڕەی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی گازی باکووری شاری کەرکووک خزمەتێکی گەورەی بە یانە کوردستانییەکان کرد و رێگەی نەدا شوڕتە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەمەش شورتەی لە کێبڕکێکردنی یانەی هەولێر دوورخستەوە، ئەمەش دەرفەت بۆ یانەکەی پایتەختی کوردستان دەڕەخسێنێت ئەمڕۆ بە بردنەوە لە گەرمە بەگەڕێتەوە لوتکەی عێراق. لە یارییەکی دیکەشدا نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی جۆلان دەبێتەوە.

هەولێر و گەرمە لە یاریی لوتکە عێراق بەیەکدەگەن
ئەمڕۆ دووشەممە 13 ئەیلوولی 2026 لە گەڕی حەوتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری یانەی هەولێر میوانداریی یانەی گەرمە دەکات، هەر لایەکیان لەم یارییە براوە بێت لوتکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەگرێت.
یانەی گەرمە ئەم وەرزە لە لایەن بنەماڵەی حەلبوسی سەرۆکی حیزبی تەقەدوومی عێراق پاڵپشتی دەکرێت بۆ ئەوەی ئەم وەرزە ببێتە پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لەم پێناوەدا زۆرترین گۆڕانکاری کردووە.
هەولێر ئەم وەرزە بە راهێنەرایەتی لوئەی سەڵاح ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە م بە بردنەوە لە یارییەکەی ئەمڕۆی گەرمە پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە یانەی زەورا چۆل دەکات.
یانەی هەولێر ئەم وەرزە لە کۆی 6 یاری، 4 بردنەوە و 2 بەرامبەربوونی هەیە و 8 گۆڵی کردووە و تەنیا 1 گۆڵی لێکراوە، بەمەش هەولێر لەسەر ئاستی خولەکە تاکە یانەیە کەمترین گۆڵی لێکراوە. هەولێر بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ گەرمە لە پلەی سێیەم دێت.
لە لایەکی دیکەشەوە، گەرمە ئەم وەرزە بە ڕاهێنەرایەتی موئمین سلێمانی میسر 6 یاری کردووە، هاوشێوەی هەولێر هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ پلەی دووەمی گرتووە.
یانەی هەولێر لە مێرکاتۆی هاوینە، گرێبەستی 10 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێ کردووەتەوە، دەستبەرداری 15 یاریزان بووە، لە بەرامبەردا 14 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە و ئەم وەرزە کێبڕکێ لەسەر چوار ناسناو دەکات و بەشداریی لە چامپیۆنزلیگی کەنداو، سووپەری عێراق، خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی عێراق دەکات.

نەورۆز لەبەردەم دەرفەتێکی زێڕین دایە
ئەمڕۆ دووشەممە 13 ئەیلوولی 2026 لە گەڕی حەوتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی جۆلان کە ئەم وەرزە بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق سەرکەوتووە، یارییەکەش لە کاتژمێر 06:45 خولەک بەڕێوە دەچێت.
یانەی نەورۆز بە راهێنەرایەتی وەلی کەریم ئەم وەرزە ئاستی بەرەو هەڵکشان دەچێت، ئەم وەرزە لە کۆی 6 یاری 3 بردنەوە، 2 بەرامبەربوون و دۆڕانێکی هەیە و بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ پلەی پێنجەمی ریزبەندی گرتووە.
نەورۆز ئەم وەرزە خاوەنی هێڵێکی بەهێزی هێرشبەرانە لە کۆی 6 یاری 11 گۆڵیان کردووە و لە دوای یانەکانی زەورا و دیالا خاوەنی سێیەم بەهێزترین هێڵی پێشەوەیە.
لە بەرامبەردا جۆلان ئەم وەرزە ئاستی تاڕادەیەک جێگیرە و لە کۆی 6 یاری، 2 بردنەوە و 3 بەرامبەربوون و شکستێکی هەیە.
نەورۆز و جۆلان، لەئەگەری بردنەوەی هەرلایەکیان تیپەکە بەتەواوەتی لە چوار یانەکەی پێشەوەی ریزبەندی نزیک دەبێتەوە، بەرتایبەتی نەورۆز بە بردنەوە لە یارییەکە دەچێتە نێو ململانێی گەیشتن بە پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراق.